ديمانەیەك دوای كۆچی دوایی بڵاودەكرێتەوە هونەرمەند جەمال جەلال: تابلۆی (بووکی عێراق)مان گۆڕی بۆ (بووکی کوردستان) و لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشمان کرد
* ساڵی 1958 چویتە (کۆمەڵەی مۆسیقارانی عێراقی) لەوێ سوودت لە کێ بينى؟
- دوای شۆڕشی 14 ی تەمموزی ساڵی 1958، لەو کات کۆمەڵەی مۆسیقارانی عێراقی هەبوو، پێشەنگەکانی مۆسیقای عێراقی تێدا بوو، لەوانە:(مونیر بەشیر-ئەحمەد خەلیل- جەمیل بەشیر-غانم حەداد) منیش تازە هاتبوومە ناو گۆرانی و مۆسیقا، دەمویست لێیانەوە فێری مۆسیقا بم، بۆیە پێوەندیم پێیانەوە کرد، تا زیاتر لە مۆسیقا تێبگەم و بزانم ئاواز چۆن دادەنرێ، ئیتر بووم بە هاوڕێیان و سوودی زۆرم لێ بینین.
* لە ساڵی 1963 چویتە تەلەفزیۆنی بەغدا لەوێ پڕۆگرامێکت پێشکەشکرد بە ناوی (ئاوازێ لەباکور-ئاوازێ لە کوردستان) ئەم پڕۆگرامە چی بوو؟
_ من و دکتۆرە (بەلقیس) کە ناوی خۆی (ژیان ئەحمەد)ـە ئەو پڕۆگرامەمان بەیەکەوە پێشکەش دەکرد، پڕۆگرامەکە تایبەت بوو بە مۆسیقاو گۆرانی کوردی، بیرم دێ ئەو کات بەو ئیمکانیەتە کەمە شتی زۆر جوانمان پێشکەش دەکرد، کەرەتێکیان گۆرانییەکە وای دەخواست کە کانی بۆ دروست بکەین، تەشتێکمان هێنا پڕمان کرد لە ئاو و چواردەوریمان بە قوڕ سواغ داو هەندێ بەردمان هێناو دروستمان کرد، زۆر رۆژنامە لەسەر ئەم بەرنامەیان نووسی، بەرپرسی بەشی عەرەبی بە ستافی ئەو بەشەی گوتبوو، بۆ وەک ئەو گەنجە کوردانە ناتوانن بەرنامەیەکی ئاوا پێشکەش بکەن، ئەو کات بینەرێکی زۆرمان هەبوو، دکتۆرە بەلقیسیش کچێکی گەنجی جوان بوو، بەرنامەکەی جوانتر کردبوو.
* دوای دەرچوونت لەپەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدا، بوویتە بەرپرسی تیپی هونەرە میللیيەکان،گەر باسی ئەو تیپەمان بۆ بکەی؟
- دوای دەرچوونمان لە پەیمانگا، دەبوایە ببین بە مامۆستای هونەر لە یەکێ لە قوتابخانەکان، ئەوە بوو خوالێخۆشبوو(حەقی شبلی) پێشەنگی شانۆی عێراقی ئێمەی بردە (تیپی هونەرە میللیيەکان) لەبەغدا، کە ئەو کات تیپی (رەشید)یان پێ دەگوت، لەو تیپە گروپێکیان بۆ شانۆ دانا کە خوالێخۆشبوو (سەفوەت جەڕاح) کرا بە بەڕێوەبەر، ئەوکات (قاسم مەلاک- یوسف ئەلعانی) زۆر لە شانۆکارە ناسراوەکان لەوێ ئەندام بوون، گروپێکی تر دانرا بە ناوی (سەمای میللی) کە دواتر لقێکی لێ کرایەوە لەهەولێر، بەناوی تیپی هونەرە میللیيەکان تا ئێستاش ماوە، من سەرەتا بە ژەنیاری عود دامەزرام، سەیرم کرد هەموو تابلۆکان بە عەرەبییە، بە مامۆستا (حەقی)م ووت، مامۆستا ئەبێ ئەو تیپە تابلۆی کوردیشی تێدابێ. وتی: کوا؟ ئێمە ئەمانەوێ، ئیوە دەوڵەمەندترین کەلتوور و فەرهەنگتان هەیە كەی دەست پێبکەن؟ هاتمەوە سلێمانی و کارم لەسەر کرد، ئەوە بوو بەڕێز (قادر کوردی)یان لەسلێمانی تەنسیب کرد لەو تیپە، چەندین تابلۆی کوردیمان دانا، ئەو هەڵپەڕکێکەی دروست دەکرد، منیش ئاوازەکەم دادەنا، چەندین تابلۆشمان بردە دەرەوەی وڵات. ئیتر من بوووم بە بەڕێوەبەری ئەو تیپە.
* تابلۆی (سەیران) کە بەدەنگی هونەرمەندی کۆچکردوو (جەلال سەعید) وتراوە، هی ئەو کاتە بوو؟
- بەڵێ، دوای ئەوەی بووم بە بەڕێوەبەری ئەو تیپە، هاتم بۆ هەولێر، مۆسیقایەکم بۆ ئامادەکردن کە بەدەنگی خوالێخۆشبوو(جەلال سەعید) وترا، کە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، دواتر چومە(بەسرە) لەوێش مۆسیقای تابلۆیەکم بۆ ئامادەکردن.
* لەگەڵ ئەم تیپە زیاتر لە ۵٠ وڵات گەڕاون و تابلۆتان لێ پێشکەش کردووە، لە ئیتالیا بە تابلۆی (بووکی عێراق) پلەی یەکەمتان بەدەست هێنا، دواتر ناوی تابلۆکەتان گۆڕی بۆ (بووکی کوردستان) ئەمە چۆن بوو؟
- ئەم تابلۆیە من مۆسیقاکەم بۆی داناوە و راهینەری لوبنانی(جۆزیف خوری) راهێنانی پێکردبوون، لە فیستیڤاڵی (ئەگریجینتۆ) لە ئیتالیا پێشکەش کرا. سەرەتا داوایان لێکردم مۆسیقایەک دابنێم بۆ ئەم تابلۆیە کە گوزارشت لە هەموو عێراق بکات، منیش دامنا لە کۆتایی تابلۆکە بووکێک دێت و بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێدەکرێت، ئەو بووکەمان کردە کوردستان، مۆسیقاکەم بۆی دانا و بە جلی کوردی و ئاوازێکی کوردی ، ئەوە بوو ناوی تابلۆکە لە (بووکی عێراق) کرا بە (بووکی کوردستان) و خەڵاتی یەکەم بەر ئەو تابلۆیە کەوت، رۆژێکی تا بڵێی خۆش و مێژوویی بوو، دواتر بانگهێشتی ئەمریکا کراین لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان جارێکی تر پێشکەشمان کرد لەسەر داوای (عسمەت کنتانی) سەرۆکی ئەو کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە یۆبیلی زێڕین نمایشمان کرد، بووە جێگای خۆشحاڵی ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکان.
* ئاوازت بۆ زۆر لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان و عەرەب داناوە، پێمان باشە رۆشناییان بخەیتەسەر؟
- راستە ئاوازم بۆ زۆریان داناوە لە کوردەکان (فوئاد ئەحمەد-عەبدوڵا دڵسۆز- گولبەهار- د.بەلقیس- عەلی عەزیز- فەخری بامەنی) لە عەرەبەکانیش( مائیدە نەزهەت- ئەمەل خزەیر- محەمەد عەرەبی باوکی گۆرانیبێژی ناودار رامی عەیاش-محەمەد و سەوسەن) .
* دوو ئاوازت بۆ هونەرمەندی ناسراوی عەرەب (مائیدە نەزهەت) داناوە، یەکێک لەوانە گۆرانی (انا المحروم) ، تۆ ئاوازەکەت پێشکەشی کرد، یان خۆی داوای لێکردی؟
- من میوزیکژەنێکی کورد بووم، بەڵام زۆر گوێم لە مۆسیقای عەرەبی دەگرت، کە لە ئێزگەی کوردی بووم، حەزم دەکرد جگە لە هونەرمەندە کوردەکان ئاواز بۆ هونەرمەندە عەربەکانیش دابنێم، لەوانە بۆ مائیدە ، چونکە مائیدە وەک (وەردە جەزائیری) وابوو، بڕوا بکە واستەم کرد بەس بۆ ئەوەی گوێ لە کاسێتەکە بگرێ، دوای ئەوەی لە ماڵەوە بە عود تۆمارم کرد و بۆیم نارد و ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆنی خۆمم نووسی، سەرەتا قبووڵی نەکردبوو، وەری گرێت، دواتر لەرێگەی ژەنیارێکی خۆی گەیاندمە دەستی، بۆ بەیانی لە ماڵەوە بووم تەلەفۆن لێیدا، خێزانەکەم هەڵی گرت، بانگی کردم گوتی مائیدە تۆی ئەوێ، کە قسەم لەگەڵی کرد، گوتی: بەس پێم بڵێ ئەو ئاوازەت چۆن دانا، ماشەڵڵات لێ بێ کوڕێکی کوردی خاوەن هەستێکی هونەری جوانی، گوتی: ئاوازی تریشم ئەوێ، ئەوەبوو دوای (انا المحروم) ئاوازی گورانی (تبتسم لی وتبتسم لک)شم بۆی دانا.