ئەلیكساندرا داداریۆ ئەكتەرێكی ئەمریكیی سەركەوتووە كە زۆر بە باشی رۆڵەكانی بەرجەستە دەكات، ساڵی 1986 لە شاری نیویۆرك لەدایكبووەو ساڵی 2002 بەشداریی لەیەكەم كاری هونەریدا كردووە، لەگشت ئەو فیلمانەی بەشداربووە توانیویەتی ببێتە مایەی سەرنجی دەرهێنەران و بەرهەمهێنەران، دوایین فیلمیشی (San Andreas) بوو كە رۆڵی پاڵەوانی تێدا بینی. ئەلیكساندرا پاڵەوانی فیلمی (San Andreas) كە یەكێك بوو لە فیلمە سەركەوتووەكانی ساڵی 2016 بەتایبەتی لە رووی بازرگانییەوە. لە بارەی فیلمی (San Andreas) ئەلیكساندرا دەڵێت: ئەم فیلمە یەكێكە لە كارە گرنگەكانی من و رۆڵی من تێیدا سەرەكی بوو و منیش بە شایەدی دەرهێنەر و بەشداربوونی فیلمەكە توانیم تا راددەیەكی زۆر سەركەوتوو بم و بە خاڵێكی وەرچەرخانی دەزانم لە ژیانی هونەری خۆمدا، چونكە فیلمەكە خۆی سەرنجڕاكێش بوو. لە بارەی كارەكانی داهاتووشی دەڵێ: بێگومان ئەو سەركەوتنەی فیلمی (San Andreas) بە دەستیهێنا تەنیا بۆ من ناگەڕێتەوە، بەڵكو تەواوی ستافی فیلمەكە رۆڵێكی سەرەكییان هەبوو، بەڵام ئەمە ئەركی منی قورستر كردووە، چونكە من یەكێك بووم لە ئەكتەرە سەركەوتووەكانی فیلمەكە، بۆیە پێویستە لە كارەكانی داهاتووم زیاتر خۆم ماندوو بكەم بۆ ئەوەی باشتر بێت و بەڵێنیش بە جەماوەر دەدەم. شایەنی باسە كە فیلمی (San Andreas) لە دەرهێنانی براد بیتۆن و لە پاڵەوانیەتی كۆلتون هاینزر، كارلا جوجینە، ئەلیكساندرا داداریو، دواین جۆنس، كیلی ماینۆگ و تەنیا لە هەفتەی یەكەمی نمایش كردنیدا نزیكەی 100 ملیۆن دۆلاری كۆكردەوە لە كاتێكی بودجەی گشتی فیلمەكە 110 ملیۆن دۆلار بوو. سەبارەت بە جوانكاری و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانكاری لەلایەن ئەستێرە سینەماییەكانەوە ئەلیكساندرا كە بە جوانییەكەی ناسراوە، دەڵێ: بێگومان لە داهاتوودا لەسەر دەموچاوی من چەند چرچ و لوچێك دەبینن، لەوانەیە ئێستاش لەسەر دەموچاوی من چەند چرچ و لوچێك ببینن، بەڵام شتێك هەیە لە ژیاندا كە پێوەندی بەو لوچانەوە هەیە و ئامادە نیم هیچ كاتێك ئەنجامی بدەم، ئەویش نەشتەرگەریی جوانكارییە هەرچەندە رەنگە دوور نییە بتوانم بە نەشتەرگەری ئەم لوچانە هیچ نەبێت كەمێك دوایانخەم، لە جیاتی ئەوەی خانمە ئەكتەرەكان بیر لە جوانكاری و چۆنیەتی دەركەوتنیان بكەنەوە، وا باشترە بیر لەوە بكەن چۆن لە رۆڵەكانیاندا سەركەوتوو دەبن و پێگەیەكی باشتر و بەهێزتر لە هۆڵیۆد بەدەست بهێنن شان بە شانی ئەكتەرە پیاوەكان. ئەلیكساندرا سەبارەت بە پێوەندیی نێوان ئەكتەرەكانی هۆڵیۆد ئەلیكساندرا دەڵێ: من زوو رووم لە نواندن كرد، ئەمەش وایكرد كە شارەزاییەكی زۆرم نەبێت، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت كە بەشی هەرەزۆری پێوەندی لە نێوان ئەو كەسانەی لە كەرتی نواندن كار دەكەن راشكاوانە نییە، بۆیە پێم سەیرە خەڵك وا بیر دەكەنەوە كە پێوەندیی باش و بەهێز لە نێوان ئەستێرەكانی هۆڵیۆد دا هەیە، چونكە زۆر جار نووسەر و رۆژنامەنووسان هەوڵ دەدەن وێنایەكی وا دەربارەی ئەستێرەكانی درووست بكەن گوایە ئەوان یەكتریان خۆشدەوێت و پێكەوە دەژین وەك ئەوەی بڵێی لە بەهەشتدان، بەڵام لە راستیدا وانییە و هەریەكیان دەیەوێت تایبەتمەندی و پێوەندییەكانی خۆی بپارێزێت. بەداخەوە لە ئێستادا خەڵك زۆر گرنگی بە بەڵینەكانی خۆیان نادەن، منیش ئەمەم پێ قبوڵ ناكرێ مردنم پێ باشترە لەوەی ناپاكی بەرامبەر بە هیچ كەسێك بكەم، بۆیە هاوڕێكانم سنووردارن. هەر سەبارەت بە پێوەندی نێوان خۆی و ئەكتەران دەڵێ: ئەكتەری سەركەوتوو بە توانا و لێهاتوویی خۆی دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت و كارێكی وا دەكات كە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەران بەدوایدا بگەڕێن، بۆیە پێویستە ئەكتەر تەنیا بیر لە خۆی بكاتەوە، من یەكێكم لەو ئەكتەرانەی كە نامەوێ بە هیچ شێوەیەك ركابەرێتی كەس بكەم و ئەگەر كەسێك هەبێت ركابەرێتیی بكەم ئەوە تەنیا خۆمم، چونكە من بەدوای هەڵەكانی خۆمدا دەگەڕێم و هەوڵ دەدەم چارەسەریان بكەم و ئەو رۆڵەی پێم دەسپێردرێ بە باشترین شێوە بەرجەستەی بكەم لە هەمان كاتدا هەوڵ دەدەم سوود لە خاڵە بەهێزەكانی ئەكتەرانی دیكە وەربگرم بۆ ئەوەی بۆ خۆم سوودیان لێ وەربگرم، نەك بچمە بزانم خاڵە لاوازەكانی ئەكتەرانی دیكە چین و باسیان بكەم بێ ئەوەی خاڵەكانی خۆم لەبەرچاو بێت. سەبارەت بە رۆژنامەنووسان كە زۆر جار دەبنە هۆی بێزاركردنی ئەكتەران بەتایبەت كاتێك لە كارە هونەرییەكانیان دوور دەكەونەوە و باسی شتی دیكە دەكەن، ئەلیكساندرا دەڵێ: رۆژنامەنووس و نووسەران هۆكاری سەرەكین لە سەركەوتنی هونەرمەندان و كارە هونەرییەكانیان، بەڵام بەداخەوە بەشێكی زۆر رۆژنامەنووسان تەنیا بۆ پەیدا كردنی ناو و فرۆشتنی رۆژنامە و گۆڤارەكانیان گرنگی زیاتر بە هەواڵەكانی ژیانی تایبەتی هونەرمەندان دەدەن، چونكە دەزانن جەماوەر بە تامەزۆرییەوە بە دوای هەواڵی ئەستێرەكان دا دەگەڕێت و بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە دەبێتە هۆی گەرم بوونی بازاڕیان، من بۆ خۆم تا ئێستا رووبەڕووی هیچ شتێكی لەم شێوەیە نەبوومەتەوە لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە، بەڵام هەست بەو ئازارە دەكەم كە ئەكتەران لەم رووەوە دەیچێژن و دڵنیام رۆژێك لە رۆژان منیش تووشی ئەم بارودۆخە دەبمەوە، بەڵام لە ئێستاوە بڕیارەمداوە تا بۆم بكرێت وەڵامیان نادەمەوە، چونك وەڵام نەدانەوە باشترین وەڵامە بۆ ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە. سەبارەت بە رۆڵی پاڵەوانیەتی و پێویستی خۆڕووتكردنەوە، یان ورووژاندن ئەلیكساندرا دەڵێ: من نامەوێ رۆڵی وروژێنەر و رووت ببینم و رەتی دەكەمەوە، چونكە نامەوێ لە دوای چەند ساڵی دیكە رۆڵە و نەوەكانم بەو شێوەیە بمبینن، هەروەها ئێستا ناوەڕۆكی زۆربەی فیلمەكان پێویستیان بەو جۆرە رۆڵانە نییە.