كەژاڵ ئادەمی: هەر بەرهەمێك لەسەر بنەمای زانستی بێت و پەیامێكی روونی هەبێت تەمەنی درێژ دەبێت
* پێتوایە ئەو هۆکارانە چین كە دەبنە مایەی بەردەوامبوونی هونەرمەند؟
- کۆمەڵێک هۆکار هەن کە یارمەتیدەرن بۆ مانەوەی هونەرمەند. گرینگترینیان ئاستی بەرهەمە هونەرییەکانین. گەر هونەرمەند خاوەن شێوازی تایبەتی خۆی بێت و داهێنەر بێت و بەرهەمەکانی لەسەر بنەمای زانیاری و بە هۆشیارییەوە بخولقێنێت و خاوەن پەیامێکی ڕوون بێت کە هاودەنگ لەگەڵ دەنگی خەڵک بێت و وشە بکاتە بەر ئەو هەستانەی کە زۆرینەی تاکەکان خۆیانی تێدا دەبیننەوە، بێگومان تەمەنی بەرهەمەکانی درێژتر دەبێت. خولقاندنی لەم شێوە بەرهەمانە پێویستی بەچەند فاکتەری گرینگ وەکو شارەزایی تێر و تەسەلی هونەرمەند و هەروەها هاوکاریکردنی لە لایەن کەسانی بەهێزی دنیای هونەر و راگەیاندنەوە هەیە.
* هونەرمەندان بەگشتی و تۆش یەكێكی لەوانە بەگرفتی جیاجیا تێپەڕدەبن وەك شوكردن و پڕوپاگەندەو تەڵاقدان و گرفتی لەم جۆرانە، ئەم كێشانە چ كاریگەرییەكیان دەبێت لەسەر كاروانی كچە هونەرمەندەكان ؟
هونەرمەندیش وەکوو هەموو تاکێکی ئاسایی کۆمەڵگە لەپاڵ ژیانی هونەریدا ژیانی ئاسایی خۆیشی هەیە. شادی و ئازار دەبینێت، دڵداری و دڵشکاندن، جودایی و ویساڵ، خەم و خۆشی. کاریگەری کێشەکانی ژیان لەسەر تاک پێوەندی بە کار و پیشەیەوە نییە. ئەوەی لەم نێوانەدا ڕووخێنەرە، پڕۆپاگەندەیە کە بەداخەوە هەندێک جار هونەرمەندان دەخاتە بەر هێرشی خۆی. پڕۆپاگەندە هەندێک جار دەتوانێت کاریگەری درێژخایەن لەسەر تاک دابنێت تا ڕادەیەک کە بتوانین وەک ئەشکەنجەیەکی دەروونی ناوی بەرین کە لە لایەن هێزی ڕاگەیاندنەوە دەسەپێندرێتە سەر تاک .
* زۆر كەس دەڵێن ئافرەتە گۆرانیبێژەكان لەڕووی هونەرییەوە هیچیان پێ نییە و تەنیا پشت بە شێوە و ڕوخسار و خۆڕووتكردنەوە دەبەستن بۆ سەركەوتن، تۆچی دەڵێی بۆ ئەمانە؟
- هەروا کە «سوهراب» شاعیری ئێرانی دەڵێت «چاوەکانمان دەبێ بسڕین، بە شێوازێکی نوێ دەبێ بڕوانین». کەم نین ئەو خانمە گۆرانیبێژانەی کە بەهرەمەندن. وەرن با تەڕ و وشک پێکەوە نەسووتێنین. وەرن چاویلکەی هەوەس لە بەر چاومان لابەرین و ئافرەت پێش لەوەی وەک ژن ببینین وەک مرۆڤ بیبینین. کاتێک لەباتی لەنجە و لاری ئافرەت سەرنج و بەهامان دایە تواناکانی، ئەو کاتە نە هیچ گۆرانیبێژێک بە پشت بەستن بە سینگ و بەرۆکی ڕووتی دەتوانێت ببێتە مەلەکەی دنیای داماوی هونەری کوردی و نە هیچ بێبەهرەیەک بە خاتری عیشوە و نازەکەی مۆرکی هونەرمەندی لێئەدرێت.
* ئەی خۆت بۆ سەركەوتنت پشت بە چی دەبەستی؟
- بۆ سەركەوتن پشت بە هەستم دەبەستم، چونکە بڕوام پێیەتی، بە دڵم كە پڕ لە سۆزە، بە ڕۆحم كە سەرەڕای هەڵەکانی هەر پاکە، بە پێنووسم كە قسەی هەیە بۆ وتن، بە دەنگم كە هاواری هەزارساڵەی دایک و خوشکەکانم خۆیان تێدا حەشار داوە. هەروەها بۆ سەرکەوتنم پشت دەبەستم بە توانایی خۆم و ئەو کەسانەی هاوکارمن. لەگەڵ کەسانێک کاری هونەری دەکەم کە سەد لە سەدا بڕوام بە تواناکانیان هەیە و شارەزا و مامۆستای بوارەکەن.
* لە ژیانی خۆتدا چۆن سوودت لەم گرفتانە وەرگرتووە كە دووچارت بوونەتەوە؟
- هەر گرفتێکی ژیانم فێری کردووم چۆن لەگەڵ گرفتی داهاتوو ڕووبەڕوو ببمەوە. لەگەڵ چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی ژیانم بەهێزتر و هێمنتر بووم و تێڕوانین و تێفکرینم قووڵتر بووەتەوە.
* جگە لە ناوبانگ و دەركەوتن چیت لە ژیان دەوێ؟
- خەیاڵێکی ئاسوودە، ژیانێکی بەختەوەر و ئازاد، دەروونێکی ئەهوەن و ئارام و هاوڕێیانێک کە منیان بە خاتری زاتی خۆم خۆش بوێت، نەک بۆ هەوڵ و بەرهەم و دەستکەوتەکانم.
* هونەرمەندە لاوەكان پێویستیان بە چی هەیە بۆ ئەوەی ببنە هۆكاری پێشخستنی هونەر؟
- شارەزایی پڕ سەبارەت بە مۆسیقا، هەردەم تینووی فێربوون و بەرەوپێش چوون، ڕوانگەیێکی بەرین، بیرۆکەی نوێ و گونجاو لەگەڵ مۆسیقای نەتەوەیی، هاوهەنگاو بوون لەگەڵ مۆسیقای سەردەم، ڕێچکەی نوێ و تایبەت بە خۆ، پشتیوانی ماددی و هاوکاری کەسانی شارەزا و دڵسۆز بۆ مۆسیقای نەتەوەییمان.
* لە هونەرمەندە بە تەمەنەكان كەس هاوكاری كردووی؟
- لە سەرەتای ئیشی هونەریمەوە هونەرمەندی کۆچکردوو عەباس کەمەندی بە ڕێنوێنییە بەنرخەکانی یارمەتیدەرم بوو. هەروەها بەرهەمی «شەهید» کە یەکێک لە یەکەم بەرهەمەکانم بوو لە هۆنراوەی بەڕێزیانە کە وەک دیاریەکی پیرۆز پێشکەشی کردم. دواتر هونەرمەند نەجمە غوڵامی لە بەرهەمێکی هاوبەشدا بە ناوی «جوانترین وشە» بە خستنی دەنگیان لە پاڵ دەنگم بوونە هۆی خولقاندنی یەکێک لە ئازیزترین بەرهەمەکانم. هونەرمەند غوڵامی لە هەموو ئەم ساڵانەدا وەک پشتیوانێکی بەهێز لەگەڵم ماون. هێز و کۆڵەکەی پشتیشم مامۆستا عەلی شەکووری-یە کە خونچەی سەرجەم بەرهەمە گۆرانییەکانم لەسەر دەستی بەتوانای بەڕێزیان پشکوتووە و گوڵی داوە.
* ئایا هونەرمەندەكانی كورد لە ئەوروپا سوودیان لە هونەری بیانی وەرگرتووە؟
- بەڵێ، لە بەرهەمی هەندێک لە هونەرمەنداندا ئەم کاریگەرییە بەدی دەکرێت.
* چی شتێك زیاتر تووڕەت دەكات؟
- کاتێک درۆم لەگەڵ بکرێت، یان بە هەڵە لێم تێبگەن.
* بە جل و بەرگی كام وڵات سەرسامی؟
- دوای جل و بەرگی کوردی، هەم مۆسیقا و هەم جل و بەرگی فۆلکلۆری وڵاتی ئازەربایجانم زۆر لا جوانە.
* شارەزاییت لە چ ئامێرێكی میوزیكدا هەیە؟
- وەکو حەزم لە زۆر ئامێری موزیک هەیە، بەڵام شارەزاییم لە کەمان هەیە.
* گەر كوڕێك پێت بڵێ: تۆ جوانی، ئەوكات چ دەربڕینێكت دەبێت؟
- سوپاسی دەکەم. ئەوانەی تێڕوانینی جوانیان هەیە، مرۆڤەکانیش جوان دەبینن.