نەتالیا خۆی بۆ بەرهەمێكی نوێ ئامادە دەكات

نەتالیا خۆی بۆ بەرهەمێكی نوێ ئامادە دەكات
خانمە ئەكتەری كوردی ئۆكرانیا هۆزان ناتالیا كە ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان رایگەیاند لە ئێستادا سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ بەرهەمێكی هونەریی نوێ كە چەند گۆرانییەك لە خۆ دەگرێ.
ناتالیا (هۆزان ناتالیا) خانمە هونەرمەندێكی دەنگخۆشی كوردی وڵاتی ئۆكراینایە، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە و لەو كاتەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و بەردەوام لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بە گۆرانییەكانی خۆشەویستیی خۆی بۆ نیشتمان دەربڕیوە. دەربارەی كارە نوێیەكەی وتی: من دەمێكە لە بواری گۆرانی خەبات دەكەم و خزمەت بە هونەری كوردی دەكەم، پێشتر چەندین بەرهەمی جیاجیام بڵاوكردۆتەوە، چ لە ئۆكرانیا و چ لە ئەڵمانیا، ئەمە جگە لە بەشداریكردنم لە بۆنە و ئاهەنگە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، بەڵام ماوەیەكە هەستم كرد بە هۆی چەند هۆكارێكی تایبەتەوە لە كاری هونەری دواكەوتووم، بۆیە بڕیارمدا بە بەرهەمێكی نوێ جەماوەرەكەم بەسەر بكەمەوە، كە چەند گۆرانییەكم ئامادەیە، بەڵام تا ئێستا ناوی بەرهەمەكەم هەڵنەبژاردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا تەواوی زانیارییەكان دەربارەی ئەم بەرهەمە بڵاودەكەمەوە و هیوادارم بە دڵی جەماوەرەكەم بێت.
ناتالیا لە درێژەی لێدوانەكەیدا وتی: مێژوو غەدرێكی زۆری لە نەتەوەی كورد كردووە، چونكە زۆربەی نەتەوەكانی جیهان بە مافەكانی خۆیان شاد بوون و بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، تەنیا ئێمەی كورد نەبێت، دوژمنان هەمیشە هەوڵیانداوە مۆركی نەتەوەیی و كەلتووری ئێمە بە هەموو شێوەیەك بسڕنەوە، بەڵام میللەتی كوردستان كۆڵی نەدا و بە درێژایی مێژووی دەستی كرد بە خەبات لە هەموو روویەكەوە و توانییان بوونی خۆیان بپارێزن، دوژمنان هەموو جۆرە چەك و توانایەكی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازیی خۆیان دژی میللەتەكەمان بەكارهێنا، لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی و بن پێ خستنی مافەكانمان تا دەگاتە قەتڵوعام كردن و ئەنفال و كیمیاباران.
Top