فرمێسك رەحیمزادە: بەداخەوە لە باشوور وەكو پێویست گرنگی بە هونەر و میدیا نەدراوە

فرمێسك رەحیمزادە:  بەداخەوە لە باشوور وەكو پێویست گرنگی بە هونەر و میدیا نەدراوە
فرمێسك رەحیمزادە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ماوەی چەند ساڵێك لە بواری رۆژنامەنووسیدا کاری کردووە، جگە لەوەش کۆمپانیای تایبەتی خۆی ھەبووە. ساڵی ٢٠١٢ ھاتووەتە باشوری کوردستان و لە رێگەی دوبلاژکردنی چەند زنجیرە درامایەکەوە دەستی بە کاری راگەیاندن کردووەتەوە، ھەروەھا بەرێوبەری کومپانی ڤین سێو (سێوی مێخەک رێژ)ـە، ئێستا بە كاری هونەرییەوە سەرقاڵە، لە نزیكەوە -چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.



* سەرەتا حەز دەکەین کورتەیەک لە ژیانی خۆتمان بۆ باس بکەی؟
-فرمێسك رەحیمزادە ماوەی چەند ساڵێكە لە باشووری كور لە رۆژھەڵات لە بواری رۆژنامەنووسیدا کاری کردووە. جگە لەوەش کۆمپانیای تایبەتی خۆی ھەبووە. ساڵی ٢٠١٢ ھاتووەتە باشوری کوردستان و لە رێگەی دوبلاژکردنی چەند زنجیرە درامایەکەوە دەستی بە کاری راگەیاندن کردووەتەوە، و ھەروەھا بەرێوبەری کومپانی ڤین سێو (سێوی مێخەک رێژ)ە، ئێستا بە كاری هونەرییەوە سەرقاڵە، لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
* بۆچی زۆر لە کچە هونەرمەند و راگەیاندنکارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویان لە باشووری کوردستان کردووە، لە کاتێکدا دەتوانن لە شوێنی دیکەش درێژە بە کارەکانی خۆیان بدەن؟
- سەبارەت بە خۆم هۆكاری هاتنم بۆ باشوور، بۆ من هیچ جیاوازییەك لە نێوان هیچ پارچەیەكی كوردستان نییە، ئەو كاتەی كە من هاتم لە كوردستان دەرفەتی باشتر هەبوو بۆ بزنس كردن و بارودۆخەكە بە جۆرێك لە بار بوو كە تۆ بتوانی بگەیە ئاستێكی بەرزتر، منیش وەكو كچێك حەزم كرد لێرە زیاتر ئەكتیڤتر بم و بە زمانی كوردی و كارەكانم زیاتر پەرە پێ بدەم بەتایبەتی لە رێگای دۆبلاژ و كاری هونەرییەوە.
* تۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی و لە باشووری كوردستان کارت، چ جیاوازییەك هەیە لە نێوان كاری هونەری بەتایبەتی لە هەردوولا؟
- زۆر شت هەیە كە لێرە نییە لە رۆژهەڵات پێشتر ئەو ئەزموونە هەبووە، ناتوانم بڵێم ئەو گرنگییەی لە رۆژهەڵات بە هونەر دەدرێت لێرە پێی نادرێت، بەڵام ئەو گرنگییەی بە میدیا و هونەر دەدرێت لێرە وەكو پێویست نییە.
* هۆکاری چی بوو لە راگەیاندنەوە رووت لە دەرهێنان کرد؟
-من كە لە بواری راگەیاندنیش كار دەكرد و بەر لەوەی روو لە بواری هونەر بكەم، خۆم دەرهێنانم بۆ كارەكانی خۆم دەكرد، ئێستاش كە لە بواری هونەریدام دەرهێنان زیاتر حەزی منە و هەوڵ دەدەم كە لەو بوارە سەركەوتوو بم.
* وەک کچە رۆژهەڵاتییەک ئەو بەربەستانە چین کە پێشبینی دەکەی بێنە پێشت؟
- سەرەتا من حەز دەكەم وەكو كوردستانییەك باسم بكەن، هەرچەندە كە لە كورد ماكسیش كارم دەكرد زۆر كەس دەهاتن دەیانوت بۆچی خەڵكی خۆمان وەرناگرن و زیاتر كار بەو ئێرانیانە دەدرێت كە مەبەستیان ئێمەی رۆژهەڵاتی بوو و ئێمەیان بە غەریبە وەسف دەكرد، لە كاتێكدا خۆ كەس رێگای لە كوردانی پارچەكانی دیكە نەگرتووە بۆ ئەوەی كار نەكەن.
* لە کاری دەرهێناندا تا چەند تۆ گوێ لە بیروبۆچوونەکانی هونەرمەند دەگری؟
-بە دڵنیاییەوە هەر كەسێك بیەوێت من كاری بۆ بكەم لە بواری ریكلام چی دەوێ دەبی ئەوی بۆ بكەم دواتر دەمینێتەوە سەر شانی من و ئەو گروپەی لەگەڵ منن، بە هەمان شێوە لە بواری كلیپیشدا سەد دەر سەد گوێ لە خواست و پێشنیارەكانی هونەرمەند دەگرم، لە هەمان كاتدا من بە پلانەوە كار دەكەم و هەر كارێك ئەنجام بدەم پێویست شێوە و ستایلی منی پێوە دیار بێت نەك رەنگ و ستایلی كەسێكی دیكە لە كاری مندا هەبێت.
* پێش ئەنجامدانی هەر کارێکی دەرهێنان بیر لە چی دەکەیتەوە بۆ ئەوەی کارەکەت سەرکەوتوو بی؟
- بە دڵنیاییەوە بیر لە بوونی گرووپێكی باش دەكەمەوە، ئایدیایەك باش، سیناریۆیەكی تایبەت، شتێكی نوێ كە دووبارە نەكرابێتەوە و بتوانێت پەیامێكی دیاریكراو و كاریگەری هەبێت، ئەمانە هەموویان، ئەمانە بە یەكەوە جوانن و دەتوانین لە پێكهاتەیاندت شتێكی نوێ درووست بكەی كە بتوانی ناوی كاری جوانی لێ بنێی، من هەست دەكەم هەمیشە بۆ كارەكانم خۆم ماندوو كردووە ئیدی بە ماندوو بوونیش دەتوانی ئەنجامێكی باش بە دەست بهێنی.
* لە بواری دەرهێنان بە گشتی وەک کورد پێویستمان زیاتر بە ئەزموون چ نەتەوەیەکە بۆ ئەوەی لە کارەکانی خۆمان سوودی لێ وەربگرین؟
- لە راستیدا من ناتوانم بە شێوەیەكی گشتگیر بڕیار لەسەر ئەمە بدەم، بەڵام وەكو خۆم زیاتر حەزم لە سینەمای هۆڵیۆدە و پەیوەندییەكی بەهێزیشم لەگەڵ فیلم و موزیكەوە هەیە، لە هەمان كاتدا بە حوكمی كارەكەم زۆر سەیری ریكلامەكانی وڵاتانی دیكە دەكەم، بە گشتی من زیاتر سەیری كارە بیانییەكان دەكەم، بەڵام ناتوانم بڵێم ئەم كارانە كاریگەریی رەهایان لەسەر من هەیە، چونكە من خەڵكی ئەو وڵاتەم و كارەكانم بۆ خەڵكی ئەم وڵاتەیە و ناكرێ لەو رووەوە خۆم بە جیاواز دابنێم.
* پێشتر کاری دەرهێنانت ئەنجامداوە، ئێستاش کۆمپانیایەکت دامەزراندووە بۆ دەرهێنان، تەنها سەرقاڵی دەرهێنانی کلیپ دەبیت یاخود کارت بەرفراوانتر دەکەی؟
- كۆمپانیاكەی ئێمە تەنیا پرۆەكشن نییە، بەڵكو كاری میدیا پلان ئەنجام دەدەین، وەك تیڤی ئەدڤەرتایزینگ، پرۆدەكشن،هەروەها رێكخستنی ئیڤێنتەكانە، بەشێوەیەكی گشتی ئێمە ئاژانیسن و لە بواری ریكلام و بڵاو كردنەوەی ریكلام و ئەو جۆرە بابەتانە كار دەكەین.
Top