ئالین: بەرهەمە نوێیەكەم دیارییە بۆ پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان

ئالین: بەرهەمە نوێیەكەم دیارییە بۆ  پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
بەر لە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان ئالین كە نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە نامەیەكی ئاڕاستەی ئەنجێلا مێركل-ی راوێژكاری ئەڵمانیا كرد و تێیدا داوای كرد، ئەڵمانیا پشتیوانی لە كورد بكات و داعشی بە دوژمنی مرۆڤایەتی دانا. هۆشداری دا بە مەترسیی داعش بگاتە ئەوروپا و هەڕەشە لە ئاسایشی ئەوروپا بەگشتی بكات، هاوكات پرۆژەیەكی هونەریشی ئامادە كرد بۆ پشتیوانیكردن لە پێشمەرگە و وەك سوپاسگوزارییەك بۆ گەل و حكومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بەو هاوكارییانەی لە شەڕی داعش پێشكەش بە گەلی كوردستانیان كردووە. بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری وردەكارییەكانی ئەم بەرهەمە نوێیەی ئالین بین، بەم شێوەیە وردەكاریەكانی باس كرد.


سەبارەت بە ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی كە ئاراستەی نووسینگەی ئەنگێلا مێركل-ی راوێژكاری ئەڵمانیای كردبوو ئالین وتی: لە رۆژی 29/6/2014 من لە نامەیەكدا كە ئاراستەی نووسینگەی ئەنگێلا مێركلی راوێژكاری ئەڵمانیام كردبوو، تێیدا باسی مەترسییەكانی داعشم كردبوو لەسەر كوردستان و ئەوروپا، هەروەها باسی پرۆژە هونەرییە هاوبەشەكەشم كردبوو كە بە نیاز بووم پێشكەشی بكەم. لە رۆژی 19/08/2015 لە نامەیەكدا خاتوو مێركل پشتگیریی خۆی بۆ پرۆژەكە دەربڕی، لە نامەكەیدا دكتۆرە ئەنگێلا مێركل دەڵێ: «پرۆژەكەتان كە تێیدا مەترسییەكانی داعشتان لەسەر جیهان دیاری كردبوو، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر من هەبوو، لە هەمان كاتدا وای دەبینم كە خەباتی هونەری و هونەرمەندان لەسەر ئەم مەسەلەیە مایەی شانازییە و گرنگییەكی تایبەتی و شەخسی لەلای من هەیە، چونكە هونەرمەندان لە پەیامەكەیاندا داوا لە گەنجە موسڵمانەكان دەكەن لە تیرۆر و تیرۆریستان دوور بكەونەوە و لە تیرۆر رزگاریان دەكات، بەتایبەتی ئێستا كە خەریكە تیرۆر دەبێتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی لە سەدەی بیست و یەكەم، لە هەمان كاتدا وەك ئاماژەتان پێكردووە هەڕەشەیە لەسەر جیهان بە گشتی و بەشێوەیەكی دڕندانە چەندین كەس لە گەنج و پیر و ئافرەت و منداڵ دەبنە قوربانی .من پشتیوانی تەواوی پرۆژە هونەرییەكەتان و پرۆژەكانی داهاتووشت دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.»
هەروەها جگە لە مێركل پڕۆفیسۆر مۆنیكا كرۆتیرۆس وەزیری رۆشنبیری و راگەیاندنی ئەڵمانیا بە شێوەیەكی فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژە هونەرییەكەی ئالین دەربڕی، و ف. زیل وتەبێژی فەرمی حكومەتی ئەڵمانیا لە رۆژی 13/08/2015 ستایشی ئەم پرۆژە هونەرییە هاوبەشەیان كرد.
وەك وەفایەك ئالین بەرهەمە نوێیەكەی بە هەردوو زمانی كوردی و ئەڵمانییە و لەم بارەیەوە دەڵێ: بەر لەوەی تیرۆریستانی داعش هێرش بكەنە سەر كوردستان من وەك ئەركێكی سەرشانی خۆم بە چەند سروودێكی نیشتمانی وەك پشتیوانی خۆم بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی، ئێستاش بەرهەمێكی نوێم ئامادەیە كە بریتییە لە سروودێك بە ناوی (یەكێتی كوردان) لە تێكستی من و مامۆستا ئەدیب چەلكییە و ئاوازی چەند موزیسیانێكی كورد و ئەڵمانییە و لە درەهێنانی شۆرەشڤان سدیق و وێنەگرتنی رێناس میرانە كە لە هەمان كاتدا دابەشكردنی مۆسیقاشی ئەنجامداوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو لە كوردستان وەك كلیپ تۆماری بكەم و پێشكەشی پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی بكەم. ئەم سروودە بە تەكنیكێكی بەرزەوە تۆمار كراوە و پێشكەشی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان و جەماوەری خۆمی دەكەم. پەیامی من لەم سروودە بریتییە لە یەكڕیزیی كورد لە هەموو پارچەكان، چونكە دوژمنان لە هەموو لایەكەوە دەوریان داوین و هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی لە نێوانمان دەدەن، بۆیە من وەك كوردێك داوای ئاشتی و برایەتی و یەكێتی نێوان رۆڵەكانی كوردستان دەكەم، چونكە بە تەبایی و یەكڕیزی بە ئامانجەكانمان دەگەین. هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی حكومەت و راوێژكاری ئەڵمانیا بكەم بۆ ئەو یارمەتی و هاوكارییە سەربازییانەی كە پێشكەشی پێشمەرگەیان كرد لە شەڕی داعش و بووە هۆی گۆڕینی باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی پێشمەرگە و تۆماركردنی سەركەوتنی گرنگ لە بەرەكانی جەنگ، هەر بۆیەش بەشێكی سروودەكەم بە زمانی ئەڵمانییە.
سەبارەت بە وێنەگرتنی كلیپەكە لە كوردستان خانمە هونەرمەند ئالین دەڵێ: بۆ ئەوەی كلیپەكە زیندوو بێت بە پێویستمان زانی لە كوردستان و لە نێو پێشمەرگە قارەمانەكان تۆماری بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش بەرەكانی پێشەوەی میحوەری (وەرتك) مان هەڵبژارد كە چەند رۆژێك بوو لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار كرابوون، لەوێ و لە سەرەتای مانگی شەش تۆمارمان كرد. حەزدەكەم باس لەوەش بكەم لە كاتی وێنەگرتنی كلیپەكەدا كەوتینە بەر تۆپبارانێكی سەختی تیرۆریستانی داعش و زۆر بە زەحمەت رزگارمان بوو، ئەو كات گەورەیی و گیانفیدایی پێشمەرگەم بۆ دەركەوت كە پێویستە هەموو كوردێك بە چاوی رێز و تەقدیرەوە لە قارەمانێتیان بڕوانێت، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی گشت ئەو كەسانە بكەم كە لە تۆمار كردنی ئەو كلیپە هاوكارییان كردووم.
لە كۆتاییشدا سەبارەت بە بیرۆكەی گۆرانی و كلیپەكەش وتی: بیرۆكەكەی بۆ نزیكەی دوو ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، دیارە وڵاتی ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەشدارییەكی كارای هەیە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بە زۆر شێوە هاریكاری كوردانی كردووە و چەكەكانی رۆڵێكی سەرەكییان هەبووە لە كەمكردنەوەی كاریگەری تیرۆریستانی داعش، بۆیە وەك وفایەك بۆ راوێژكار و حكومەت و گەلی ئەڵمانیا بە پێویستم زانی ئەم سروودە بە هەردوو زمانی كوردی و ئەڵمانی بێت، بۆ ئەوەی پێیان بڵێم گەلی كورد هیچ كاتێك دۆستانی خۆی فەرامۆش ناكات، هیوادارم بتوانم بەو سروودە خزمەتێك بە هونەری كوردی بكەم.
Top