مەیسەم نەحاس: كاری هونەری لە ئێستادا زۆر سەختە

مەیسەم نەحاس: كاری هونەری  لە ئێستادا زۆر سەختە
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێستای وڵاتانی عەرەبی كاریگەریی لەسەر هونەرمەندان و كاری هونەر مەیسەم دەڵێت: جاران ئێمە زۆر بە ئاسانی لە وڵاتانی عەرەبی خەریكی گێڕانی ئاهەنگی جۆراوجۆر بووین، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە، لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیدا نائارامی هەیە، ئەگەر ناسەقامگیریی سەربازیش نەبێت، ئەوا لەرووی سیاسییەوە ناسەقامگیرن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانین كاری خۆمان بكەین یان ژیانمان پارێزراو بێت، چونكە لە كاتی ئاڵۆزی و شەڕدا كەس ناتوانێت ژیان و سەلامەتیی كەس مسۆگەر بكات، یاخود لە زۆر وڵاتان رێگری هەیە لە ئەنجامدانی كاری هونەری ئەمەش دیسان كاریگەریی سلبی دەبێت لەسەر بەردەوام بوون لە هونەر.
دەربارەی ژیانی تایبەتی خۆی و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەم جۆرە گرفت و ئاستەنگانە مەیسەم دەڵێت: من خۆم تووشی گرفتی جۆراوجۆ بوومەتەوە و زۆر بیرم لەوە دەكردەوە كە ئایا واز لە گۆرانیگوتن بهێنم، یان بەردەوام بم، بەڵام دوای ماوەیەك لە یەكلاییكردنەوەی كێشەكان توانیم لە جاران بەهێزتر بگەڕێمەوە و كاری جوانتر پێشكەش بكەم، بۆیە دەڵێم هونەرمەندیش وەك مرۆڤێكی ئاسایی گرفتەكان كاری تێدەكەن، بەلام چۆنیەتی گەڕانەوە و زاڵ بوون بەسەر گرفتەكان دەمینێتەوە سەر ئیرادە و توانای ئەو كەسە. من هونەرمەند و دایك و هاوسەرم، كەواتە ئەركێكی زۆرم لەسەر شانە، سەرەڕای ئەمەش رۆژانە كاتی خۆم دابەش كردووە، بەشێكم بۆ وەرزش تەرخان كردووە، هەروەها منداڵ و هاوسەرەكەشم پشتگوێ نەخستووە و لە كاری هونەریشدا بەردەوامم، بەردەوام ئاگاداری كار و هەواڵە هونەرییەكانیشم، ئەمە جگە لەوەی لە خوێندنەوەش دانەبڕاوم، بەردەوام كتێبی دەروونناسی و رۆحی و ئایینی دەخوێنمەوە، چونكە ئەم جۆرە كتێبانە وا لە مرۆڤ دەكەن، خۆی بناسێت و باشتر مامەڵە لەگەڵ دەوروبەریدا بكات.
سەبارەت بە پێداویستییەکانی هونەرمەندی گۆرانی و مۆسیقا بۆ بەردەوام بوون لە کاری هونەری مەیسەم دەڵێ: بەر لە هەموو شتێك پێویستی ناسنامەیەكی تایبەت بە خۆی هەبێت كە پێی ناسرا بێت و سەركەوتوو بێت لە بواری هونەری، هەروەها دەبێ خاوەن كارێزما و ئامادەبوونێكی بەرچاو بێت، لەوانەش گرنگتر پێویستە خاوەن دەنگێكی خۆش بێت، چونكە هەر كەسێك لە بواری هونەریدا كار بكات و خاوەن دەنگی خۆش نەبێت ناتوانێت بەردەوام بێت.
گرفتە کۆمەڵایەتییەکان زۆر جار دەبنە هۆی پەکخستنی هونەرمەندان مەیسەم بەم شێوەیە رای خۆی سەبارەت بەم مەسەلەیە دەربڕی: گرفتەکان بەتایبەتی کۆمەڵایەتییەکان كاریگەرییان لەسەر هونەرمەند هەیە وەكو مرۆڤێك، ئەم هەڵكشان و داكشانانە لە رووی دەروونییەوە كاریگەری دەبێت، لە هەمان كاتدا كارتێكردنی بە سەر كارە هونەرییەكانییەوە دیارە، چونكە زیاتر خەریكی چارەسەر كردنی ئەو گرفتانە دەبێت و ئەگەر بۆ ماویەكی كاتیش بێت هونەرەكەی پشتگوێ دەخات، بەڵام هەرچۆنێك بێت دوای ماوەیەك دووبارە دەگەڕێتەوە ئەمەش سروشتی مرۆڤە.
سەبارەت بە گرفت و ئاستەنگی نێوان خودی هونەرمەندان و هەوڵدان بۆ شکاندنی یەکتری و رکابەریی نێوان هونەرمەندانیش مەیسەم نەحاس پێیوایە هەر هونەرمەندێك ئەگەر زۆر تیشكی بخرێتەسەر، ئەوا دەبێتە مایەی ئەوە كەسانێك هەن دژی دەوەستنەوە و نایانەوێ بەردەوام بێت، بە جددیش هەوڵی شكاندنی دەدەن، جا بە هەر شێوەیەك بێت، من خۆم تووشی ئەو بارودۆخە هاتووم، چونكە جارێكیان باسیان لەوە كردبوو كە گوایە من بەنیاز بووم خۆم بكوژم، ئەمەش هەمووی دوور بوو لە راستی و نازانم ئەو كەسەی ئەم پروپاگەندی بڵاوكردبۆوە، چ مەبەستێكی هەبووە، بەڵام جاریوایە هەندێك لە هونەرمەندانیش هەوڵ دەدەن باسیان بكرێ، تەنانەت پروپاگەندەش بڵاودەكەنەوە، ئەگەر خراپیش بێت، تەنیا بۆ ئەوەی باسیان بكرێت لە دەزگاكانی راگەیاندن و خەڵك لە خۆیان كۆدەكەنەوە و بەمەش زیاتر ناوبانگ پەیدادەكەن، ئەمەش بە جۆرە سەركەوتنێك بۆ خۆیان دادەنێن.
لە کۆتاییشدا سەبارەت بەو ئافرەتانەی کە پشت بە ورووژاندن دەبەستن بۆ بەردەوامبوونیان لە مەیدانی هونەری، مەیسەم دەڵێ: هەندێک لە ئافرەتە گۆرانیبێژەكان زۆر پشت بە دەنگیان نابەستن، بەڵام لە كۆتاییدا دەنگە رەسەنەكان و هونەرمەندە راستەقینەكان ئەوانەی بەهرەی هونەری و توانای پێشكەشكردنی خزمەتیان هەیە بۆ جەماوەر بە دیار دەكەون، كە كێن و كێن ئەوانەی تەنیا خۆیان نمایش دەكەن، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێت، ماوەی چوار تا پێنج ساڵ دەبێت دەنگ بە تەنیا گرنگ نییە بۆ سەركەوتنی هونەرمەند، بەڵكو پێویستی بە دەنگ و رەنگ هەیە، واتە رووخساریش رۆڵی دەبێت، ئەمەش دیسان دەمێنێتەوە سەر ئەو كەسەی گۆرانی دەڵێ، هەر كەسێكیش ئازادە، ئەوەی بیەوێ دواڕۆژێكی هونەری باشی هەبێت، پشت بە دەنگ و توانا هونەرییەكانی خۆی دەبەستێت و ئەوەانەی بیر لە دواڕۆژ ناكەنەوە و تەنیا بۆ كات بەسەربردن گۆرانی دەڵێن، ئەوانە زۆر گرنگی بە توانا و ئاستی هونەرییان نادەن.
Top