دیلانارا یەڵدز: باشووری كوردستان قوتابخانەی هونەری كوردییە

دیلانارا یەڵدز: باشووری كوردستان قوتابخانەی هونەری كوردییە
وەك كچێك كە حەز و ئارەزووی لە گۆرانیوتن بوو رووی لە شاری ئیستەنبول كرد بۆ ئەوەی لەوێ بە شێوەیەكی ئەكادیمی بێتە نێو بواری گۆرانی و مۆسیقا و لەم بارەوە شارەزاییەكی زۆر پەیدا بكات، ئەمە جگە لەوەی كە هەر لە منداڵییەوە زۆر گوێی لە گۆرانیبێژەكان دەگرت و لاسایی دەكردنەوە، دیلانارا یەڵدز ئەو كچە گۆرانیبێژەی لە باكووری كوردستانەوە بە دەنگەكەی هەوڵ دەدات خزمەت بە هونەری كوردی بكات، لەم دیمانەیەشدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان دەداتەوە.


• چۆن بوو هاتوویتە نێو بواری هونەر، ئایا بە رێكەوت بوو، یان حەز و ئارەزوو بوو؟
- من لە تەمەنێكی زوودا لە حەفت ساڵیدا زۆر گوێم لە گۆرانییەكان هونەرمەندە گەورەكان دەگرت و دەمگوتنەوە، هەروەها لە زۆربەی ئاهەنگەكانی قوتابخانەكاندا گۆرانیم دەگوت، لەو كاتەوە هەستم دەكرد من بەبێ گۆرانی و موزیك ناتوانم بژیم، بۆیە هەر لەو كاتەوە بەردەوامم لە گۆرانیوتن تا ئێستا و تا بتوانم بەردەوام دەبم.
• چ هونەرمەندێك زیاتر كاریگەریی بەسەر تۆوە هەبووە لە سەرەتای گۆرانیوتن؟
- وەك وتم من هەر لە منداڵییەوە گوێم لە هونەرمەندە گەورەكان دەگرت بەتایبەتی هونەرمەندە كورد و عەرەبەكان لەوانەش كوردەكان عایشەشان، تەحسین تەها، ئەیاز یوسف، شاكیرو، لە هونەرمەندە عەرەبەكانیش گوێم لە فەیروز، ئوم كەلسوم، كازم ساهر، سەمیرە سەعید و چەندانی دیكە دەگرت بێگومان ئەمانە كاریگەرییان بەسەر منەوە هەبووە.
• هونەری كوردی پێشڤەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بە رای تۆ لە كام پارچە زیاتر ئەم پێشكەوتنە دیارە؟
- هونەری كوردی بەتایبەتی گۆرانی و مۆسیقا هەمیشە بەردەوام بووە، لە هەر پارچەیەكی كوردستانیش تایبەتمەندی و بارودۆخی تایبەتی خۆی هەبووە لەرووی ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسییەوە ئەمەش كاریگەری بەسەر هونەرەوە هەبووە، بەڵام من پێموایە مۆسیقای باشووری كوردستان زۆر زۆر دەوڵەمەندە لە زۆر رووەوە.
• ئێستا هونەری كوردی لە قەیرانێكدایە چۆن لێی رزگار دەبی؟
- هونەر بەشێوەیەكی گشتی بەردەوامە، بەڵام هەندێك جار لەبەر بارودۆخێكی دیاریكراو هونەرمەند ناتوانێت وەكو پێویست بەردەوام، پێموایە ئەمەش بارودۆخێكی كاتییە و ناتوانین بڵێین هەر بەم شێوەیە دەبێت و دڵنیام هونەری كوردی لەو بارودۆخە قەیراناوییەی ئێستا دەربازی دەبێت و دەگەڕێتەوە سەر رێرەوی ئاسایی خۆی.
• لە باشووری كوردستان دەرفەتێكی باش بۆ هونەرمەندان هەبوو كە بتوانن توانا هونەرییەكانیان پێش بخەن، ئایا هونەرمەندان سوودیان لەم دەرفەتە وەرگرت؟
- ئەوەی من بینیومە و تێبینیم كردووە ئەوەیە كە هەموو كاتێك هاوكاری هونەرمەندان كراوە، بەڵام ئێستا بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو هاوكارییە راوەستاوە، دیسان دووبارەی دەكەمە كە ئەم بارودۆخە بەو شێوەیە نامێنێت و دەگەڕێتەوە سەر باری سروشتی خۆی و ئەو كات بە دڵنیاییەوە هاوكاری هونەرمەندان دەكرێت.
• چ جیاوازییەك هەیە لەنێوان هونەری كوردی لە باشوور و باكوری كوردستان؟
- لەرووی هونەرەوە دەتوانم بڵێم باشوور وەكو قوتابخانەیەكی هونەری وایە كە هەموو جۆرە هونەر و ستایلێكی تێدا بەدی دەكرێت چ وەك مەقام یان مۆسیقا و زۆر بواری دیكە كە پێوەندییان بە هونەری گۆرانیوتنەوە هەیە و هونەرمەندان دەتوانن بە چەندین ستایلی جیاجیا گۆرانی بڵێن، بۆ نموونە هونەرمەندی نەمر تەحسین تەها تەنیا خۆی قوتابخانەیەكی هونەری بوو، بەڵام لە باكوور ئەمە بە تەواوی بە دی ناكرێت و زۆربەی هونەرمەندان بە یەك رەنگ و یەك ستایل گۆرانی دەڵێن.
• هونەرمەندان چۆن دەتوانن كەلتووری رەسەنی خۆیان بپارێزن؟
- ئەو هونەرمەندە مەزنانەی كە لە پێش ئێمە هەبوون توانیویانە بە باشترین شێوە كەلتووری خۆیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن، بەڵام ئێستا ستایلی نوێ پەیدا بووە لە هەمان كاتدا چەندین قوتابخانەی نوێی هونەری هەن و لە نێو كوردیشدا بوونیان هەیە، ئەمانە و چەند هۆكارێكی دیكە بوونەتە ئەگەری ئەوەی كە تا راددەیەك هونەرمەندان كەلتووری خۆیان لە بیر بكەن، بەڵام سەرەڕای ئەمانە ئێستاش بەشێك لە هونەرمەندان بە باشترین شێوە كەلتووری كوردییان پاراستووە.
• بە چەند زاراوەی كوردی گۆرانی دەڵێی؟
- من بە سۆرانی،بادینی، زاراوەی ناوچەی سەرحەد گۆرانیم وتووە و بەردەوامم، هەروەها گوتنی گۆرانی بە زمانی بیانی وەك عەرەبی، توركی، فارسی و تەنانەت ئیتاڵیش بۆ من كارێكی زەحمەت نییە و دەتوانم بیڵێم.
• كاری نوێت چییە؟
- من ئێستا سەرقاڵی كلیپێكی نوێم پشت بە خوا بەم نزیكانە لە كەناڵە كوردییەكان بڵاودەكرێتەوە و دوای تەواو بوونی ئەم كلیپە نوێیە ئەگەر بارودۆخەكە لە بار بێت ئەوا بە نیازم بەرهەمێكی نوێ بڵاوبكەمەوە.
- زۆر هونەرنەمەند داوایان كردووە بە دۆیت گۆرانییان لەگەڵ بڵێم، بەلام من لە ئێستا بیرم لەوە نەكردۆتەوە بە دوو قۆلی گۆرانی بڵێم بۆ ئەوەی توانا هونەرییەكانی خۆم بە دەر بخەم و ئەگەر ئەم كارەش هەبوو حەز دەكەم لەگەڵ هونەرمەند كاروان كامل بێت، چونكە ستایلی من و ئەو زۆر لە یەكترییەوە نزیكە و تا ئێستا هاوكارییەكی زۆری منی كردووە لە زۆر رووەوە.
• لە باشووری كوردستان كێ زیاتر هاوكاریت دەكات بۆ ئەوەی بەردەوام بی لە گۆرانیوتن؟
- سوپاس بۆ خوا پێوەندی من لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی شاری دهۆكی دەلال زۆر باشە هونەرمەند ( عیماد عەلی) هاوكارییەكی زۆری منی كردووە و ئەوەی لە دەستی هاتبێت كەمتەرخەمی نەكردووە بۆ من، هونەرمەند (كاروان كامل) زۆر هاوكارم بووە و پێوەندی خێزانیشمان هەیە، هەروەها مامۆستایان (ئیدریس بەدەل و كەریم بەدەل) بە تێكست و ئاواز هاوكارییەكی زۆریان كردووم و لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموویان بكەم.
Top