گوڵاڵە خەیاتی: بەداخەوە زۆر جار پێوەری سەرەكی هەڵبژاردنی كچان جوانی و وروژاندنە
* كەی و چۆن هاتیتە نێو بواری هونەری؟
-من ساڵانێكی زۆرە هاتوومەتە ناو جیهانی هونەرییەوە، لە سەرووی ۱٦ ساڵان بووم كاری فیلم و سینەمام هەبووە و لە چەندین فیلم و زنجیرە فیلم بەشدار بووم، بەڵام هێشتا زۆر كارم ماوە كە نەمكردووە و هێشتا زۆریك لە تواناكانم بەتایبەتی توانای دەنگم نەخستوتە بواری هونەرەوە و ئێستاش زور بە جیددی تر لە جاران كار لەسەر توانای دەنگم دەكەم،هیواداریشم بەم زووانە كاری هونەری جوان لە بواری گورانی و موسیقاپێشكەش بكە م
* پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاو بوونی ئامێرەكانی بینراو و بیستراو، تا چەند كاریگەری هەبووە لەسەر كاری نواندن لە كوردستان؟
- بێگومان تەكنەلۆجیا پێویستییەكی حاشا هەڵنەگرە بۆ گەشەی هونەر و كوردستانیش بەدەر نییە لەم بنەمایە و هەرچەندە تەكنەلۆجیا پێشكەوتووتر بخرێتە سەر توانا بە پیتەكانی كورد هونەر لای ئەم نەتەوە جوان پەرستە زۆرتر زۆرتر گەشە دەكات.
* دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرانی سینەما چ پێوەرێكیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی كچە ئەكتەرەكان و پێدانی رۆڵ پێیان؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر گرنگە و لەوانەشە ئەم پرسیارە لەوەوە درووست بوبێت كە دەرهێنەرانی كورد زۆرجار بۆ هەڵبژاردنی كچان پێوەرەكانیان بەرتەسك و هەڵەیە و هەڵەكەش لەوەدایە كە پێوەری سەرەكییان جوانی و ئاستی وروژێنەریی كچانە، بەڵام هونەر و بەتایبەتی سینەما ژیانە و لە ژیاندا هەموو جۆرە كچێك هەیە بۆیە لە سینەمای كوردیش هەموو جۆرە ژنێك دەبێت بوونی هەبێت.
* بەشێكی زۆر لە كچانی رۆژهەڵات سەرقاڵی كاری نواندنن لە كوردستان ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- كچانی رۆژهەڵات زۆر بەتوانان و ئارەزوو و خواستێكی زۆریان بۆ نواندن هەیە، دیارە دەرفەتی گونجاویان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەردەست نییە و زۆریان نزیكترین شوێن و فەرهەنگ بەئەوان بۆ بە كارخستنی تواناكانیان هەرێمی كوردستان دەبێت،بۆیە رو دەكەنە ئەم هەرێمە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە تاچەندە ئەم كچانە بە خواستەكانیان دەگەن و تا چەند بوار رەخساوە كە ئەم كچانە سەرقاڵی هونەر بن كە هیوایان پێ بەستووە و بۆی هاتوون.من پێم وایە كاربەدەستان هونەری ئەم هەرێمە و خەڵكی ئەم هەرێمە دەبێت بە چاوی رێز و بە باوشی كراوەی كوردەواری پێشوازی لەم كچانە بكات كە بۆنی كوردەواری و مافی كوردایەتی وای كردووە روو لەم هەرێمە بكەن.
* تۆ تاچەند رازیی لە كاری كچە ئەكتەرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی كاری هونەرین؟
-زۆرێك لە كچەكانی رۆژهەڵات توانیویانە جێگە و پێگەی باش لە ناو هونەر و بەتایبەتی تیڤییەكانی هەرێمی كوردستان بدۆزنەوە، بەڵام من پێم وایە هێشتا توانای كچانی رۆژهەڵات بە تەواوی سوودی لێوەر نەگیراوە و ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت زیاتر لەمەی ئێستا گەشە دەكەن، هیوادارم هونەری كوردی سنوورەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكور و باشووری تێدا نەبێت و بەپێی توانا بایەخ بە كچان بدرێت.
بۆچی كە باسی رۆڵی وروژاندن دەكرێ باس لە كچە ئەكتەرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكرێ؟
- ئەم پرسیارە زۆر زۆر گرنگە،وروژاندن یا باشترە بڵێین توانای وروژاندن توانایەكە كە ژیان و هونەر پێویستی پێیەتی، من لێرەوە بۆ هەموو لایەك دەڵێم كە وروژاندن توانایە و نە تەنها بەستراوەتەوە بە لەشەوە بەڵكو زیاتر لەوە بەستراوەتەوە بە تێگەیشتنی كچان لە ژیان، ئەمەش بە خالێكی پۆزەتیڤی كچانی رۆژهەڵاتە كە لە پاڵ جەستەی جوانی كچی كورد تێگەیشتنێكی قوڵیان بۆ ژیان لەگەڵ كوڕ پەیدا كردووە كە شوخ و شەنگ و وروژێنەر دەركەون.
* لێرەو لەوێ گوێ بیستنی ئەوە دەبین لە هەندێك كچە ئەكتەر كە ئامادەن هەر رۆڵێك ئەنجام بدەن لە پێناو هونەر و سەركەوتنی هونەر، لەم بارەیەوە تۆ چی دەڵێی و تا چەند ئامادەی قوربانی بدەی لە پێناو هونەردا؟
- خەڵكی ئێمە بە گشتی زۆر پێویستی بە گەشە كردنی فەرهەنگی یەكتر قەبوڵ كردن هەیە كە تەنها یەكتر قبوڵ كردنی نەژادی و ئایینی نییە،بەڵكو یەكتر قەبوڵ كردنی هەموو چینەكان و بەتایبەتی پەراوێز خراوەكانی كۆمەڵگایە، دەبێ ئەم بنەمایە قبوڵ بكەین كە كەس وەكو من نییە و جیهان بەمەوە جوانە، من مافی دادوەری كردنم لەسەر كەس نییە،بۆیە لە كۆمەڵگادا خوشەویستی هەیە و هاوڕەگەزبازەكان هەن،كرێكاری سێكسی هەیە و نەخۆشی سێكسی هەیە، كۆمەڵگا پێویستە بە چاوی كراوە و قەبول كردن سەیری ئەمانە بكات، سینەما و هونەر بەرپرسیارێتی لە م بوارە لە ئەستۆدایە بێگۆمان بۆ ڕۆڵگێران لەم بوارانە پێویستمان بە ئەكتەری گونجاوە، لە سینەما پێویستمان بە هەموو جۆرە كچێك دەبێت كە بتوانن ڕۆڵە جۆراوجۆرەكانی ناو فیلمێك پڕ بكەنەوە،ئەو كەسەی ئەم ڕۆڵە هونەریانە دەبینێت نابێت بە قوربانی سەیر بكرێت بەڵكو هونەرمەندێكی بەتوانا و جێی رێزە، ئەگەر ئەمە بە قوربانیدان بزانین هونەرمان گەشەی پێویست ناكات،ئەو هونەرمەندەی ئەو ڕۆڵانە دەبینێت كە لای كۆمەلگا تابۆیە بە راستی هونەرمەندە وە بەتوانایە هیوادارم هەموومان بەو توانایە بگەین و ئەم ڕۆڵانە ببینین.