ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە (كە چەقەڵەكان چەمەكانیان پاوان كرد)... ئەحمەد سالار
هەتا چەند ساڵێك.. خەیاڵی رۆمانتیكانەی هونەر و هونەرمەندی بەری نەدابووم، پاشان گەلەگورگانی چاوسووری كەڵپەخوێناویم بینی، ئەوانەی پێیانەوە ماندوو دەبیت و رەنجیان بۆ دەدەیت و هەر كە رووت لێیان وەرگێڕا، ئەو چەوتە وشانەی پێی دەبەشێنەوە كە نەوتراوە و نەبیستراوە. هەمیشە هونەرمەندی راستەقینە، نەك ئەو چەقەڵانە، مرۆڤێكی زۆر ناسك و هەستدارەو زوو كاری لێدەكات و ئازاری پێوە دەچێژێ.
جارێكیان لە گۆڤارێكی كۆنی میسردا، دیمانەیەكیان لە تەك هاوسەرەكەی هونەرمەندی میوزیكی (محەمەد عەبدولوەهاب)دا كردبوو، كاتێ وەسفی دەكات، دەڵێ: ((منداڵێكی گەورەیە)) واتە كرۆزە دەكات و زووش ژیردەبێتەوە و شتێكی زۆر ئاسایی دەیهەژێنێ و نائارامی دەكات.
كورد وتوویەتی: ((قسە، قسەدێنێ)). بۆیە هەر سەبارەت بەو مەزنە هونەرمەندەی، لەسەرەتاوە نەك هەر گۆڕانكاری، بگرە شۆڕشێكی لە بواری گۆرانی و میوزیكی گەلەكەیدا بەرپاكرد، هەر بۆیە لە كەسانی ناو ئەو بوارەوە نەك مێملایەتی، بەڵكو دوژمنایەتییەكی ئەوتۆی كە نەك شكاندن و بێبایەخكردن، بگرە قەستی سەریان بوو. رۆژانە گوتار و رۆژنامەكانی ئەو سەردەمەیان كردبووە گۆڕەپانی هێرشی و جەنگیان بەرامبەر ئەو، ئاكام (محەمەد عەبدولوەهاب)یان ناچاركرد، گشت ئەو غەزەتە و گۆڤارانە لە بن هەنگڵێ بنێ و داد بۆ پشتیوان و رابەرە و هاندەرەكەی بەرێ، كە ئەمیری شاعیرانی عەرەب (ئەحمەد شەوقی) بوو.
بە گەرووی گریاناوی و دڵی بوریانەوە سكاڵای پڕ لەئاخ و داخی بۆ هەڵڕشت، كە ئەوانە بە چ مەرەیەكیان بردووە. ئەوسا ئەوانەی بن هەنگڵی نایە سەر مێزەكەی بەردەمی و گوتی: گەورەم، دەبینی چییان پێكردووم و چیم پێ دەڵێن. نازانم چۆن چۆنی رزگارم بێ و لێیان هەڵبێم؟ پێی گوت: ئادەی ئەو سەفتە رۆژنامانە بخە سەر زەوییەكە و بە هەموو پێتەوە قیت قیت لەسەری راوەستە و بزانە چەند بەژن بەرزتری كردوویت. ئای سەد ماشەڵا...
ئەوە نیشانەی سەركەوتن و هەڵكشانی تۆیە و نیشانەی بوردەڵەیی و نابووتی ئەوانەیە كە ئیرەییت پێدەبەن و ناتوانن هاوشانی ئەفراندنە جوانەكانت ببنەوە، ئەوە كارێكی ئاساییە و لە زۆر شوێن و چەشنەها دەواندا روویداوە. ئەوە (بێتهۆڤن، شكسپیر، مارڵۆ...). ئەوانە بڵق و كەفی سەر ئاون و زوو بەسەر دەچن. بەش بەحاڵی خۆم، كارگەیشتە ئەوەی داوای دەستبەرداری كاری هونەرییان لێكردم، كاتێ راپۆرتنووسان بە دەزگاكانی ئەمنەوە نەوەستان، پەیتا پەیتا بۆ لایەنەكانی دەرەوە، یان پشت سنووریان دەنارد، بەڵام خودا بەوە چاكی كردبوو، بە كوردێكی كەللەڕەقی ئەوتۆ درووستی كردووم گەر لە كوورەی ئاگرینی ئاسنگەریشدا جۆشمدەن و، هەزار پیك و چەكوشی پۆڵایینم تێبسرەوێنن، مەحاڵە نەرم بم، بۆیە خزم و خۆشەویستێكی خۆم هات و لە ستۆدیۆی (فەتحی)ی شەقامی گۆران، بە روون و ئاشكرا داوای كرد، ئیدی هەرنەبێ بۆ ماوەیەك دەست لە كاری شانۆ هەڵگرم! بەڵێ، كە ئەمەم بیست، تەواو شێتگیر و دەهری بووم، وتم: با ئەوانە بزانن، مادامەكی وای لێهات، ئەوە چوار ئەوەندەی جاران چالاكی دەنوێنم، من هونەرمەندم و لە هونەریشدا نە نهێنی و نەخەباتی ژێرزەمینی هەیە. دیارە كە چەم بە چەقەڵ جمەی هات، دەبێ روو لە كوێ بكەیت؟ ئەمە سەری گڵۆڵەكەیە و قووڵایی برینە سەختەكەی جەستەی هونەری گەلێكی كڵۆڵە. دەسا بۆیە، ناچارمام، حاشا لەو تیپە بكەم، كە ئەو باخە بوو، نەك بە نینۆك بژارم كردبوو، بەڵكو بە برژانگ، ئەی ئەمە كوێرەوەری نییە؟ زۆر جار وتوومەتەوە: گەلێك هەن كە شایانی هەوڵ و هاوشانی من نەبوون، تەنیا مەبەستم لەوانە بوو، بەدبەخت بوون و چییان دەرفەتی ئەو پەروەردەكردنەی پێ رەوا نەبینیون، هەتا بتوانن و چەپ و راستیان بزانن و چاك و خراپ لە یەكدی جیابكەنەوە. بۆیە هەمیشە براوم بەوە بوو: (مار بە خێو نەكەم). هەر لەسەر ئەم رێگای درك و داڵ و پەپكوڵ پۆشە بوو، بینیم كورد واتەنی: (بازی بازی بە ریشی بابە بازی!؟). بۆیە بەوپەڕی بڕوابوونەوە دەڵێم: ئەگەر كەسێك بەدەر بێ لە كۆی رەوشتە پیرۆزەكانی كوردەواری، ئەوا گەر پەلی بە پەلەكەی هەوریشەوە بێت، نابێتە هونەرمەند و هەر لە توخمی چەقەڵەكانە. كەواتە، نە كۆنە شیو بەباخ بكە و نە باسی پەروەردەنەكراوی چراخ بكە.
مامۆستاكەی بەری پتر لە پەنجا ساڵم، وانەی جوانت دادام، لەو دونیاشی نمەكگیرتم و سات لە دوای سات مەزنتر دەبن، هەرچییەكتان فەرموو راست دەرچوو، دیارە فەرموودەتان نەقشی بەردە و ناسڕێتەوە. لە خوام داوایە رۆژێ دابێ رێگای هونەر لەبری دڕك و داڵ، گوڵڕێژە بێ.. ئامین.