ئیسماعیل خەیات: رەخـــــنەی شــــێوەكاری هەر بوونی نییە

ئیسماعیل خەیات: رەخـــــنەی شــــێوەكاری  هەر بوونی نییە
ئیسماعیل خەیات لەساڵی (1944) لە خانەقین لەدایك بووەو خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی تەوا كردووە و ئەندامە لە كۆمەڵەی شێوەكارانی عێراق و كۆمەڵەی شێوەكارانی جیهان (I.A.A).بەشداری زیاتر لە شەست پێشانگای هاوبەشی لە (شارەكانی كوردستان، بەغدا، سووریا، ئەردەن، رووسیا، ئەوروپای رۆژهەڵات، كۆریای باشوور، ژاپۆن، فەرەنسا، سوید، نەمسا، سویسرا، دانیمارك، ئەمریكا و ئەڵمانیا) كردووەو ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە لە بواری شێوەكارییدا كاردەكات و دەیان پێشەنگای شێوەكاری لەدەرەوەو ناوخۆی كوردستان كردووەتەوە، خاوەن رێچكەیەكی هونەری شێوەكاری تایبەت بەخۆیەتی و چالاكی هەبووە لە بواری دیكۆركێشان، هێڵكاری و دیزاینی نێو كتێب و رۆژنامەو گۆڤارەكان، بەنیازە بەم زووانە لە وڵاتی هەنگاریا وۆركشۆپێك بكاتەوە بۆ چۆنیەتی نەخش ونیگاركردنی سەر بەرد.


سەبارەت بەوەی كە ئایا دوای تەمەنێكی زۆر لەگەڵ فڵچە و بۆیاغ، هەست بە ماندووبوون ناكات، ئیسماعیل خەیات دەڵێت: هەرچەندە ئێستا تەمەنێكی زۆرم بەسەربردووە، بەڵام گڕوهێزم لە جاران باشترەو هەموو جار هەستدەكەم زۆر پێویستیم بە وێنەكێشانە، چونكە وا هەستدەكەم وەكو گەنجێك وێنە دەكێشم و بەدوای شتە تازەكاندا دەگەڕێم، بەو تەمەنەوە زیاتر لەجاران كار دەكەم، عەشقم بۆ هونەر گەورەتر بووە، بەهیوام ئەوەم ئەم تەمەنەم درێژەی هەبێت، تا بتوانم بەرهەمی باشتر پێشكەش بە گەل و وڵاتەكەم بكەم .

هونەری شێوەكاری كوردی ئەگەرچی بە بەراورد لەگەڵ ژانرە هونەرییەكانی دیكە وەكو پێویست پێشڤەچوونی بەخۆیەوە نەبینیوە ئەمەش رەنگە لەبەر تایبەتمەندی ئەم هونەرە بێت، سەبارەت بەم پرسە ئاستی هونەری شێوەكاری كوردی لە نێو هونەری وڵاتان دەڵێت:هونەری شێوەكاری كوردی رۆڵێكی هەیە، هەندێكیان لەئاستێكی باشدان و هەندێ جاریش تێكەڵكردنێك دروست دەبێت لەلایەن ئەو هونەرمەندە باشانەوە، بەڵام بزاڤی رەخنەی شێوەكاری هەر بوونی نییە، بەڵام دەكرێت هیوامان بەوە بێت هونەری هونەرمەندە باشەكان هەر پێشكەوێت و كاریگەری باشیان هەبێ لەسەر نەوەی دوای خۆیان، مێژووی هونەری شێوەكاری زۆر كورتە، ئەگەر بەراوردێكی پێ بكەین لەگەڵ ئەو وڵاتە پێشكەوتووانە، بەڵام هیوام زۆر بەهونەری شێوەكاری كوردی هەیە وەكو ئێستا هەندێ هونەرمەند ئاستی هونەرییان زۆر باشە و هیوام وایە باشترین و جوانترین و بەرزترین گوزارشت لەخاكەكەیان بكەن.

ئافرەت و كێشەكانی و گوزارشتكردن لەخەمەكانی ئافرەتی كورد هەمیشە بابەتێكی گرنگی نێو هونەری شێوەكاری كوردی بووە، دەربارەی پێگە و گرنگی ئافرەت لە كارەكانیدا دەڵێت ئیسماعیل خەیات دەڵێت:ئافرەت تاكو ئێستا پانتاییەكی زۆر داگیر كردووە لە كارە هونەریەكانم، ئەو سەردەمەی كە بە سەردەمی زێڕینی كارە هێڵكارییەكانم بوو ئافرەت بەشێوەیەكی رەمزی و تەعبیری لە هەندێك لە كارەكانمدا دەردەكەوت و لە ساڵی 1975 كە ئەو كات پێیان دەگوت ساڵی ئافرەتانی جیهانی، چونكە كۆنگرەیەكی جیهانی لەو ساڵەدا ئەنجامدار، من ئەو كات پیشانگایەكی تایبەتم لە زانكۆی سلێمانی بەو بۆنەیە ساز كرد، ئەمەش بەڵگەی ئەوەی كە وێنەكێشانی ئافرەت وەك شتێكی سەرەكی جێگای خۆی كردبۆوە لە كارە هونەرییەكانمدا، دوای ئەو و پێش ئەویش ئافرەت هەر زیندوو بووە لەكارەكانی مندا، بەڵام دوای ساڵانی نەوەدەكان و تا 2000 زۆر بە چڕی و بەردەوام شێوەی وەكو رەمز بەكار دەهێنم وەكو دایك، خوشك، خۆشەویست، هاوسەر، واتە وەك بابەتێكی جوان و زۆر گرنگ لەم دنیایە پانتاییەكی زۆر زۆر گەورەتری داگیركردووە لە هونەرەكەم، ئەوەی كارە تازەكانم ببینێت زۆر بە روونی هەست دەكات كە وێنەی ئافرەت دەردەكەوێت، هەندێك جار ئەم وێنەیە تێكەڵ دەكەم لەگەڵ شێوەی جەستە و رەنگ و رووی ئافرەت، لەگەڵ سروشت و شاخ و چیاكان، هەندێك جاریش تێكەڵی دەكەم بە بابەتی ماسی و باڵندە و بگرە مۆسیقاش، هەوڵ دەدەم بە تێكەڵكردنی ئەم بابەتانە هارمۆنیك دروست بكەم و لە هونەرەكەمدا دەركەوێت.

هونەری شێوەكاری وێنەكێشان و بەشەكانی دیكەش هونەرێكی بێ سنوورن، زمانێكە هەموو مرۆڤێك تام و چێژی لێوەردەگرێت، هەموو مرۆڤێك تێڕامانی هەیە بۆ ئەم بەرهەمە، لەبەر ئەوە زۆر جار هونەری شێوەكاری وێنە هەموو چاوێكی دنیا دەخوێنێتەوە، ئەگەر زانیاری هەبێت لەسەر خاك و مێژووی ئەو وڵاتانە، هونەر دەرگای كراوەیە بۆ هەموو مرۆڤێك، بۆ نموونە وەكو ئەدەب نییە ئەگەر یەكێك زمانی ئەدەب نەزانێت ئەو چێژە وەرناگرێت، بە هەر حاڵ من تاقیكردنەوەیەكم هەبووە، شتم نمایش كردوە و كاریگەری خۆی هەبووە وێڕای جیاوازی نەژاد و نەتەوە و جوگرافیا.
خۆشەویستی نێوان هونەری شێوەكاری و ئیسماعیل خەیات بێ سنورە لە بارەیەوە دەڵێ: هەڵبەتە ئەوەی من كاری لە سەر دەكەم، بەفڵچە و رەنگ و قەڵەمەكانیش هەمووی كەرەستەیەكی زۆر پیرۆزن، بەشێكن لەژیانی من، رۆژ بە رۆژیش بیرۆكەی تازەم بۆ دێت، هەمیشە هونەرمەندی باش دەتوانێ بابەتی باش بدۆزێتەوە، لەبەر ئەوە من وا هەستدەكەم لە دنیای وێنەكێشان، هەموو هونەرمەندە باشەكان هیوا و ئاواتیان لە بن نایە، لەبەر ئەوە منیش وەكو هونەرمەندێكی كورد ئاواتم زۆرە، بە هیوام هونەرمەندانی كوردیش هەروا بن و لە رووی تەكنیكەوە بەرەو پێش بچن ببن بە مایەی شانازی بۆ گەلی كورد.
من لە كارەكانمدا هەرگیز تێنوویەتیم ناشكێت و بە بەردەوامی خەیاڵم بۆ شتی باشتر دەچێت، وەك رۆژانە پێویستیم بەئاوە، ئاواش بە حەسرەتی كاركردنم، بە هیواشم تا ئێستا توانیبێتم شتێكی باشم كردبێت.
Top