چۆپی عەزیز: هونەر بە گشتی و شانۆش بەتایبەتی رەنگدانەوەی ژیان و سروشتی مرۆڤایەتین
* زۆر جار گوێبیستی ئەوە بووین كە لە سەردەمێكدا ژانرێكی هونەری تووشی (داڕمان) بووە، ئایا ئەوەی ئێستا شانۆی كوردی پێیدا تێپەڕ دەبێ، دەگاتە ئەو ئاستە كە ئەم ناوەی لێ بنێین؟
-شانۆی كوردی یەكێكە لە یەكەكانی سەرخانی كۆمەڵگەی كوردەواری، لەگەڵ گوزەری بارودۆخ لە مێژوودا كەم تا زۆر لە برەو و بەرەو پێشچووندا بووە، هەر ژێرخان و سەرخانییەكانيشە وایكردووە شانۆی كوردی كەمێك چەقبەستوویی بەخۆیەوە ببینێت، شانۆش وەك زۆری و كەميی نمایشكردنی ناچێتە نێو چوارچێوەی داڕمان بە قەدەر چۆنایەتی نمایشەكان.
* هونەرمەندی گەنج هەن هاتوونەتە ناو بواری شانۆ بە رۆحێكی ئەكادیمی و بە تەكنۆلۆژیایەكی جوان كار دەكەن، ئامۆژگاریت چییە بۆ ئەو گەنجانە تاكو بەردەوام بن و سەركەوتوو بن؟
-لە هەموو سەردەمێكدا هونەرمەند بە قەدەر ئەو توانایەی لەبەردەستیدابووە بۆ كارە هونەریيەكەی هەوڵی باشی داوە، تەكنۆلۆژیاش ئەمڕۆ بە گشتی لە بواری هونەردا كاریگەری ئەرێنیی خۆی هەیە، ئەگەر بەشێوەی پڕۆفیشناڵانە بەكاربێن، هونەرمەنديش گەنج بێت، یان بە تەمەن، دەتوانێت توانای خۆی بەكار بێنێت، بەڵام لە هونەردا گەنج و پیر نییە، بەڵكو شتێك هەیە پێی دەڵێن داهێنان و توانا و زانستی هونەرییە لەو كەسەدا، بەو ئومێدەم هاوكاری گەنجان بكرێت و دەرگایان بە روودا بكرێتەوە بۆ كاری جوانى هونەری و برەودان بە شانۆی گەلەكەیان.
* ئایا ئاسانكارییان بۆ كراوە یاخو رێگرییان لێكراوە؟
-نازانم مەبەستت لە رێگری یان ئاسانكاری چییە؟ چونكە شانۆ بەتایبەتی و هونەر بەگشتی هەموو سەردەمانێك لە ناخی ئازار و ململانێكاندا لە دایك بوون و گەورە بوون و خۆیان كردووە بە ئەمری واقيع، رەنگە لایەنە ماددییەكە زۆر جار وەك ئاستەنگ و بەربەست یەخەی بە كاری هونەری گرتبێ و بووبێتە هۆی درووستبوونی لەمپەر بۆی، بەڵام ئەوەتا لە شاری سلێمانی لەم ماوەی چەند ساڵەدا تا ئەم ساتەی لە بارەیەوە ئەدوێین، كاری جوان و ئەكادیمی شانۆی بەپێز نمایش دەكرێت، بەبێ بەرامبەر و بینەرێكی یەكجار زۆریش پێشوازییان لێ دەكات.
* دەڵێن شانۆی كوردی لە زۆر رووەوە سنووردارە، هۆكارەكانی ئەم سنووردارییە چین و چۆن دەتوانرێ ئەم سنوورانە بشكێندرێن؟
-هونەر بەگشتی و شانۆش بەتایبەتی رەنگدانەوەی ژیان و سروشتی مرۆڤایەتین، بێگومان من وەك شانۆكارێكی شاری سلێمانی ئەڵێم بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ شانۆ لە شاری سلێمانی زۆرینەی سنوورەكانی شكاندووە و لە تەواوی كایە كۆمەڵایەتییەكان و فرە بوارە ژیانییەكاندا، ئەوەشی كە وەك سنوور هەموو كۆمەڵگەیەك خاوەنی كۆمەڵێ كەلتووری خۆیەتی، ئەبێ پابەندبێ پێوەی، مادام ژیان بەردەوامە و بەرەو پێشچوونە، شانۆش هاوەڵ و هاوڕێ لەگەڵ ژیاندا دەڕوات.
* لە ئێستادا تاكی كورد پێویستی بە چییە یاخود چی لە دراما و شانۆ كوردی چاوەڕێ دەكات؟
-بینەر بەگشتی مافی خۆیەتی كاری هونەری جوان و بەپێز و پڕۆفیشناڵ ببینێ و چێژی لێ وەرگرێ، بینەری كوردیش هیچی كەمتر نییە لە بینەری دنیا بەگشتی، كەواتە پێویستە لەسەر هونەرمەندی شانۆ و دراما بە گیانێكی بەرپرسیارییەوە برەو بە كار و چالاكییە هونەرییەكانیان بدەن، جا شانۆ، یان دراما، یان بوارەكانی تر لە كایە كۆمەڵایەتی و بوارەكانی دیكەی ژیانی ئەكادیمیانە كاربكەن، نابێ كارەكانیان یاریكردن بێت بە هەست و سۆزی بینەرەكانیان و ئەبێ جوانی و باشيی كارەكانیان وا بكات نەوەیەكی رۆشنبیر و هونەردۆست و رۆشنبیر پەروەردە بكات لە رێگای بوارەكانی خۆیەوە.
* لەم قۆناغە هەستیارەی كە میللەتی كورد پێیدا گوزەر دەكات، ئەركی ئێوەی هونەرمەند بە گەنج و خاوەن ئەزموونەكانەوە چییە؟
-پەنجە خستنە سەر هەموو ئەو كێشە و برینانەی كە بەرۆكی كۆمەڵگەی گرتووە، هەنگاونانە بەرەو ورووژاندن و چارەسەركردنی، چونكە پەیامی هونەرمەند پەیامێكی مرۆڤایەتییە و ئەركی هونەرمەندیش هیچی كەمتر نییە لە ئەركی پزیشكێك، یان مامۆستایەك، یان ئەندازیارێك، دەبێ ئامانجیشی چارەسەركردنی كێشەی كۆمەڵگەكە بێت (نانێك و شانۆیەك بدەرە دەست هونەرمەند، ئەویش گەلێكی هوشیارت ئەداتێ)، رۆژگاریش ئەوەی سەلماندووە كە هونەرمەندانمان سەرقافڵەی زۆربەی راپەڕین و شۆڕشەكانی كوردستان بوون و بەشێكیش بوون لە چارەسەركردنی كێشەش.
* ئایا ئێستا شانۆ، یان دراما پێویستترە بۆ بینەری كورد؟
-هەردووكیان، چ شانۆ كە بینەری تایبەتی و رۆشنبیری خۆی هەیە و چ دراماش كە میوانی هەموو ماڵێكە لە رێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە، نابێ بڵێین ئەمڕۆ كامیان پێویستترن، بەڵكو وا باشترە بڵێین ئەبێ هەردووكیان هەبن، بەڵام بە كاری رەسەن و جوان و هونەری، زۆر گرنگە هەردوو بوارەكە وەك تەواوكەری یەك لە خزمەتی هەموو كایە مرۆڤایەتییەكانی خەڵكیدا بن و بەرەو پێشی بەرن و دەوڵەمەندی بكەن بە مەعریفە و فەنتازیای ئیستاتیكی تا سەرەنجام نەوەیەكی حەقبێژ بە مانای وشە پەروەردە بكات.
* ئایا سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم هونەر بە گشتی هەبوون لە ساڵانی رابردوو، ئێستا ئێوە دەتوانن پەیامی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆتان لەم قۆناغەدا بگەیەنن؟
-بە دڵنیاییەوە بەڵێ، چونكە هونەر هەموو سەردەمێك سەرقافڵەی كۆمەڵگە بووە، ژیانیش بێ ئاستەنگ نابێ، چونكە خۆی لەسەر ئاستی ململانێ و تاریكی و رووناكی و گێڕانەوە و بێدەنگی و ئازار و خۆشی و ..تاد درووست بووە، ئەركی هونەرمەندیش هەنگاونان و بازدان نییە بەسەر كێشەكاندا، بەڵكو هەڵگرتنیانە بە كۆڵی خۆی و لە هەگبەی هونەریدا بەرەو مەنزڵگای چارەسەرەكان بیانبات لە رێگەی كارە هونەرییەكان و نمایشەكانەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆش بەدەر نییە لە دوێنێ و پار و ساڵانی رابردوو، پەیامی هونەرمەند هونەرە، هونەریش واتا ژیان بە گشت چەمكەكانیەوە، واتە پەیاممان پارێزگاریكردنە لە هەموو ماوف و ئیمتیازاتەكانی تاك بە تاكی خەڵكی نیشتمانەكەمان كە دەبنە بینەری شانۆكان و كارە دراماكان.