سەرەڕای قەیرانی ئابووری چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات
رۆژی 16-9-2016 لە رێوڕەسمێكی بەرفراواندا خەڵاتەکانی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک دابەشکرا، کە تێیدا 17 خەڵات پێشکەش بە ئەکتەران و دەرهێنەرانی کوردو بیانی کران.
سەرەتا خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی کە لە پارێزگای دهۆک بەرهەمهاتووە، درایە فیلمی پەرەسێلکە، یان حەج حەجیک «the swallow»، کە لە دەرهێنانی مانۆ خەلیل دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستانە.
خەڵاتی دووەمی فێستیڤاڵ کە خەڵاتی رێکخراوی سینەما بۆ ئاشتی بوو و دەدرێتە ئەو فیلمەی هەڵگری پەیامی ئاشتی بێت، درایە فیلمی بەهەشتی من، «My Paradise» لە دەرهێنانی ئەکرەم حەیدۆ، ئەویش دەرهێنەرێكی بەناوبانگی رۆژئاوای کوردستانە.
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی نێودەوڵەتی بەخشرایە فیلمی «The Translator» کە لە دەرهێنانی (ئێمرا کایش)ی دەرهێنەری باکووری کوردستانە.
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی کوردی، درایە فیلمی رەئیس «The Boss»، کە لە دەرهێنانی (رزگار حوسێن)ی دەرهێنەری باشووری کوردستانە.
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی نێودەوڵەتی بەخشرایە فیلمی «Mother)s)» کە لە دەرهێنانی «Mamouna Doucour» کە فەرەنسییە.
خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ باشترین کورتە فیلمی کوردی درایە فیلمی سێبەر « Shadow» کە لە دەرهێنانی بولانت ئۆزتورکە.
خەڵاتی بینەران بۆ باشترین فیلمی درێژی کوردی بەخشرایە فیلمی ماڵی بێ بان «House Without Roof» کە لە دەرهێنانی سۆلین یوسفە.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ درایە نازان کەزال، کە رۆڵی لە فیلمی تۆ بەزی «Dust Cloth» بینیوە.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ درایە ئالەن گۆرسۆی، کە لە فیلمی رەئوف رۆڵی سەرەکی بینیوە.
خەڵاتی بینەران بۆ باشترین فیلمی درێژی نێودەوڵەتی درایە فیلمی رۆیشتنی دوور، «Walking Distance»، کە لە دەرهێنانی ئەلیخاندرۆ گۆزمانی دەرهێنەری مەکسیکی بووە.
خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی درایە فیلمی رەئووف» Rauf»، کە لە دەرهێنانی بارش کایا و سۆنەر جانەرە.
خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری کوردی بەخشرایە فیلمی «Callshop Istanbul»، کە لە دەرهێنانی سامی مەڕمەڕ و هیندە.
خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی بیانی، درایە فیلمی ئێرانی ناهید، کە لە دەرهێنانی ئایدە پەناهەندەیە.
خەڵاتی یەڵماز گۆنای کە بە مەزنترین خەڵاتی فێستیڤاڵ دادەنرێت، بەخشرایە فیلمی My Fathers Wings بۆ باشترین فیلمی درێژی بیانی، کە لە دەرهێنانی کیڤانچ سەزەرە.
فیلمی دۆکیۆمێنتاری گوڵستان، «Gulîstan، Land of Roses» لە دەرهێنانی زەینە ئاکیۆل، خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری کوردی بەدەستهێنا.
خەڵاتی باشترین دەرهێنەری کورد، درایە ئاهو ئۆزتورک، کە کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی « Dust Cloth» کردووە.
شایەنی باسە ساڵانە فێستیڤاڵەكە میوانداری سینەمای وڵاتێك دەكات، ساڵی 2012 میوانداری سینەمای ئەڵمانیای كرد، ساڵی 2013 سینەمای ئیتاڵیا، 2015 سینەمای فەرەنسا، ئەمساڵیش میوانداری سینەمای وڵاتانی ئەسكەندەنافیای کرد و وڵاتانی ئەسكەندەنافی بە 13 فیلمی نایاب بەشداری فێستیڤاڵەكەیان کرد.