سیزارا مۆنتانا: سینەمای کوردی هەنگاوی باشی ناوە

سیزارا مۆنتانا: سینەمای کوردی هەنگاوی باشی ناوە
• دەربارەی هونەر لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا رات چییە؟
- هونەر لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا ئاوێتەیەکی جوان و کامڵە و جوانی و تایبەتمەندییە باشەکان، لە هەمان کاتدا ئەو کێشە و گرفتانەش دەخاتە روو کە لەو وڵاتانەدا هەن، من تووشی سەرسوڕمان دەبم لە کاتی بینینی فیلمی ئەو وڵاتانە ئاشنای کەلتوور و مێژوو و توانای هەر یەکێک لەو وڵاتانە دەبم، چونکە هەریەکیان چیرۆکێکی تایبەتیان کە پێویستە لێی بکۆڵینەوە.
• ئایا سینەمای ئەوروپی بە گشتی دەتوانێت رکابەری هۆڵیۆد بکات؟
- من پێموا نییە بتوانین رکابەرێتی بکەن، چونکە سینەمای هەر وڵاتێکی تایبەتمەندی و چیرۆکی خۆی هەیە کە پێویستە لەسەر ئاستی جیهان بناسرێت، هەر یەکمان ئەزموونی خۆی هەیە کە لە فیلمەکاندا دەیبینین و پێویستە لێی فێر بین، چونکە رەنگدانەوەی ژیانی ئەوانە، رکابەرێتی لای من زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەر میللەتێک بتوانێت پەیامەکەی خۆی بگەیەنێت.
• نهێنی سەرکەوتنی هۆڵیۆد لە چیدایە؟
- وەک پێشتر گوتم رکابەرێتی زۆر گرنگ نییە، فیلم هۆکارێکە بۆ گەیاندنی وزە و هەستەکان، ئەگەر خەڵک هەستی بەوە کرد کە لەم چیرۆکەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەمەش مانایەکی سەرەکی فیلمە ئەوا فیلمەکە سەرکەوتوو دەبێت، سەرەڕای ئەمەش لە رێگای ئەم فیلمەوە بتوانرێت شتێک لە جیهان بگۆڕێت و وایان لێبکات بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسوکەوت بکەن لە نێو کۆمەڵگادا ئەو کات دەتوانین بلێین ئەم فیلمە سەرکەوتوو بووە.
• ئایا هیچ جیاوازییەکی سەرەکی لە نێوان هۆڵیۆد و سینەمای ئەوروپی هەیە؟
- من هیچ جیاوازییەکی سەرەکی لە نێوانیاندا نابینم، بەڵکو تەنیا ئامرازی گواستنەوە و گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان جیاوازیی هەیە، هەروەها رەنگە هەموو پێداویستییەکان وەک یەک بەردەست نەبێت بۆ ئەوەی مەبەستت وەکو پێویست بگەیەنیت، جیاوازی هەیە لە چەندایەتی ئەو بەرهەمانەی پێشکەش دەکرێن و ئەو شوێنانەی تێیدا نمایش دەکرێن، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر چوونی جەماوەر بۆ هۆڵەکانی سینەما، چونکە هەر کەسێک حەز لە جۆرە فیلمێک دەکات.
• لە وڵاتێکی وەکو رۆمانیا بینەری شانۆ زیاترە، یان بینەری سینەما؟
- لە رۆمانیا خەڵک حەز بە هەردووکیان دەکات، من پێموایە ناکرێ بەراورد لە نێوان شانۆ و سینەما بکرێت، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی جیاوازی بکرێت لەنێوانیان، ئەوەی حەز بە کاری هونەری بکات، هەریەکیان تام و چێژی تایبەتی خۆی بۆی دەبێت و لێی تێدەگات.
• هەندێک کەس پێیانوایە ئەو کاریگەرییەی پێشتر هونەر هەیبوو لەسەر کۆمەڵگەی ئێستا کاڵ بووەتەوە، تۆ لەم بوارەوە چی دەڵێی؟
- بە بۆچوونی تایبەتی خۆم هونەر لە دێرزەمانەوە کاریگەریی خۆی هەبووە ئێستاش ئەو کاریگەرییەی هەیە و لە داهاتووشدا دەمینێت، لەلایەکی دیکەوە هونەرئامرازێکە بۆ گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی بۆ ئەویتر و رازی کردنی جەماوەر ئەگەر ئەم دووە بە یەکەوە بەدی هاتن ئەوا ئامانجی خۆت دەپێکی لە بواری هونەردا.
• چ زانیارییەکت دەربارەی سینەما و هونەری کوردی هەیە؟
- ئەوەی دەربارەی هونەری کوردی بیستوومە مایەی دڵخۆشییە بۆ من، من سەرسامم بەوەی کە کورد توانیویەتی تا راددەیەک جیهان لە کەلتوور و مێژووی خۆی ئاگادار بکاتەوە ئەمەش کارێکی گرنگ و پێویستە، هیوادارم ئەو کاتەم هەبێت کە بتوانم زیاتر لە هونەر و سینەمای کورد قوڵ ببمەوە و ئاشنای بم، من حەز دەکەم سینەمای گەلان زیاتر بە رووی جیهاندا کراوە بێت و پیشەسازی سینەما بکرێتە هۆکارێک بۆ ناساندنی زیاتری گەلان و نزیک کردنەوەیان، بەڵام من دڵینام سینەمای کوردی لەسەر رێگای راست هەنگاوی ناوە و پێویستە بەردەوام بێت.
• ئێمە چۆن دەتوانین سوود لە ئەزموونی سینەمای گەلان وەربگرین؟
- بۆ ئێوەی کورد و بۆ ئێمەش گرنگە سوود لە سینەمای هەموو جیهان وەربگرین، بەتایبەتی ئەوانەی لێمانەوە نزیکن، ئێمەی رۆمانی پێویستە سوود لە سینەمای ئەوروپا وەربگرین، چونکە لە زۆر رووەوە لێمان نزیکە و لەگەڵی دەژین، بۆیە پێویستە زیاتر ئاشنای بین.
Top