ئالین یەكەم جارە گۆرانییەكی كوردی ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنێت

ئالین یەكەم جارە گۆرانییەكی كوردی ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنێت
ئالین بە گۆرانی (وڵات) خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێی (الاغنیة الملتزمة)ی لەمەغریب بەدەستهێنا

وڵات یەكێكە لە گۆرانییە سەركەوتووەكانی خانمە گۆرانیبێژی رۆژئاوای كوردستان (ئالین)، كە توانیی خەڵاتی یەكەم لە پێشبڕكێی (الاغنیة الملتزمة) ببیاتەوە كە لە شاری (فاس)ی شانشینی مەغریب ساز كرا بوو لەلایەن ژمارەیەك رێكخراوی هونەری و رۆشنبیری ناسراوی وڵاتی مەغریب و بە سەرپەرشتی هونەرمەندی ناسراوی مەغریبی ئەمازیغی ناسراو (سەعیدە فكری) بوو .

لەم پێشبڕكێیەدا (60) گۆرانی لە وڵاتە جیاجیاكان بەشدار بوون و لە كۆتاییدا گۆرانی (وڵات)ی ئالین خەڵاتی یەكەمی بەدەستهێنا، ئەمەش یەكەم جارە گۆرانییەكی كوردی خەڵاتێكی گەورەی لەم جۆرە لە وڵاتی مەغریب بەدەست دەهێنێت.

ئالین لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان رایگەیاند، وەك بەرهەمەكانی پێشووی ئەم خەڵاتە پێشكەش بە هێزی پێشمەرگە دەكات كە لەهەموو لایەكەوە دژی تیرۆریستانی داعش وەستانەوەو توانییان بە گیانفیدایی و قوربانیدانیان خاكی وڵات لە تیرۆریستان بپارێزن و ئەو ناوچانەی كە دوژمن دەستی بەسەرداگرتبوون، رزگاری بكەنەوە.
خانمە هونەرمەند ئالین، بەر لە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان، ژمارەیەك سروودی نیشتمانی پێشكەش بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە، لەوانە (ئەی فەلەك، پێشمەرگە، وڵات، چیا بەفر و دومانە) بەم دواییەش سروودێكی دیكەی بە هەردوو زمانی كوردی و ئەڵمانی بڵاوكردەوە وەك دیاری و وەفایەك بۆ وڵاتی ئەڵمانیا لە بری ئەو هاوكارییە سەربازییە و پشتگیریكردنی بەردەوام لە پێشمەرگە پێشكەشی وڵاتی گەل و حكومەتی ئەڵمانیای كرد، لەم بارەیەوە ئالین دەڵێ: بەر لەوەی تیرۆریستانی داعش هێرش بكەنە سەر كوردستان، من وەك ئەركێكی سەرشانی خۆم بە چەند سروودێكی نیشتمانی پشتیوانی خۆم بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی. پەیامی من لەم كارە هونەرییە نیشتمانییە بریتییە لە یەكڕیزیی كورد لە هەموو پارچەكان، چونكە دوژمنان لە هەموو لایەكەوە دەوریان داوین و هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی نێوانمان دەدەن، بۆیە من وەك كوردێك داوای ئاشتی و برایەتی و یەكێتی نێوان رۆڵەكانی كوردستان دەكەم، چونكە تەنیا بە تەبایی و یەكڕیزی بە ئامانجەكانمان دەگەین.

ئالین كە نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە بەر لە هێرشی تیرۆریستانی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان، نامەیەكی ئاراستەی ئەنگێلا مێركلی راوێژكاری ئەڵمانیا كردو تێیدا داوای كرد ئەڵمانیا پشتیوانی لە كورد بكات و داعشی بە دوژمنی مرۆڤایەتی وەسف كرد، لە هەمان كاتدا هۆشداریی دا بۆ مەترسی داعش كە بگاتە ئەوروپا و هەڕەشە لە ئاسایشی ئەوروپا بەگشتی بكات، لە هەمان كاتدا پرۆژەیەكی هونەریشی ئامادە كرد بۆ پشتیوانیكردن لەپێشمەرگە و وەك سوپاسگوزارییەك بۆ گەل و حكومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بەو هاوكارییانەی پێشكەش بە گەلی كوردستانیان كردووە لە شەڕی داعش، ئەم پرۆژە هونەرییەش بریتی بوو لە گۆرانی (یەكێتیا كوردان)، لە وەڵامی نامەكەی (ئالین)دا رۆژی 19/08/2015 لە نامەیەكدا خاتوو مێركل پشتگیریی خۆی بۆ پرۆژەكەی دەربڕی، لە نامەكەیدا دكتۆرە ئەنگێلا مێركل دەڵێ: (پرۆژەكەتان كە تێیدا مەترسییەكانی داعشتان لەسەر جیهان دیاری كردبوو، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر من هەبوو، لە هەمان كاتدا وای دەبینم كە خەبات هونەری و هونەرمەندان لەسەر ئەم مەسەلەیە مایەی شانازییەو گرنگییەكی تایبەتی و شەخسی لەلای من هەیە، چونكە هونەرمەندان لە پەیامەكەیاندا داوا لە گەنجە موسڵمانەكان دەكەن لە تیرۆر و تیرۆریستان دوور بكەونەوە و لە تیرۆر رزگاریان دەكات، چونكە ئێستا خەریكە تیرۆر دەبێتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی لە سەدەی بیست و یەكەم، لە هەمان كاتدا وەك ئاماژەتان پێكردووە هەرەشەیە لەسەر جیهان بە گشتی و بەشێوەیەكی دڕندانە چەندین كەس لە گەنج و پیر و ئافرەت و منداڵ دەبنە قوربانی. من پشتیوانی تەواوی پرۆژە هونەرییەكەتان و پرۆژەكانی داهاتووشت دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم)، هەروەها جگە لە مێركل پڕۆفیسۆر مۆنیكا كرۆتیرۆس وەزیری رۆشنبیری وراگەیاندنی ئەڵمانیا بەشێوەیەكی فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژە هونەرییەكەی ئالین دەربڕی، و ف. زیل وتەبێژی فەرمی حكومەتی ئەڵمانیا لە رۆژی 13/08/2015 ستایشی ئەم پرۆژە هونەرییە هاوبەشەیان كرد.
شایەنی باسە گۆرانی (وڵات) كە لە تێكستی شاعیری ناسراوی كورد (ئەدیب چەلكی)یە، باس لە خۆشەویستیی وڵات و ئەو تراژیدیا و كارەساتانە دەكات كە بەسەر میللەتەكەماندا هاتوون لە ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجەوە تا دەگاتە كارەساتی داگیركردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە. رۆژی 23/10/2016 لە ئاهەنگێكی گەورە كە بەبونەی كۆتاییهاتنی پێشبڕكێیەكە لە شاری فاس ساز كرا بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتی هونەری و رۆشنبیر و نووسەرانی چەندین وڵات خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێیەكە لە رێگای كونسوڵی گشتی عێراق لە مەغریب پێشكەش بە خانمە هونەرمەند (ئالین) كرا.
Top