دیبیكا: بۆ ئێمە بۆڵیۆد لە هۆڵیۆد كەمتر نییە
دیبیكا زیاتر دەربارەی بۆڵیۆد دەڵێ: بە شێوەیەكی گشتی دەتوانم بڵێم پیشەسازی سینەمای بۆڵیۆد هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و لە زۆر رووەوە پێشكەوتووە، لەوانە تەكنیكی سینەما و بوونی ئەكتەری زۆر بە توانا و جەماوەری زۆر لە سەرتاسەری جیهان، ئەمانەش خاڵی سەرەكین بۆ سەركەوتنی سینەما، لە بارەی بەرهەمهێنانی فیلمیشەوە ئێستا لە ئاستێكی زۆر بەرزدان و ساڵانە بە سەدان فیلمی سینەمایی جۆراوجۆر لە بۆڵیۆد بەرهەم دەهێنرێت و لە بارەی فرۆشتنی پلیتەكانیش لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە.
دیبیكا ئاماژەی بە خاڵێكی دیكە كرد دەربارەی بۆڵیۆد و بە خاڵێكی گرنگی زانی و وتی: بە ڕای من بۆڵیۆد هیچی لە هۆڵیۆد كەمتر نییە، چونكە ئێستا ئەستێرەكانی بۆڵیۆد بەشداری لە فیستیڤاڵە جیهانییەكان و فیلمەكانی هۆڵیۆددا دەكەن و بە پێچەوانەشەوە بەشێكی زۆر لە ئەستێرە جیهانییەكان لە فیلمەكانی بۆڵیۆددا بەشداری دەكەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە لە ئاستی جیهانیش پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.