سۆما قاسم: لەبەر نزميی ئاستی دراما کوردییەکان ئامادە نیم بەشداری تێدا بکەم
ئامادە کردنی/ زیاد کەریم
* تۆ لە منداڵی حەزت لەشانۆ نەبووە، بەپێچەوانەوە خولیای وێنەكیشانت هەبووە چۆن بوو رووت لە شانۆ کرد؟
- لە منداڵییەوە زیاتر حەزم لە وێنەكیشان و زەخرەفە بوو، شێوەی مرۆڤەكانیشم دەكێشا، دواتریش چوومە خولێك لە چالاكی قوتابخانەكان كە مامۆستا (وەهبی) سەرپەرشتی دەكرد،جگە لەوەش حەزم لەیاری وەرزشی تایبەت یاری باسكە دەكرد، لەقوناغی سەرەتایی و ناوەندیشدا هەر یاری باسكەم دەكرد، كاتێک چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەكانیش تەقدیمی بەشی شێوەكاریم كرد كە لەوێ وەرنەگیرام ئینجا چوومە بەشی شانۆ.
* لە پەیمانگا رۆڵت لەچەند دەقی شانۆیی جیهانی بینیوە؟
- لە ساڵی 2000 بۆ 2001 چوومە پەیمانگا، یەكەم كاری هونەریم لە قۆناغی دووی پەیمانگا بوو، رۆڵی كارەكتەری (نینا)م بینی لە شانۆیی (مەلی دەریا)ی هنریك ئەپسن، ئەوكارەكتەری كە من رۆڵم تیا بینیی لە یادەوەری زۆربەی خوێندکاران و مامۆستایان و بینەران ماوە كە من ئەبینن باسی دەكەن، لەیادیان ماوەتەوە، زۆر رۆڵی ترم بینیوە وەك (دێزدەمونە) و(گیانی یانۆرا) و(گەمە) و (ئەسكۆریال) و (سكاپن) و( چاوەڕوانی گۆدۆ)، هەروەها زۆر جار جگە لەو دیمەنە شانۆیانەی كە وەك دیمەنی هەفتانە كارمان لەسەر دەكرد، ئێمە كۆمەلێك خوێندكار بووین، لە كاتی تاقیكردنەوی پراكتیكی شانۆیەكمان بە تەواوی پێشكەش دەكرد، لە یادەكانی (ئەنفال و كیمیا باران) و بۆنەو یادەكانیش رۆڵم لە شانۆیەكان بینیوە.
* گەر لەگەڵ كاك نەوشێروان هاوسەرگیریت نەكردایە،كە بەیەكەوە لەبەشی شانۆ بوون، لە كاری شانۆیی بەردەوام دەبوویت؟
- بە دڵنیاییەوە دەڵێم: نەخێر، نەمدەتوانی بەردەوام بم، ئەگەر لە بری نەوشێروان هەركەسێكی دی بوایە، شانۆكار نەبوایە، بەردەوام نەدەبووم، چونكە ئێمە شانۆكارمان هەیە بەشێكی زۆریان ناهێڵن خێزانەكانیان لەسەر ستێج نمایش و نواندن بكات، بەڵام نەوشیروان هاوكار و یارمەتیدەرێكی زۆر باشی من بووە، دایك و باوكم تائێستاشی لەگەڵدابێ پێیان خۆش نەبووە، كە من لەكاری شانۆیی بەشدار بم، بەڵام هاوسەرەكەم زۆر هاوكار و یارمەتیدەرمە لە كاری هونەری.
* یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی تۆ ئەوەیە تا كارەكتەرەكە دەدۆزیتەوە زۆر ماندوو دەبیت، هیچ جار روویداوە كە دوای ماندووبوون نەتتوانیبێت كارەكتەرەكە بخوێنیتەوە؟
- تا ئێستا هیچ كارێك، یان ڕۆڵێك نەهاتۆتە بەردەستم كە وەستابێتم و بڵێم ناتوانم، بەڵام تاوەكو كەسایەتییەكەم دۆزیوەتەوە، زۆر ماندوو بووم، تەنانەت شەوی وا هەبووە سەعاتێك نەخەوتووم، جگە لە پڕۆڤەكردن كە چوار بۆ پێنج سەعات پڕۆڤەمان كردووە، لە دوای ئەوەش من گەڕاوم بەدوای ئەو سەرچاوانەی كە تەنانەت دێڕێكیشی لەسەر ئەو كارەكتەرە تیا بووە، هەمیشە لەگەڵ كارەكتەرەكانم ژیاوم، بەڵام دوای ڕۆڵ بینینی هەر كارەكتەرێك بۆ كارەكتەرێكی تڕگەڕاوم، هیچ ڕەنگدانەوەی كارەكتەری پێشووم لەسەر نەماوە.
* گەیشتۆتە ئەو حاڵەتەی وەك شێتێك لەسەر ستێج خۆت ببینیتەوە؟
- بەڵێ لە كارەكتەری (ئۆڤیلیا) ی شانۆیی (هاملێت) وام لێ هات، یانی وام لێهاتبوو وەك شێتێك ڕەفتارم دەكرد، ئەمەش بۆ ئەوە ئەگەڕایەوە كە زۆر چوبوومە ناو كارەكتەرەكەمەوە، بەڵام شتێك هەیە نەبێتە پیاهەڵدان، هەركارێكم كۆتایی پێبێت، كارەكتەرەكەش لەگەڵیا كوتایی پێ دێت.
* بیرت لەوە نەكردۆتەوە لەپاڵ شانۆ گۆرانیش بڵێیت؟
- بیرم لەوەكردۆتەوە، چونكە لەمنداڵیشا حەزم دەكرد ببم بە گۆرانیبێژ، من لەخیزانێك بووم كۆمەڵێك شت هەبوو، لەلایان بڤە بوو، یەكێك لەوانە گۆرانی وتنی ئافرەت لەسەر ستێیج بوو،لایان شتێكی باش نەبوو.
* دوایین كاری كاری هونەریت، شانۆیی(خودا حافیز نازانم تاكەی) كە تیایدا ڕۆڵی كەسایەتی (شێوە) ت بەرجەستە كرد، كە كەسێك بووچەند ساڵێك ئەخەوت كەهەڵدەستا شتێك روویدابوو، چۆن وەسفی خۆت دەکەی لەم کاراکتەرە؟
- ئەگەر بڵێم لەم كارەدا سەركەوتوو بووم، ئەوە دەبێتە وەسفێكی خۆم، ئەویش وەك كارەكانی پێشووترم بینەرێكی زۆر بەدڵیان بوو، زۆر رازی بووم لە بەرجەستەكردنی كارەكتەری(شێوە)، ئەومان بیر نەچێت تاكە سەركەوتنی ئەكتەر لە نواندن راستگۆیی و متمانە بەخۆ بوونە، شێوە كەسایەتییەكی مەزڵووم و هەژار، سێ ساڵ جارێك هەڵدەستا لەخەو، كە هەڵدەستا لەخەو كۆمەڵێك شتی زۆر گۆڕابوو، لەگەڵ هەر هەڵسانەوەیەك تووشی كۆمەڵێك كارەسات و ناخۆشی دەبوو، توشی ئازارێكی زۆر ئەبوو تاوای لێهات باری دەروونی ئەو كچە تێكچوو، گەیشتە ئەوەی كە شێت بێ، كارەكتەرێكی قورس بوو لای من، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆشەویستییەك و راستگۆییەك هەبوو، توانیم بەرجەستەی كەم.
* (دورگەی مرواری) یەكەم كورتە فیلم بوو کە بەشداریت تێیدا کرد، ئەمە چۆن بوو؟
- من بڕوام وابووە جگە لەكاری شانۆ هیچ كارێكی تری بەردەم كامێرا نەكەم، بۆ زۆر دراماو فیلمیش پێم وتراوە، بەڵام كە سیناریۆی ئەم كورتە فیلمەم خوێندەوە، هەستم كرد پەیامێكی زۆر پیرۆزە، باسی كچە شەڕڤانێك دەكات، كە من رۆڵەكەیم بینی، هەرچەندە هێشتا مۆنتاژ نەكراوە و نەمبینیوە، بەڵام من لە رۆڵەكەی خۆم رازی بووم، دەرهێنەریش زۆر بەدڵی بوو.
* دوای (دورگەی مرواری) ئەگەر ئێستا داوات لێبكەن لە درامایەك لە فیلمێكدا ڕۆڵ ببینیت، رۆڵ دەبینیت؟
- نەخێر لەبەر نزمیی ئاستی دراماكان من ئامادەنیم لەهیچ دراماو فیلمێكدا رۆڵ ببینم، تا ئێستا هیچ درامایەكی كوردیم نەبینیوە، چێژم لێ بینیبێت، ئێمە ئەكتەری زۆر باشمان هەیە، بەڵام كاتێك لە دراماكان دەیبینین زۆر خراپە، منیش هەمان ترسم هەیە کە نەتوانم ڕۆڵەكە بەباشی ببینم و خراپ دەركەوم.