سەوسەن ئەلسەید: بوونی ئافرەتی كورد لە مەیدانی هونەرو جوانیدا مایەی خۆشحاڵییە

سەوسەن ئەلسەید: بوونی ئافرەتی  كورد لە مەیدانی هونەرو جوانیدا مایەی خۆشحاڵییە
مارەی ئەو ئافرەتانە زۆر كەمن كە توانیویانە وەك سەوسەن ئەلسەید لە چەندین بواری جیاجیادا سەركەوتن بەدەست بهێنن، ساڵی 1984 نازناوی شاجوانی لوبنانی بەدەستهێناو لەو كاتەوە بۆتە كەسێكی ناسراو لە بواری جوانیی مۆدە و جوانی، هەرچەندە ئەو سەرەتا میدیاكار و وەرزشكار بووە، بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لەبەردەمی بۆ بەردەوامبوون لە بواری جوانكاری، بۆیە دەزگایەكی دامەزراند بەناوی دەزگای سەوسەن ئەلسەید بۆ میدیا و میهرەجانەكانی جوانی، پێش ماوەیەكیش سەردانی كوردستانی كردبوو بۆ سازكردنی ئاهەنگێكی تایبەت بە مۆدە و جوانی بە بەشداری چەندین شاجوان، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كردو بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* هۆكاری سەردانەكەت بۆ كوردستان چی بوو؟
- هۆكاری سەرەكیم سازكردنی ئاهەنگێكی تایبەت بوو بە جوانی و مۆدە لە شاری سلێمانی، پێشتریش لە هەولێر چالاكییەكی هاوشێوەمان هەبوو، هەروەها هەستاین بە رێزلێنان و خەڵاتكردنی چەند كەسایەتی و بیزنسمانێكی كوردستان لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی.
* چی وای لێكردی لە كوردستان كار بكەی؟
- بەر لە هاتنم بۆ كوردستان برایەكم لە هەولێر كاری دەكردو هەمیشە وەسفی كوردستان و بارودۆخەكەی بۆ دەكردم لە رووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، ئەوەی براكەم بۆ باس دەكردم جیاواز بوو لەوەی لە میدیاكان گوێم لێدەبوو، چونكە من گوێم لەوە دەبوو كە جەنگ و وێرانی و ئاژاوە هەیە، بەڵام كاتێك هاتم و لە نزیكەوە بارودۆخەكەم بینی بەجۆرێك بوو كە بە هیچ شێوەیەك پێشبینیم نەدەكرد، چونكە سەرەڕای بارودۆخی سەخت و قەیرانی ئابووری، بەڵام ژیان و خۆشەویستیی خەڵك بۆ ژیان بەردەوامە، خەڵكی ئێرە زۆر رێز لە هونەر و جوانی دەگرن و سەرەڕای هەموو شتێك گەشبینن بە داهاتوویان.
* بۆچوونت دەربارەی ئافرەتی كورد چۆنە؟
- بە گوێرەی ئەوەی بیستبووم و دوای هاتنم بۆ كوردستان لە نزیكەوە هەستم بەوە كرد كە ئافرەتی كورد خەباتگێڕە لە هەموو مەیدانەكانی ژیان و شان بە شانی پیاوان ملی ناوەتە بەر سەختی و نەهامەتییەكانی ژیان، چونكە تاكی كورد بە سەختی زۆریان بینیوە، ئافرەتی كورد كەسێكە ژیانی خۆشدەوێ و ژیانی هاوسەرگیری بە پیرۆز سەیر دەكات، بۆیە دەبینین لە یەك كاتدا دایك، ئەندازیار، مامۆستا، پزیشكە ئەمەش مایەی رێز لێنانە، من سەرسامم بە كەسایەتی ئافرەتی كورد، ئێمەش لە لوبنان زۆر ئەزموونی سەخت و تاڵمان بینیوە كە زۆر نزیكە لەوەی ئێوەی پێیدا تێپەڕیون لە كوردستان لە شەڕ و وێرانی، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش بەردەوام بووین لە ژیان تا گەیشتینە ئەوەی ئێستا ئێمە تێیداین.
* ئەی لە بواری جوانی و جلوبەرگ و مۆدەوە؟
- گومانی تێدا نییە كە هەموو ئافرەتێك گرنگی بە جوانی و جلوبەرگی خۆی دەدات، بەڵام شێواز و كەشوهەوا و كەلتووریان جیاوازە، ئافرەتی كوردیش لەم شتە بە دوور نییە، بە دڵنیاییەوە هەنگاوی زۆری ناوە لەو بوارەوە ئەگەرچی رەنگە تا ئێستا نەگەیشتبێتە ئەو ئاستەی كە خۆی دەیەوێ و هەنگاوەكانیشی بەردەوامن، بەڵام توانیوتی بوونی خۆی بسەلمێنێ لە هەموو مەیدانەكانی ژیانی بۆیە ئێستا دەیبینین لە بواری هونەر و جوانكاری ئەمەش مایەی گەشبینییە.
* بە حوكمی ئەزموونت لە بواری مۆدە و جوانكاری چ جیاوازییەك لە نێوان ئافرەتی كورد و ئافرەتانی و وڵاتانی كەنداو دەبینی؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێ كە جیاوازی هەیە ئەمەش جیاوازی نێوان كۆمەڵگەی كەنداو و كۆمەڵگەی كوردستان دەگەڕێتەوە لە رووی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و لە هەموویشی گرنگتر بواری ئابووری، چونكە ئافرەتی كەنداو بەشێكی زۆری بودجەی خۆی بۆ جوانی و جلوبەرگ تەرخان دەكات، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نییە كە لە پێش ئافرەتی كوردەوەیە، بەڵكو لایەنی ئابووری دارایی باشتر و سەقامگیرترە لە ئافرەتی كوردی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش وەك پێشتر ئاماژەم پێدا ئافرەتی كورد لە هەموو بوارەكانی ژیان هەنگاوی زۆری ناوە.
* میللەتی كوردت چۆن بینی؟
- لە كوردستان زۆر شت سەرنجی راكێشاوم، هەر كاتێك سەردانی بكەم هەست دەكەم لە وڵاتی خۆمم، هەموو شتێكی ئەم وڵاتە جوانە لە سروشت و ژینگە و كەش و هەو، لەمەش زیاتر گەلی كورد میوان دۆست و زۆر رێزی میوانەكانی دەگرێت، لە یەزدانی مەزن داواكارم كە ئەم وڵاتە زیاتر ئاوەدان بێت و ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری هەتا هەتایە تێیدا بەرقرار بێت.
* چ ئامۆژگایەكت بۆ شاجوانەكان هەیە؟
- پێیان دەڵێم دووركەونەوە لە لەخۆبایی بوون و هەوڵ بدەن بچنە نێو ناخی كۆمەڵگە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بەجۆرێك شوێن دەستتان دیار بێت، چونكە ناكرێ كچێك دوای ئەوەی تاجەكەی لەسەر نا ئیتر لەبەرچاوان ون بێت و دووبارە نەبینرێتەوە.
* ئێستا پێوەندیت لەگەڵ وەرزش چۆنە؟
- من ئێستاو هەمیشە لە وەرزش دانەبڕاوم و گرنگی پێدەدەم، رۆژانە وەرزش ئەنجام دەدم، هاوكاری بەردەوامی كوڕەكەمم كە یاریزانێكی بە توانای تۆپی سەبەتەیە و پاشەڕۆژێكی پرشنگدار چاوەڕێی دەكات لە بواری وەزرش.
* دوایین كار و چالاكییەكانت چین؟
- دوای ئاهەنگی سلێمانی ئێستا خەریكی خۆئامادەكردنم بۆ ئاهەنگێكی گەورە لە شاری هەولێر، لە بواری راگەیاندنیشدا من بەردەوامم لە پێشكەش كردنی بەرنامەی (میوانەكان سەوسەن) لە كەناڵی (المراة العربیة).
Top