ئەنۆشكا گرفتی بۆ ژمارەیەك قوتابی هندستان دروستكردووە

ئەنۆشكا گرفتی بۆ ژمارەیەك قوتابی هندستان دروستكردووە
ژمارەیەك قوتابی پۆلی نۆیەم لە قوتابخانەیەكی هیندستان گلەییان لە پرسیارێكی تایبەت بە پەروەردەی وەرزشی كردو لە هەمان كاتدا سەرسوڕمانی خۆیان لە پرسیارەكە دەربڕی، چونكە بە هیچ شێوەیەك پیوەندییان بەو بابەتانەوە نەبووە كە ئەوان لە ماوەی یەك ساڵی خوێندنەوە خۆیان پێوە ماندوو كردووە و خوێندوویانە.
پرسیارەكە لە قوتابخانەیەكی ناوەندی دەڤەری تشاتشای هیندستانەوە هاتبوو و لەو پرسیارەی كە قوتابیانی گلەییان لێی هەبوو ناوی خانمە ئەكتەری ناسراوی بۆڵیۆد ئەنوشكا شارما هاتبوو هەرچەندە هیچ پیوەندییەكی بە پەروەردەی وەرزشییەوە نییە و لە بەشی پڕكردنەوەی بۆشایی هاتبوو و پرسیارەكەش بەم شێوەیە بوو (ناوی هاوڕێی فیرات كولیی چییە، هەڵبژاردنەكانیش بریتی بوون لە ( بریانكا، ئەنۆشكا، دیبیكا).
هەركەسێك لە هیندستان ئەگەر هەواداری سینەما یان یاریی كریكێت بێت ئەوە دەزانێت كە لە ساڵی 2013ەوە ئەنۆشكا هاوڕێی فیرات كولیی كاپتنی هەڵبژاردەی هیندستانە، چونكە ئەم دووانە بە هۆی پەیوەندیی خۆشەویستییان بەردەوام هەواڵی گەرمی رۆژنامەنووسان بوون.
Top