حەسەن شەریف: خاوەن فۆلكلۆرێکی دەوڵەمەندین، بۆیە پێویستە سوودی زیاتری لێ وەربگرین

حەسەن شەریف: خاوەن فۆلكلۆرێکی دەوڵەمەندین، بۆیە پێویستە سوودی زیاتری لێ وەربگرین
میللەتی كورد بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی دڕندەترین شێوەی كوشتن و بڕین و داگیركردنی خاك و نیشتمان بووەتەوە، لەو نێوەندەدا كەلتوورو هونەر و زمانی كورد هاوشانی تێكدانی گوندو شارو شارۆچكەكانی كوردستان رووبەڕووی هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوە و نەهێشتنی مۆركی كوردی بۆتەوە، چونكە دوژمن دركی بەوە دەكرد كە نەهێشتن و لەناوبردنی زمان هۆكارێكە بۆ سڕینەوە و كاڵكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی، هونەرمەند و شاعیرانیش دركیان بەوە كرد، بۆیە شان بەشانی برا پێشمەرگەكان بە درێژایی قۆناغەكانی خەباتی میللەتی كورد دەستیان بە خەبات كرد بۆ پاراستنی هونەر و زمانی كوردی، یەكێك لەو هونەرمەندانە كە شان بە شانی خەباتی پێشمەرگایەتی بە هونەریش دەستی كرد بە نووسینەوەی مێژوو و بەرگریكردن لە كەلتوور و زمانی كوردی هونەرمەندی شۆڕشگێڕ (حەسەن شەریف)ـە.

حەسەن شەریفی هونەرمەند بەم دواییە بەرهەمێكی نوێی بڵاوكردۆتەوە بە ناوی (كورد هاتن)و لەبارەی بەرهەمە نوێیەكەی دەڵێ: ئەمە یەكێك بوو لە هەڵبەستەكانی برای بەڕێزم كاك ئەمین بۆتانی كە تێكستەكانی لەنێو هونەری مندا بە روونی دیارن بەتایبەتی فەلسەفەكان، ئەم سروودە بۆ شادی و خۆشیی كورد وتراوە كە جوگرافیای رۆژهەڵات لەسەر دەستی ئەوانە، یان بەهەشتی ئازادی لەنێو دڵی ئەواندایە، ئەم تێكستە زۆر كاری لێكردم و یەكێكە لە سروودە دەوڵەمەندەكان كە پار وتوومانە، بەڵام تا ئێستا خەریكین كلیپێكی جوانی بۆ بكەین كە شایەنی سروودەكە بێت.
لەدوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان بەشێكی زۆری هونەرمەندان سروودی جۆراوجۆریان بۆ پێشمەرگە و كوردستان چڕی، هەندێكیان سروودی نوێیان گوت و هەندێكیشیان كۆنەكانیان بە شێوازێكی تازە نوێكردەوە، لەو بوارەدا حەسەن دەڵێ: لەئێستادا پێویستە هەموو كوردێك لەشوێنی خۆیەوە پشتگیری لەپێشمەرگە بكات، ئێمەی هونەرمەندیش بە گۆرانی و سروودەكانمان دەتوانین بەشداری لەو شەڕەدا بكەین، مەرجیش نییە هەموو سروودێك بە كلیپ بڵاوبكرێتەوە، بەڵام ئەگەر بڵاویش ببێتەوە پێویستە پابەندی هەندێك شت بێت، بۆ نموونە نابێ كلیپ ببێتە هۆكارێكی بۆ ئەوەی گیانی پێشمەرگە بكەوێتە مەترسییەوە، یان ببێتە هۆی ئەوەی بە كلیپەوە سەرقاڵ بن و لەئەنجامدانی ئەركی خۆیان خافڵ بن.
حەسەن شەریف دەربارەی خۆشویستنی هونەرو گۆرانی لەلایەن هونەرمەندان و چۆنیەتی سەركەوتنی كارەكانیان و قبوڵكردنی لای جەماوەر دەڵێ: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هونەرمەندە نەمرەكان دەبینین چەندین هونەرمەند و حەیران و لاوك بێژە كۆنەكان كە لەسەردەمێكی زوودا خزمەتی میللەتەكەیان كردووە لە رێگای هونەرەكەیانەوە كاتێك باسی شەڕو داستانە مێژووییەكانی میللەتەكەیان كردووە ئەم بەرهەمانەیان هەر بە زیندوویی دەمێننەوە لە سەردەمی بابوباپیرانمان و ئێمە و لە داهاتووشدا هەروا دەبن، ئێمەی کورد خاوەن فۆلكلۆرێکی دەوڵەمەندین. ئەگەر مرۆڤ چوارچێوەیەكی جوانی بۆ دروست بكات، رۆحێكی جیاواز دەبەخشێتە گۆرانییەكە. من لەگەڵ ئەوە نیم مرۆڤ كاری كۆن دووبارە بكاتەوە، ئێستا لە بەرهەمەكانی مندا دوو جۆر گۆرانی هەیە، یەكێكیان بەشێوەی سەردەمی ئێستا، ئەوی دیكەش فۆلكلۆرە، بەڵام بەشێوەیەكی مۆدێرن.
حەسەن شەریف خاوەن كەسایەتییەكی هونەریی بەرزەو ئەو بەرهەمانەی هەر لە سەردەمی پێشمەرگایەتییەوە پێشكەشی كردوون هەر لەگەڵ گوێگرتن لێیان هەست بە رەسەنایەتی هونەریی كوردی دەكەیت، بەتایبەتی ئەو گۆرانییانەی كە شیعری كلاسیك و هی شاعیرە ناودارەكانی كوردن، وەك فەقێی تەیران و ئەحمەدی خانی، لەهەمان كاتدا لە گۆرانییە نوێیەكانیشدا هەست دەكەیت هونەرمەندی نەوەی ئێستایەو لەگەڵ پێشكەوتن و گۆڕینی بیركردنەوەی نەوەی نوێ ئەویش هەوڵیداوە هونەرەكەی خۆی بگونجێنێت.
حەسەن شەریف دەربارەی كەسایەتیی هونەرمەند دەڵێت: مرۆڤ لە هەر شوێنێك و هەر زەمەنێك بێت، پێویستە لە قاڵبی كەسایەتیی خۆی دەرنەچێت و بیپارێزێت، من قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی میللەتی خۆم بینیوە لە پێشمەرگایەتی و شۆڕش و ئەنفال و دەربەدەری و ئاوارەیی، هەمیشە هەوڵمداوە حەسەن شەریف بم و كەسایەتیی خۆم پاراستووە، چونكە خەڵك لە تاكەكانەوە میللەت و ئاستی رۆشنبیری و پێشكەوتنی هەڵدەسەنگێنێت، بۆیە كە دەبینین كەسانێك وەك خۆیان نەماون و نەیانتوانیوە وەك پێویست خاوەن كەسایەتییەكی بەرز بن، ئەمانە سەنگی خۆیان و هونەری میللەتەكەیان لەدەست دەدەن و ئەمەش بۆ خودی ئەو كەسە دەگەڕێتەوە.
حەسەن شەریف دوای چەندین ساڵ لەوڵاتی غەریبی ئێستا لەکوردستان دەژی و سەرەڕای ئەوەش خاوەن جەماوەری تایبەتی خۆی بووە، لەم بارەوە دەڵێت: لەو ماوەی ئەو چەند ساڵەی كە لە ئەوروپا بەسەرم بردو سەردانی چەندین وڵاتم كرد، تێبینی ئەوەم كرد كە لە وڵاتاندا هەر هونەرمەندێك جەماوەری تایبەتیی خۆی هەیە، واتە هەر كەسێك گوێ لە جۆر و ستایلێكی تایبەتیی هونەری گۆرانی و مۆسیقا دەگرێت، لە هەمان كاتدا هونەرمەندانیش بەشێوەیەكی دیاریكراو گۆرانی دەڵێن و خاوەن ستایلی تایبەت بە خۆیانن، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناو میللەتی كورددا چەند دیاردەیەكی تایبەتی هەیە، هونەری من زیاتر لە بواری نەتەوەیی و فۆلكلۆریدا بووەو لەبەر ئەوەی میللەتەكەم بە چەند بارودۆخێكی ناسكدا تێپەڕیوە، من ناچار بووم مەلای جزیری و فەقێی تەیران لەگەڵ خۆمدا بە هونەر بیانژێنمەوە، لەوانەیە ئەوان لەتوانای من بەرزتر بوون و پێویستە كارێكی وا بكەم كە زیاتر ئەمانە بناسرێن و كارێكی هەمەڕەنگ پێشكەش بكەم، چونكە زۆر لە لاوەكانمان تەنانەت قوتابیانی زانكۆش نازانن، مەلای جزیری و عەلی حەریری و فەقێی تەیران كێن، من تەنیا دەمەوێ لە رێگای ئەم گۆرانییە كلاسیكییانە ئاشنایان بكەم بە كەلتووری رەسەنی خۆیان و لەبیری نەكەن.
Top