خانەوادەی ئەمیتاب باتشان یەكێكە لە خانەوادە بەناوبانگ و ناسراوەكانی هیندستان و جیهان، كاتێ ئیشواریا رای شاجوانی پێشووی جیهان ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئەبهیشكی كوڕی ئەمیتاب پێكهێنا بە حوكمی ئەوەی یەكێكە لە ئەكتەرە سەركەوتووەكانی بۆڵیۆد و بەشداری لە چەند فیلمی هۆڵیۆددا كردووە. بەڵام ناوبانگی ئیشواریا و بەردەوام بوونی بەردەوامی لە فیستیڤاڵی كان و بوونی بە باڵیۆزی ماركەی لۆریال وایان كرد كە زاڵ بوو بەسەر ناوبانگی هاوسەرەكەی و گەیشتە راددەیەك كە كەسانێك وا بیر بكەنەوە كە ئیشواریا بەخێوكەری راستەقینەی ئەم خانەوادەیە بێت لە بۆڵیۆد، تەنانەت چەند رەخنەگرێك ئەوەیان باس كرد ئابهیشك هەست بەوە دەكات كە ناوبانگی لەژێر هەڕەشەی هاوسەرەكەی دایە، چونكە سەرەڕای ئەوەی ئابهیشك خاوەن بەهرەیەكی زۆرە، بەڵام وەكو پێویست گرنگیی پێنەدراوە.
ئیشواریا بەهۆی منداڵ بوونەوە و سەرقاڵ بوونی بە پەروەردە كردنی كچەكەی ماوەی 5 ساڵ دووركەوتەوە، بەڵام كاتێك گەڕایەوە بەشداری لە دوو فیلمدا كرد و سەركەوتنی بێ وێنەی بەدەستهێنا، لەمەشدا دەردەكەوێت كە ناوبانگی خانەوادی ئەمیتاب بۆ چەند ساڵێكی دیكەش بەردەوام دەبێت، بەڵام رەنگە هەندێك گرفت بۆ ئیشواریا و هاوسەرەكەی درووست ببێت.