ئەنۆشكا شانكارای گوزارشت لە كارەساتی پەنابەران دەكات

ئەنۆشكا شانكارای گوزارشت لە كارەساتی پەنابەران دەكات
ئەنۆشكا شانكارای كچی رافی شانكاری ژەنیاری بەناوبانگ و ئەفسوناوی هیندستان و بە یەكەم ژەنیاری ئامێری سێتار دادەنرێت لە جیهان و هەڵگری ناوی رافی شانكاری باوكیەتی، ئەنۆشكا ساڵانە زیاتر لە 80 نمایش پێشكەش دەكات و بە یاوەری چەندین هونەرمەندی جیهانی بەشداری لە سازكردنی ئاهەنگ و كۆنسێرت كردووە وەك: مادۆنا، سیتینگ، نینا سیمۆنی، هێربی هانكۆك، ئالتۆن جۆن، پیتەر گابرییل و جایمس تایلۆر، ئەم كچە هونەرمەندە سەرەتا لەگەڵ باوكی بەشداری دەكرد، بەڵام دوای كۆچی دوایی باوكی بەردەوام بوو لە سەركەوتنەكانی تا گەیشتە ئاستی گەورەترین ئەستێرەكانی موزیكی جیهانی.

ئەنۆشكا دوای ئەوەی چەند دیمەنێكی پڕ نەهامەتی پەنابەرانی بینی، ئەلبوومێكی نوێی بڵاوكردەوە كە گوزارشت لە نەهامەتییەكانی پەنابەران دەكات، لەم بارەیەوەش وتی: دیمەنی پەنابەران كاریگەرییەكی زۆریان لە من كرد، چونكە من لە ماڵی خۆم دانیشتووم و بە باشترین شێوە خۆراك پێشكەش بە منداڵەكانم دەكەم و گشت پێداویستییەكانیان دابین دەكەم، لە هەمان كاتدا دەبینم كە هەزاران كەس لە ترسی شەڕ را دەكەن و لە بچووكترین ماف و پێداویستییەكانی ژیانێكی ئاسایی بێبەشن، بۆیە بە ئەركی خۆم زانی گوزارشت لە مەینەتییەكانیان بكەم و بۆ من موزیك باشترین رێگایە بۆ وەڵامدانەوە و گوزارشت كردن لە هەستی خۆم دەربارەی ئەم پرسە.لە ئەلبوومە نوێیەكەیدا كە بە ناوی زەوی زێڕ- لاند ئۆف زە گۆڵد)ە هەر یەكە لە ئەكتەری بەریتانی ڤانیسیا ریدگریف و گۆرانیبێژی راپی جیهانی (ئێم ئای ئەی) بەشداری تێدا دەكەن باس لە مەینەتی پەنابەران دەكات.

ئەنۆشكای تەمەن (34) ساڵ كە لە لەندەن لە دایكبووە و لە ئەمریكا گەورە بووە و بەشێكی ژیانیشی لە هیندستان بەسەر بردووە لە ژینگەیەك كە كەلتووری جۆراوجۆری تێدا بووە ئەمەش وایكردووە كە زیاتر هەست بە ئازارەكانی پەنابەران بكات، لەم بارەیەوە دەڵێ: من خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە بە ئازادی دەژیم و لە نێو چەندین كەلتووری جیاوازدا گەورە بووم، ژیانی منیش ئەنجامی ئەم فرە كەلتووری بووە، من بڕوام بە جیهانێك هەیە كە كەلتوورەكان ببەزێنێت كە تێیدا رێزی هاوبەش و پێكەوە ژیان تێیدا زاڵ بێت، ئەنوشكا تا ئێستا پێنج خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێناوە، شانكاری باوكی بە ژەنینی سێتار لە رۆژئاوا ناسراوە و لە ساڵی 1971 لەگەڵ جـــــــۆرج هاریسۆنی ژەنیــاری تیپی (بیتلز) بەشداری چەند ئاهەنگێكی كردووە و داهاتەكەی بۆ پەنابەرانی بەنگلادش بوو كە ئەو كات بە دەست توندوتیژی و كاریگەرییەكانی زریانێكی بەهێز دەینانناڵاند.

رووداوێكی دڵتەزێن

ئەنۆشكا كە هەمیشە لەگەڵ باوكی بەشداری لە ئاهەنگەكاندا دەكرد بە ژەنێنی ئامێری سێتار بەم دواییە نهێنییەكی ناخۆش و سەختی ژیانی خۆی ئاشكرا كرد، كاتێك لە پەیامێكدا رایگەیاند كە لە تەمەنی منداڵیدا دووچاری دەستدرێژی سێكسی بۆتە و هۆكارەكانی دركاندنی ئەم نهێنییەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی(ملیار دەنگ) بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە مێینە لە شریتێكی ڤیدیۆییدا روونكردەوە و گوتی: « لە تەمەنی منداڵیمدا و بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە بەردەوام لەلایەن كەسێكی نزیكی خانەوادەكەمەوە رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بوومەتەوە، زۆر هەوڵمدا ئەو نهێنییە بپارێزم، بەڵام بۆ پاڵپشتی كردنی ئەم هەڵمەتە و بۆ ئەوەی دەنگی خۆم بخەمە پاڵ دەنگی ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و توندوتیژی دەبنەوە بڕیارم دا ئەم نهێنییە ئاشكرا بكەم كە چەندین ساڵە لە ناخی خۆمدا هێشتۆتەوە و نەمدركاندووە، چونكە هەست دەكەم ئێستا كاتی هاتووە بۆ ئەوەی روونی بكەمەوە كە ئافرەت لە هەر پلە و پایەیەكی كۆمەڵایەتیدا بێت ئەگەری هەیە رووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە.

ئەنوشكا هەروەها دەڵێ: كاتێك گەورە بووم وەك زۆربەی ئافرەتان دركم بەوە كرد كە دووچاری چەندین شێوەی جیاجیای توندوتیژی بوومەتەوە، بەڵام نەمدەزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە بكەم و چۆن بتوانم ئەو واقعەی تاڵەی كە بۆ ماوەی چەندین ساڵ تێیدا دەژیام بیگۆڕم، تاكو لە كۆتاییدا گەیشتمە ئەو بڕیارەی كە پێویستە ئەم نهێنییە بدركێنم و راپەرینێك بەرپا بكەم بۆ رزگاركردنی ئافرەتان وڵاتەكەم و بەشدارییەكی كاریگەر بكەم لە هەڵمەتی (ملیار دەنگ).
ئەنۆشكا بەوە ناسراوە كە رێچكەیەكی نوێی هێناوەتە نێو موزیكی كلاسیكی هیندی، چونكە ئامێری سێتاری تێكەڵ بە تەپڵ و گیتار و فلامینگۆی ئیسپانی و موزیكی راجی هیندی كردووە بەشێوەیەكی جوان و بەم تێكەڵ كردنە فەنتازیەكی لە موزیك درووستكردووە.

ئەلبوومی (تراڤیلرز) كە ساڵی 2011 بڵاوی كردەوە شەشەم ئەلبوومی تایبەتی خۆیەتی و سەركەوتنێكی بەرچاو و بێ وێنەی بەدەستهێنا، چونكە گەڕانەوەیە بۆ موزیكی كلاسیكی فلامنگۆی ئیسپانی لەسەر هێڵێكی هاوبەشی موزیكی قەرەجەكان لە وڵاتی راستەقینەی خۆیان لە راجستان و تێپەڕبوونیان بە عێراق و ئێران و ئەرمینیا تا دەگاتە ئیسپانی بەمەبەستی پتەوكردنی پێوەندیی بەتینی نێوان موزیكی هیندی و ئیسپانی.
Top