بێوار عزەت: بۆ پێشخستنی هونەری کوردی پێویستە دەزگایەکی تایبەت هەبێت
* جیاوازی کاری هونەری لە کوردستان و دەرەوە لە چیدا دەبینیت؟
- کاری هونەری لە دەرەوەی کوردستان بایەخ و گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، چونکە هونەر بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە پێکدەهێنێت، مخابن لە کوردستان ئەو گرنگییە پێویستە بە هونەر نەدراوە، بەڕای من دەبوایە لەم ساتەوەختەدا کەلێنەکانی نێو بواری هونەر لە رێگای مۆسیقاوە پڕبکرێنەوە، هیوادارم لە کوردستان زیاتر بیر لە بەها پیرۆزەکانی هونەر بکرێتەوە و مافی شایستەی خۆی پێ بدرێت.
* سەرەتا بە گۆرانی مەرجانێ زۆر بەهێز دەرکەوتن، بەڵام دواتر ون بووی هۆکارەکانی ئەم ونبوونە چی بوون؟
- راستە، من سەرەتا بە گوڕ و تینێکی بەهێزەوە هاتمە نێو بواری هونەری بۆ ئەوەی لە رێگای هونەرەوە کە ئارەزووەکی سەرەکی من بوو، هەستەکانی خۆم دەرببڕم، بەڵام هەندێک جار بارودۆخ وا دەخوازێت بۆ بەردەوام بوون و باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری کەمێک ون بی، بۆیە ئێستا من بەردەوامم.
* ئاستەنگەکانی بەردەم هونەرمەندە گەنجەکان لە کوردستان چین؟
- ئەو گەنجانەی کە حەز و ئارەزوویان لە کاری هونەرییە بە عەشقەوە دێنە نێو بواری هونەری و کاری جوانیش پێشکەش دەکەن، بەڵام مخابن زۆر شت هەیە دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەمیان، بۆ نموونە تا ئێستا لە کوردستان مەڵبەندێکی ئەکادیمی نییە کار لەسەر ئاستی هونەر و هونەرمەندان بکات و پۆلینێکی راست و درووستیان بۆ بکات ئەمەش وایکردووە هەر کەسێک لەلایی خۆیەوە کار لەسەر ئەم مەسەلەیە بکات، دامەزراندنی مەڵبەندێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بنبڕ کردنی ئەم ئاستەنگانە.
* تا چەند هونەرمەندە گەنجەکان بوونەتە هۆکاریپێشخستنی هونەری کوردی؟
- بێگومان هونەرمەندە لاوەکان کاری زۆریان کردووە کە مەبەستیان لێی خزمەت کردنی هونەری کوردی بووە، تەنانەت بەشێکیان کاری کلاسیکیشیان پێشکەش کردووە، بۆیە پێویستە شوێنێک هەبێت کە ئەم گەنجانە کۆ بکاتەوە و سوود لە بەهرەکانیان وەربگیرێت.
* بۆ گەنجەکان پشتبەستن بە فۆلکلۆری رەسەنی کوردەواری گرنگترە، یان نوێخوازی؟
- بێگومانە هەر هونەرمەندێکی لاو پێویستە هەوڵ بدات سوود لە فۆلکلۆری رەسەنی میللەتەکەی خۆی وەربگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت کارەکانی خۆی بە فۆلکلۆر جوانتر و رازاوەتر بکات.
* هونەری کوردی بە چی پێشدەکەوێ؟
- هەر هونەرمەندێک بە دیرۆک و کەلتووری خۆیەوە پەیوەستە، بۆ پێشکەوتنی هونەری کوردی پێویستە هونەرمەندانی کورد زانیاری و شارەزایی تەواویان لەسەر فەرهەنگ و کەلتووری رەسەنی خۆیان هەبێت کە دەبێتە هۆکارێک بۆ پێشخستنی هونەری کوردی
* ئایا حکومەت تاکە بەرپرسیارە لەو ئاستەی ئێستا هونەری کوردی تێیکەوتووە؟
- من دەڵێم ئەرکی حکومەت تەنیا ئەوەیە دەزگایەک یان بنکەیەك دابمەزرێنێت بۆ رێکخستنەوەی کاروباری هونەری و پێشخستنی هونەری کوردی، چونکە ئێمە خاوەن هونەرمەندی زۆر بە تواناین و هەر هەموویان کاریان کردووە بۆ خزمەت کردنی کاری هونەری، بەڵام ئەوەی بۆتە رێگر لەبەردەم هەموو هونەرمەندان بە گەنجان و خاوەن ئەزموونەکانیشەوە بریتییە لە نەبوونی دەزگایەک کە کارەکانیان رێک بخات و کۆیان بکاتەوە، چونکە هەموو هونەرمەندان ئامانجیان پێشخستنی هونەری کوردییە بە هەموو ژانرەکانیەوە.
*زۆر کەس رەخنە لەو سروودانە دەگرن کە لە ماوەی رابردوودا بۆ نیشتمان و پێشمەرگە وتراوە لەلایەن هونەرمەندان رای تۆ چییە سەبارەت بەم سروودانە؟
- هەر میللەتێک خاوەنی چەندین سروود و گۆرانی نیشتمانی تایبەت بە خۆیەتی، ئێمەی کوردیش لەمە بەدەر نین و تا ئێستا بە دەیان سروود و گۆرانی نیشتمانی کوردی و بەردەوامیشە کە گوزارشت لە قارەمانیەتی و خەباتی نەپساوەی میللەتەکەمان و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان دەکات کە ئەمەش نیشانەی زیندوویی میللەتەکەمانە، بەڵام پێموایە تاکی کورد پێویستی بە سروودی زیاتر هەیە کە هەست و نەستەکانی تێر بکات، چونکە میللەتەکەمان ئازاری زۆری چەشتووە و پێویستە زیاتر گوزارشتیان لێ بکات.
* دوایین کاری هونەرییتان چییە کە بەنیازن پێشکەشی بکەن؟
- لەم کاودانەدا زۆر گرنگ و پێویستە بنەماکانی هونەری کوردی پێش بخەین و بیخەینە نێو تاکەکانی کۆمەڵگە و ئامانجی سەرەکیمان ببێتە هەوڵدان بۆ درووستبوونی دەوڵەتی کوردی، منیش بەشێک لە ئەلبوومی داهاتووی خۆم بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە.