بۆنام هیچ رۆڵێك ئاسان نییە

بۆنام هیچ رۆڵێك ئاسان نییە
هەرچەندە بۆنام یەكێكە لە ئەكتەرە سەركەوتووەكانی بۆڵیۆدو لە چەندین فیلمدا رۆڵی سەرەكی بینیوەو خاوەن جەماوەرو هەواداری زۆرەو متمانەی زۆریان بەئەستێرەكەیان هەیە لە هەر رۆڵێكدا كە پێی بسپێردرێت، بەڵام بۆنام رایدەگەیەنێت كە بینینی رۆڵ لە فیلمەكاندا كارێكی ئاسان نییەو پێویستی بە ماندووبوونێكی زۆر هەیە. لەم بارەیەوە بۆنام رایگەیاند: جەماوەر تاكە سەرمایەی هەر ئەكتەرێكە و پێویستە بەهەموو شێوەیەك هەوڵبدات بۆ ئەوەی دڵی جەماوەر رازی بكات، بەڵام سەركەوتنی ئەكتەر لەو رۆڵانەی پێی دەسپێردرێن، كارێكی ئاسان نییە بەو شێوەیەی كە جەماوەر هەست دەكات، هەر رۆڵێك ماندووبوونێكی زۆری دەوێ و پێویستە هەر گرتەو دیمەنێك چەندین جار دووبارە بكرێتەوە، تاكو بەو شێوەیە دەبێت كە ئەكتەرو دەرهێنەر بەدڵیان دەبێت، تەنانەت ئەكتەر وای لێدێت كە بەتەوای خۆی لە رۆڵەكەدا دەبینێتەوەو بۆ ماوەیەكیش ئەم كاریگەرییە دەمینێت لەسەر كەسایەتی ئەكتەرەكە لە ژیانی ئاسایی خۆیدا.
بۆنام لەم بارەوە زیاتر دەڵێ: لەبەر ئەوەی ئێمەی ئەكتەر وەك حەزو ئارەزوو و لە هەمان كاتدا وەك سەرچاوەی بژێوی ژیان كاری ئەكتەری دەكەین و جەماوەریش بە گرنگترین سەرمایەی ئەكتەر دادەنرێت، بۆیە لەكاتی تەواوبوونی هەر كارێك ئەم ئەرك و ماندووبوونەی كە كێشاومانە لەبیری دەكەین، بەتایبەتی كاتێك جەماوەر لە رۆڵەكەمان رازی بێت.
Top