وەسەن ئیسماعیل: وازم لە هونەر نەهێناوە كەمێك دووركەوتوومەتەوە
وەسەن كە ئێستا لەگەڵ خانەوادەكەی نیشتەجێی شاری ئەستەنبولە لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان ئەم هەواڵەی رەتكردەوە و بە دوور لە راستی وەسفی كرد و گوتی: منیش بەم دواییە گوێبیستی ئەو هەواڵە بووم و ژمارەیەك لە هەوادارانم پێوەندییان پێوە كردم بۆ دڵنیا بوون لە راستی ئەمە هەواڵە، تەنانەت هەندێكیان پێیان راگەیاندووم كە لەلایەن داعشەوە هەڕەشەم لێكراوە و هەندێكیشیان ئەوەیان بڵاوكردبۆوە كە وەسەن لە بارودۆخی ئێستای كوردستان و ئەو شەڕانەی لە پارچەكانی كوردستان هەیە بێزار بووە بۆیە بڕیاریداوە واز لە هونەر بهێنێت، بەڵام ئەم هەواڵانە راست نین و تا ئێستا بڕیارم نەداوە لە هونەر دوور بكەومەوە.
وەسەن هەر سەبارەت بەم دەنگۆیە دەڵێ: بەشێك لە هەوادارنم كە بە پێویستی دەزانم سوپاسیان بكەم، داوایان كرد بەردەوام بم لە كاری هونەری بۆ خزمەتكردنی هونەری كوردی، لە بەرامبەردا هەندێك كەسی دیكەش كە دیسان سوپاسیان دەكەم، داوایان كرد كە واز لە كاری بهێنم و لێی دووربكەومەوە باشترە، منیش لێرەوە پێیان دەڵێم من بەردەوامم و هەوڵ دەدەم نەوەیەكی نوێ لە هونەرمەندانی كوردستان پێ بگەیێنم كە منیش بەشێكم لێیان، راستە هەندێك كەس هەڕەشەیان لێكردووم و بارودۆخی كوردستان بە گشتی و هونەر ناجێگیر و خراپە، بەڵام من بە هیچ شێوەیەك واز لە هونەر ناهێنم، بەڵام بە هۆی بارودۆخی هونەری كوردی پێم باشە بۆ ماوەیەك بە شێوەیەكی كاتی دوور بكەومەوە.