كاسرین زیتا جۆنز: سەرەڕای گرفتی تەندروستی لە بەختەوەرترین خێزاندا دەژیم

كاسرین زیتا جۆنز: سەرەڕای گرفتی تەندروستی لە بەختەوەرترین خێزاندا دەژیم
خانمە ئەكتەری ناسراوی بەریتانی كاسرین زیتا جۆنز لە 25ی سێپتێمبەری 1969 لەدایكبووە، سەرەتای دەركەوتنی لە رێگای شانۆ بوو، بەڵام ئەو هەر زوو خولیای هونەر بوو و خۆشەویستی خۆی بۆ هونەر بە چەندین شێواز دەربڕی، چونكە بەر لەوەی بگاتە تەمەنی 10 ساڵی گۆرانی وتووە و لە چەندین نمایشی سەمادا بەشداریی كردووە.
لە تەمەنی 15 ساڵیدا بووە سەركردەی تیپێكی ئۆركێسترا و لە سەرەتای نەوەدكانی سەدەی رابردوو لە زنجیرەیەكدا بەشداری كرد بە ناوی (The Darling Buds of May) دوای سەركەوتنی ئەم زنجیرەیە بوو بە یەكێك لە ناسراوترین ئەكتەرەكانی بەریتانیا، لە ساڵی 2000 ژیانی هاوسەری پێكهێنا لەگەڵ ئەكتەری ناسراوی هۆۆڵیۆد مایكڵ دۆگڵاس و خاوەن دوو منداڵن بە ناوەكانی (دیلان 16 ساڵ) و (كریس 13 ساڵ).

هاوسەرگیرییەكی چاوەڕوان نەكراو
هاوسەرگیری كاسرین و مایكڵ بەلای زۆر كەسەوە سەیر بوو و زۆربەشیان چاوەڕوان جیابوونەوەیان دەكرد، چونكە جیاوازی تەمەنیان (25 ساڵە)، بەڵام ئەوەی زیاتر مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە كاسرین چەندین جار رایگەیاندووە كە جیاوازی تەمەنیان هۆكارێكی سەرەكی ئاسوودەیی و سەركەوتنی ژیانی هاوسەرییانە و ئەو جیاوازییە هۆكاری زیاتر پەیوەست بوونیانە بە یەكتری هەرچەندە چەندین ئەكتەری دیكەی هۆڵیۆد پەیوەندییەكەیان هەر زوو شكستی هێناوە و بە كۆمەڵێك گرفتەوە جیابوونەتەوە، بەڵام پەیوەندی من و مایكڵ تەواو جیاوازە، رەنگە هۆكاری ئەم پەیوەندییە بە هێزەی نێوانمان ئەوە بێت كە ئێمە لە دوو شوێنی جیاواز كارمان كردووە و هیچ شتێك نەبووە كە ركابەریی لەسەر بكەین وەك ئەوەی زۆر لە ئەكتەرە هاوتەمەنەكان دەیكەن.
كاسرین بۆ دووپاتكردنەوەی سەركەوتنی هاوسەرگیرییەكەی و نەبوونی هیچ ركابەرێتییەك لەنێوان خۆی و مایكڵ دەڵێ: ئێمە بەو رۆڵانە رازی نابین كە بۆ ماوەیەكی زۆر لە یەكترمان دووربخاتەوە، هەروەها نامانەوێ بۆ ماوەیەكی زۆریش لە منداڵەكانمان دوور بكەوینەوە، پێویست من بە رۆڵێك رازی بم كە شەش مانگ بخایەنێت و مایكڵیش لە شوێنێكی دیكە رۆڵ ببینێت، چونكە ئێمە سەرەڕای ئەوەی یەكترمان زۆر خۆشدەوێت لە هەمان كاتدا منداڵیشمان هەیە و كاتێك من لە كار بم مایكڵ لەگەڵ منداڵانە و بە پێچەوانەشەوە و ئەگەر هیچمان كارمان نەبێت ئەوا لەگەڵ منداڵەكانمان كات بەسەر دەبەین.
فیلمی (ماسكی زۆرۆ) بە یەكێك لە سەركەوتووترین و خۆشەویستترین فیلمەكانی كاسرین دادەنرێت، چونكە لەم فیلمەدا بۆ یەكەم جار خۆشەویستەكەی خۆی بینی، ئەم فیلمە لە مەكسیك وێنەی گیرا، بەڵام لە كاتی وێنەگرتنی فیلمەكەدا كاسرین تەواوی ئەندامانی خێزانی لەگەڵ خۆیدا بردبوو بۆ ئەم مەبەستەش خانووەكی لە نزیك شوێنی وێنەگرتن بە كرێ گرتبوو بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزانی بتوانن زۆرترین كات لەگەڵیدا بن لەم بارەیەوە كاسرین دەڵێ: ئێمە خۆمان بە كەسانی زۆر ئاسایی دەزانین و دەمانەوێ هەمیشە بەو شێوەیە خەڵك بمانبینن و هیچ كاتێك هەستمان بەوە نەكردووە كە ئێمە بەشێكین لە جیهانی هۆڵیۆد.
ماوەیەك كاسرین دووچاری نەخۆشییەكی دەروونی سەخت هاتەوە، بەڵام ئەمە هیچ كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر ژیانی هاوسەرێتییان نەبوو، لەم بارەیەوە مایكڵ دەڵێ: زۆر كەس بیریان لەوە دەكردەوە كە رەنگە نەخۆشكەوتنی كاسرین پەیوەندی نێوانمان لاواز بكات یاخود هەر نەیهێڵێت، بەڵام ئەم نەخۆشییە بووە هۆی ئەوەی كە پەیوەندییەكەمان زۆر لە جاران بەهێزتر بێت، چونكە ئەو دژی نەخۆشییەكەی دەجەنگا منیش زیاتر هانم دەدا، بەڵام خۆی كەسێكی بەهێز و بێ وێنە بوو و توانی كۆنتڕۆڵی بارودۆخی خۆی بكات ئەمەش كارێكی دەگمەن و ناوازە بوو.
لە بەرامبەردا مایكڵیش تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بۆوە و دوای ماوەیەكی زۆر لە چارەسەر بە تەواوی لە نەخۆشییەكەی چاك بۆوە، ئەمەش دیسان بە هاندان و پشتگیری خزم و كەسانی بوو بەتایبەتی كاسرینی هاوسەری، لەم بارەیەوە مایكڵ دەڵێ: دوای چاكبوونەوەم من زۆر گەشبینم بە ژیان، تەنیا ئەوە ماوە كە مانگانە دەبێ سەردانی پزیشك بكەم بۆ ئەنجامدانی پشكنینی ئاسایی، لە كاتی تووشبوونم بەم نەخۆشییە كوشندەیە ئەندامانی خێزان و هاوڕێیان پشتیوانێكی بەهێزم بوون بەشێوەیەك كە من خۆم بڕوام بەمە نەدەكرد، ئەو كات زانیم خۆشەویستی ئەوان بۆ من چەند گرنگە بەتایبەتی كاسرین كە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو لێم دوور بكەوێتەوە هەرچەندە ئەو كات دەنگۆی زۆر دەربارەی جیابوونەوەمان هەبوو، مایكڵ لە بارەی نەخۆشییەكەیەوە زیاتر دەڵێ: سەرەتا وا بڵاوكرایەوە كە من تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی قوڕگ بوومەتەوە بەڵام لە راستیدا شێرپەنجەكەم لە زمان بوو، چاك بوونەوەم لەم نەخۆشییە و پشتگیری هاوسەرەكەم وایكرد كە من زۆر باشتر بم لە بواری نواندنەوە هەروەك چۆن نەخۆشكەوتنی كاسرین وایكرد پەیوەندی نێوانمان بەهێزتر بێت، بەتایبەتی كە ئێمە ماوەیەك جیابووینەوە بەهۆی ئەوەی نەخۆشییەكەمان لە یەك كاتدا بوو.
كاسرین بە یەكێك لە ئەكتەرە جوانەكانی هۆڵیۆد ناسراوە سەبارەت بە گرنگیدان بە جوانی خۆی كاسرین دەڵێ: بێگومان ئەو كرێمانە بەكاردەهێنم كە بۆ پێستی من پێویستن، بەپێی كات و توانام وەرزش ئەنجام دەدەم، هەروەها زۆر ئاو دەخۆمەوە وخۆ لە خواردنەوە گازییەكان بە دوور دەگرم و دەموچاویشم رۆژانە بە روونی ئەركان چەور دەكەم كە زۆر گرنگە بۆ وشك نەبوونی پێستی ئافرەتان و رێگا لە پەیدابوونی چرچ و لووچ دەگرێت.
Top