روئیا ئیسماعیلیان: پاراستنی هونەری كوردانی خوراسان كارێكی قورسە

روئیا ئیسماعیلیان:  پاراستنی هونەری كوردانی خوراسان كارێكی قورسە
لە نێو كوردانی خوراسان ژمارەیەك هونەرمەندی بەتوانا هەبوون كە توانیویانە هونەری كورد بپارێزن و پەرەی پێ بدەن و نەوە دوای نەوە بۆ یەكتری بگوازنەوە. روئیا ئیسماعیلیان یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە لە خانەوادەیەكی هونەری ناوچەی خوراسان هاتۆتەدنیاوە، دایك و داپیری پێش خۆی گۆرانیبێژ بوون.
روئیا دەربارەی كاریگەری هونەری ئێرانی لەسەر هونەری كوردانی خوراسان دەڵێ: ئەمە كارێكی ئاسان نییە، چونكە هونەر و موزیكی ئێمە و موزیكی ئێرانی ئاوێتەی یەكتر بوون، بۆیە ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم كامیان كوردییە و كامیان ئێرانییە، بەڵام لای ئێمە بلوێر،دەهۆڵ، دووتار، زوڕنا و كەمانچە ئەمانە ئەو ئامێرە موزیكیانەن كە كوردی خوراسان زیاتر بەكاریان دەهێنێت، بە هەمان شێوە فارسیش ئەم ئامێرانە بەكار دەهێنن.
سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی رەسەنایەتی هونەری كوردی دەڵێ: ئێمە لە ئاهەنگ و زەماوەندەكان گۆرانی و موزیكمان بە زمانی كوردییە، ئەمەش رۆڵێكی باشی هەبوو لە پاراستنی زمان و هونەر و كەلتووری خۆمان بە درێژایی ئەو ماوەیە تا بە ئێستا دەگات، ماوەیەكی زۆر لە نووسین بە زمانی كوردی دابڕابووین، بەڵام ئێستا نووسین بە زمانی كوردی دووبارە پەیدا دەبێتەوە، هەروەها ئافرەتانمان كە فەرش و جلوبەرگ و كەلوپەلی ماڵەوەیان درووست كردووە، هەموویان مۆركی كوردییان پێوە دیاربووە، بە جۆرێك وای لێهاتووە جلوبەرگ و كەلوپەلەكانمان لە ناوچەی خوراسان ناسراو بوون. بە شێوەیەكی گشتی سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا هاتۆتە پێشمان، بەڵام بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك توانیمانە هونەر و كەلتووری رەسەنی خۆمان بپارێزین و لە پێشخستنی بەردەوام بین.
Top