خالید رەشید: شێوەكار وەك گۆرانیبێژ خەرجی زۆر نییە
خالید رەشیدی هونەرمەند دەربارەی هونەری شێوەکاری دەڵێ: هونەری شێوەكاری شتێکی ئاسانە نییە وەک هەندێک باسی دەکەن کە بەداخەوە بە هەڵە لە مەسەلەكە تێگەیشتوون، هونەری شێوەكار ئەگەر باس لە رۆحیەت و ماهیەتی دەکات، جیهانێكی تایبەتە خوا دەیبەخشێت بە مرۆڤ، هونەرمەندی شێوەكار وەك گۆرانیبێژ نییە، چونكە هونەرمەندی گۆرانیبێژ پێویستی بە سەرفی مادی زۆر زۆر زیاتر هەیە لە هونەری شێوەكاری، گۆرانیبێژ لە جلوبەرگەوە هەتا كامێراو مۆسیقاو شاعیرو ئاوازدانەر و دەرهێنەر و.. تاد ئەمانە هەموویان دەبێ پارە و حیسابی كراوەیان بۆ تەرخان بكرێ بۆ ئەوەی بەرهەمێكی جوان و بە دڵی بینەر و بیسەر بەرهەم بهێنرێ، لەبەرئەوە من هەقی زیاتر دەدەم بە گۆرانیبێژ تا هونەرمەندی شێوەكار، لە كاتێكدا هونەرمەندی شێوەكار دەتوانێ بە بڕێكی زۆر كەمتری مادی پێشانگا بكاتەوە.
سەبارەت بە تێگەیشتنی تاکی کورد لە هونەری شێوەکاری دەڵێ: بوون و نەبوون هەوادارانی شێوەکاری لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیری كۆمەڵگا كە بەداخەوە لە كوردستان وەكو پێویست نییە، كەسێك دەچێ لەسەر مێزی مەیخانە یەك یان چێشتخانەیەك بڕێكی زۆر پارە دەدا بە خواردن و خواردنەوە كە تەنها چێژی تێر خواردنێكی پێ دەبەخشێت، بەڵام زەوقی ئەوەی نییە كە تابلۆیەك لە شێوەكارێك بكڕێ تەنانەت نازانێ تابلۆ یانی چی.