ئەحلام حەجی: سەرەڕای ئەوەی شەڕ بەرۆكی گرتووە، بەڵام كوردستان وڵاتی هونەر و جوانیە
* ئەم سەردانەت بۆ كوردستان چۆن بوو؟
- من دەمێكە زانیاریم دەربارەی ئەم وڵات جوانە و میواندۆستیی گەلی كورد هەیە، بۆیە زۆر حەزم دەكرد بێم لە نزیكەوە بیبینم، دەزگای سەوسەن بۆ جوانكاری و مۆدە منیان بانگهێشت كرد بۆ بەشداری كردن لە ئاهەنگێكی تایبەت كە لە شاری سلێمانی ساز كرا بوو، منیش داواكەیانم قبووڵ كرد و جگە لە سلێمانی سەردانی شاری هەولێریشم كرد.
* لە یەكەم سەردانت بۆ كوردستان هەستت بە چی كرد؟
- وڵاتێكی جوان و دڵڕفێن، خەڵكێكی میواندۆست كە زۆر رێزی خەڵكی بیانی دەگرن، بەڵام دەمەوێ لێرە ئاماژە بە شتێكی زۆر گرنگ بكەم، ئەویش ئەوەیە كە ئێمە لە دەرەوە تەنیا گوێبیستی ئەوە دەبین كە لە عێراق شەڕ و كوشتن و ئاوارەیی هەیە، بەڵام چەند هاوڕێیەكەم دەمێك پێیان دەگوتم كە كوردستان جیاوازە و ئارامی و سەقامگیریی تێدا بەرقەرارە و بە هەزاران خەڵكی بیانی بەو پەڕی ئازادییەوە لەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبەن. پێشتریش زۆر حەزم دەكرد سەردانی كوردستان بكەم، بۆیە ئەم سەردانەم قبووڵ كرد، لێرەوە بۆم دەركەوت ئەوەی كە لە دەرەوە باس دەكرێت، تەواو پێچەوانەی واقعە و لە كوردستان تەنیا شەڕ نییە، بەڵكو پێشكەوتن و جوانی و هونەر بەردەوامە لەو وڵاتە سەرەڕای سەختی بارودۆخی دارایی و شەڕ، پەنا بە خوا ئەمە دوایین سەردانم نابێت بۆ ئەم وڵاتە.
* لە كوردستان چ شتێك زیاتر سەرنجی راكێشای؟
- رێزگرتنی خەڵكەكەی لە میوانەكانی، جلوبەرگ و كەلتووری ئەو وڵاتە زۆر سەرنجیان راكێشام، بۆم دەركەوت كە گەلی كورد ژیاندۆستە و سەرەڕای ئەو بارودۆخەی كە هەیە بە خۆشەویستییەوە لە ژیان دەڕوانن.
* تۆ سەرپەرشتی رێكخراوێكی خێرخوازی تایبەت بە منداڵان دەكەی، ئایا لە كوردستان بەرنامەت نییە بۆ ئەوەی لە كوردستان كاری خێرخوازی ئەنجام بدەی، بەتایبەتی كە ئێستا ژمارەیەكی زۆری منداڵی ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان هەن؟
- بێگومان بە جددی بیرم لەوە كردۆتەوە كە چوارچێوەی كارەكانی رێكخراوەكەم فراوانتر بكەم بۆ ئەوەی كوردستان و عێراقیش بگرێتەوە، دەزانم كە بە سەدان هەزار منداڵی سووری و باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەگەل خانەوادەكانیان ئاوارە بوون و لە كەمپەكانی كوردستان ژیان بەسەر دەبەن، لە بەرنامەمدایە سەردانیان بكەم و ئەگەر لەم سەردانەش بە هۆی كەمی كات نەمتوانی ئەمە بكەم، ئەوا بێگومان لە سەردانەكانی داهاتوومدا سەردانیان دەكەم، وەك گوتم پەنا بە خوا ئەمە دوا سەردانم نابێت بۆ ئەم وڵاتە جوانە.
* پێوەرەكانی جوانی ئافرەت لای تۆ چین ؟
- بێگومان جوانی روخسار و لەش و لار زۆر گرنگن بۆ دەركەوتنی هەر كەسێك بەتایبەتی بۆ ئافرەت و پێویستە گرنگییەكی زۆر بە جوانی خۆی بدات، بەڵام سەرەڕای ئەمە جوانی دڵ و دەروونیش زۆر گرنگە، هەروەها چۆنیەتی رەفتار و هەڵسوكەوتكردنی لەگەڵ دەوروبەر، چونكە هەموو ئافرەتێك بە سرۆشتی خۆی جوانە.
* زۆر لە كەسایەتییە ناودارەكان بەتایبەت ئەوانەی لە بواری هونەری و جوانكاری كار دەكەن، رووبەڕووی چەندین پڕوپاگەندە دەبنەوە، چ پڕوپاگەندەیەك لە دژی تۆ كراوە؟
- زۆر پڕوپاگەندە لە دژی من كراوە و هەندێكیان برینداریان كردم و مەبەستیشیان تەنیا زڕاندنی ناو و ناوبانگی من بووە، بەڵام من گوێم بە هیچیان نەداوە، بەڵكو مكوڕتر بووم لەسەر كارەكانی خۆم و هاندەرم بوون بۆ پێشكەوتنی زیاتر، چونكە ئەمانە نیشانەی سەركەوتنی منن و هەر كەسێك ئەگەر لە كارێكدا سەركەوتوو نەبوو، یان بێكار دانیشت، ئەوا كەس باسی ناكات.
* ئایا هیچ زانیارییەكت لەسەر شاجوانەكانی كوردستان هەیە؟
- زۆر زانیاریم لەسەر شاجوانەكانی كوردستان نییە، بەڵام هیوای سەركەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم.
* جگە لە شاجوانی لە بەرنامەتدا نییە بچێتە بواری هونەر بەتایبەتی بواری نواندن؟
- زۆر كەس داوایان لێكردووم كە بەشداری لە كاری نواندن بكەم، بەڵام هێشتا رەزامەندیم لەسەر هیچیان نەداوە، هەروەها لە بواری گۆرانی و موزیكیشدا بە نیازی كارێكم، بەڵام حەز دەكەم وەك سوپرایزێك پێشكەشی جەماوەری بكەم.
* چی دەربارەی ئافرەتانی كورد دەزانی؟
بەهێز و بەسۆزن. ئافرەتی كورد دایكێكە دەزانێت چۆن بەرەو باشتر هەنگاو بنێ. هیوای بە ژیان زۆرە. ئەوان بە بارودۆخی زۆر سەختدا گوزەریان كردووە، بەڵام هەرگیز هێز و توانای خۆیان لەدەست نەداوە. سەرەڕای ئەو هەموو كارەساتانە توانییان نەتەوە و نەوەیەكی بەهێز پەروەردە بكەن. من زۆر سەرسامم بە ئافرەتی كورد.