مونا سەرداری: خاڵی هاوبەشی زۆر لە نێوان هونەری كوردی و فارسی هەیە

مونا سەرداری: خاڵی هاوبەشی زۆر لە نێوان هونەری كوردی و فارسی هەیە
• بۆچی لە كوردستان دەستت بە كاری هونەری كرد؟
- هۆكارەكان زۆرن لەوانە فەرهەنگ و مۆسیقای ئێمە و ئێوە لە یەكترییەوە نزیكن و خاڵی هاوبەشیان زۆرە، هەروەها خەڵكی كوردستان ئاشنایەتییەكی باشیان هەیە لەگەڵ مۆسیقای فارسی و كەلتووری ئێران بە گشتی و رێز لەو هونەرە دەگرن، من كە هاتمە كوردستان لەو بڕوایەدا نەبووم كە خەڵك بەو شێوەیە رێز لە هونەر دەگرێت و خۆشەویستییان بۆ هونەر بەو ئاستە بەرزەیە ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە.
• تۆ وەك كچە فارسێك پێوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی كوردی ئێران و هەرێمی كوردستان چۆنە؟
- لەبەر ئەوەی فەرهەنگ و مۆسیقامان زۆر لە یەكترییەوە نزیكە جۆرە پێوەندییەك هەیە و تەنانەت من دەتوانم بڵێم جیاوازییان نییە و هەردووكیان لە بنەرەتدا یەك هونەرن، تەنیا لە زمانمان كەمێك جیاوازی هەیە ئەمەش وایكردووە كە پێوەندی ئێمە بە هونەری كوردییەوە زۆر باش بێت و بە پێچەوانەشەوە، سەبارەت بە خۆم پێوەندی راستەوخۆم نییە لەگەڵ هونەرمەندان لە نزیكەوە، بەڵام لە دوورەوە ئاشنایەتیم بە زۆر هونەرمەندی كورد هەیە.
* لە ئێران هونەرمەندی زۆر بە توانا هەن كە لە ئاستی جیهاندا ناسراون، كام لەو هونەرمەندە فارس و كوردەكانیش كاریگەرییان بەسەر تۆوە هەبووە بۆ ئەوەی روو لە بواری گۆرانی بكەی؟
- من هەر لە تەمەنێكی بچووكەوە دەستم بە كاری هونەری و گۆرانی وتن كردووە بۆیە ناتوانم بڵێم هونەرمەندە كوردەكان كاریگەرییان بەسەر منەوە هەیە، بەڵام ئەو كاتەی كە دەستم بە گۆرانی كرد ئاشنای دەنگی هونەرمەندە گەورەكان بووم وەكو مەرزییە، هایدە دلگەش و حومەیرا و ئێستاش گوێ لە دەنگی ئەمانە دەگرم.
* ئەی لە خانەوادەكەت كێ زیاتر هانیدای بۆ ئەوەی بەردەوام بی لە گۆرانی وتن؟
- خانەوادەكەم هونەرمەند و هونەردوست بوون، خوشكم هونەرمەند بوو، هەروەها خانەوادەی دایكیشم هونەرمەند بوون باپیرم شاعیر بوو، دایكم و خوشكم هاندەرێكی بەهێزم بوون بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێم، ئەوان هەمیشە هانیان دەدام پەرە بە توانا هونەرییەكانی خۆم بدەم و درێژە بە گۆرانی وتن بدەم.
* لەو ماوەیەی كە لە كوردستان بووە تا ئێستا هەوڵی نەداوە گۆرانی بە زمانی كوردی بڵێ چ گۆرانییەك فۆلكلۆری كوردی دووبارە بڵێتەوە، یان گۆرانییەكی نوێ بڵێت؟
- لە بەرنامەمدایە بە زمانی كوردی گۆرانی بڵێم، بەڵام ئەوەی راستی بێت تا ئێستا سەد دەر سەد نەمتوانیوە بە كوردی قسە بكەم ئەمەش سەختە بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێم و تا ئێستا دوودڵم لە هەڵبژاردنی تێكست و مۆسیقایەكی گونجاو، بەڵام دوو هونەرمەندی كورد پێوەندییان پێوە كردووم بۆ ئەوەی بتوانم لە داهاتوودا بە زمانی كوردی گۆرانی بڵێم و ئەو گۆرانییە كە پێشكەشی دەكەم نوێیە واتە دووبارە كردنەوە گۆرانی كۆن نییە.
* بۆچی تا ئێستا هەوڵت نەداوە فێرە زمانی كوردی بی؟
- زۆر حەز دەكەم بە تەواوی فێر بووم ئێستا كەمێك ئاشنایەتیم پەیدا كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو كەسانەی لەگەڵم كار دەكەن زیاتر بە فارسی قسە دەكەین ئەمە بۆ من تا راددەیەك زەحمەت بووە كە بە تەواوی فێرە كوردی بم.
* بە نیازی لە كوردستان بگیرسێیتەوە؟
- دواڕۆژ بڕیار لەمە دەدات، ئەگەر بزانم پێشدەكەوم بەتایبەتی لە رووی هونەرییەوە ئەوا بێگومان لێرە دەبم، بەڵام ئەگەر زانیم زۆر سەركەوتوو نابم ناچارم لێرەش كۆچ بكەم، چونكە هاتنی من بۆ كوردستانیش بۆ پێشكەوتنی ئاستی هونەری خۆم بووە.
* بەشێك لەو كچانەی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانییەكان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كاری ئەكتەریش ئەنجام دەدەن، تۆش بیرت لەوە نەكردۆتەوە؟
- من لە تەمەنی سێزدە ساڵیدا لە رادیۆ كارم كردووە، دواتر كاری دۆبلێری فیلمم ئەنجامداوە، لە پاڵ ئەمەشدا بەردەوام بووم لە گۆرانی وتن، بەڵام تا ئێستا لە كاری سینەمایی بەشداریم نەكردووە نە لێرە نە لە ئێران.
* ئەی لە داهاتوودا بە نیاز نی بەشداری لە هیچ كارێكی سینەماییدا بكەی؟
- من پێموایە هونەر هەمووی بەیەكەوە بەستراوە، كاری دۆبلێر جۆرێكە لە ئەكتەری و لەسەر ئاستی سینەمای جیهانی گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت.
* تا ئێستا كەس لە درهێنەرە كورەكان یان ئێرانییەكان و كوردەكان داوایەیان لێنەكردووی بەشداری لە فیلمێك یان درامایەكدا بكە؟
- بەڵێ چەند ساڵێك پێش ئێستا لە ئێران ئەو داوایەیان لێكردووم بۆ بەشداری كردن لە كارێكی نواندن، بەڵام من بەو كارە رازی نەبووم، چونكە پێموابوو لە ئاستێكی بەرزدا نەبوو بۆ ئەوەی بەشداری تێدا بكەم بۆیە رەتم كردەوە.
* ئەگەر دووبارە ئەو داوایەت لێ بكرێتەوە چ مەرجێكت هەیە بۆ بەشداری كردن لە كاری نواندن؟
-یەكەم مەرجم ئەوەیە كە كارەكە لە رووی هونەرییە لە ئاستێكی بەرزدا بێت، جگە لەوە دەبێ من بتوانم ئەو رۆڵە بە تەواوی ببینم و تێیدا سەركەوتوو بم بەتایبەتی ئەگەر ئەو كارە گۆرانیشی تێدابێت كە كاری سەرەكیی منە ئەوا بێ دوودڵی ئەنجامی دەدەم بەو مەرجانەی باسم كرد، چونكە نامەوێ بەشداری لە كارێكدا بكەم دواتر پەشیمان ببمەوە.
* لە ئێران كلیپی تۆمار كردووە؟
- من لە ئێران كاری هونەریم هەبووە، بەڵام لەوێ ئافرەت بە تەنیا ناتوانێت گۆرانی بڵێ دەبێ یان لەگەڵ پیاوێك یان لەگەڵ گرووپی مۆسیقی گۆرانی بڵێت.
* ئەو گروپانە چ رۆڵێكیان هەبووە لە پێشخستنی هونەر؟
- كار كردنی گروپەكانیش ئاسان نییە بەتایبەتی لەرووی داراییەوە، چونكە هەر گرووپێك لە نزیكەی دە كەس پێكهاتووە ئەنجامدانی مەشقی رۆژانە و تەرخان كردنی كاتی خۆیان بۆ كاری گرووپ زەحمەتە و خەرجی زۆرە، لە بەرامبەردا ئەو خەرجیانە بە كۆنسێرت پڕ ناكرێتەوە و كەسێك نییە كە سپۆنسەری كاری هونەرمەندان بكات.
* لە ئێران كەسێك دەتوانێت بە هونەر بژێوی ژیانی پەیدا بكات؟
- زۆر زەحمەتە بتوانێت، چونكە كۆنسێرت و كاری هونەری كەمە.
Top