بەختیار سەعید: بە قیستیش تابلۆ بە عاشقانی تابلۆ دەدەین
كەواتە كێشەكە لە كوێدایە؟ من پێموایە نەبوونی ناوەند و دەزگا، یان فرۆشگای بەرهەمی هونەری، دەرگای بە رووی رەوشەكەدا داخستووە. بەختیار سەعید، كە یەكێكە لە خەمخۆرانی دڵسۆزی دنیای هونەری شێوەكاری، لەم رووەوە یەكەمین هەنگاوی نا. فرۆشگایەكی تابلۆی بە ناوی (7 رەنگە) لە شاری سلێمانیدا كردەوە. ئەم هەنگاوە بە ئاراستەیەكی دروستە. بۆ سەركەوتنی، پشوودرێژی پێویستە. بە چەند پرسیارێك ویستمان لە كرۆكی پرۆژەكە نزیك ببینەوە.
تاریق كارێزی
* ئایا (7 رەنگە) فرۆشگایەكی هونەرە، یان گەلەرییە؟
- (7 رەنگە) هەوڵێكە بۆ بە كەلتوور كردنی تابلۆ لە ناو ماڵ و فەرمانگە و ئۆفیس و نەخۆشخانە و هەموو ئەو شوێنانەی كە تێیاندا دەژین، واتە ناوەندێكە بۆ فرۆشتنی تابلۆ، ناوەندەكە تابلۆی شێوەكارانی شارەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان و بەشێك لە شێوەكارانی كوردی ئەوروپای، بۆ فرۆشتن تێدا نمایش دەكرێت.
*بۆچی ناوتان نا (7 رەنگە)؟ چ جۆرە بەرهەمێكی شێوەكاریی تێدا دەفرۆشرێت؟
-مەبەست لە ناونانی 7 رەنگە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بەشەكانی هونەر حەوتن، بۆ نموونە بە سینەما دەگوترێت هونەری حەوتەم، هەر بۆیە ئێمە وەك قۆناغی یەكەم كار لە سەر تابلۆ، یان هونەری شێوەكاری دەكەین، كە بە خستنە ناو ژیانمان لە رێگای تابلۆوە، دواتریش كار دەكەین بۆ هونەرەكانی مووزیك و سینەما و شانۆ، هەر لە ڕێی سیدی و چاپكراو و هەل ڕەخساندن بۆ بوونی ئەو هونەرانە لە ناو ژیانماندا، لە ناو ناوەندەكەدا ئێستا تەنیا تابلۆ دەفرۆشین، كە هەڵگری سیمای بەرهەم و تابلۆی شێوەكارانی كورد بێت، هەروەها لەو ماوەی داهاتوودا سیرامیك و پەیكەر دەبێتە بەشێكی تری ناو پرۆژەكەمان.
*كێن ئەوانەی تابلۆ و بەرهەمی هونەری بۆ (7 رەنگە) دەهێنن؟
-شێوەكارەكان بە بێ جیاوازیی ستایل و شار و شارۆچكە، تەنیا مەرج بۆ وەرگرتنی تابلۆ لە شێوەكاران، تەكنیكی كاركردنەكەیە. شێوەكاران بەردەوام پێوەندیمان پێوە دەكەن بۆ ئەوەی تابلۆیان لێ وەربگرین. ئێمە داوایان لێ دەكەین سەرەتا فۆتۆی تابلۆكانمان بۆ بنێرن، دواتر ئێمە ئەو تابلۆیانە دیاری دەكەین كە بیانهێنن. ئەوان لە دیاریكردنی نرخ ئازادن. هەر كارێك وەكوو ئەزموون بۆ ماوەی شەش مانگ دەمێنێتەوە، ئەگەر نەفرۆشرا، داوا لە شێوەكارەكە دەكرێت تابلۆكە بگۆڕێت بە تابلۆیەكی تر، تەنانەت بۆ ئەوەی تابلۆ بچێتە هەموو ناوەندەكانی ژیانەوە، بڕیارمان داوە تابلۆ بە قیست بدەینە عاشقانی تابلۆ.
*تا چەند بۆ گەشەكردنی هونەر، بە كاڵاكردنی بەرهەمی هونەری گرنگە؟
-بە دڵنیاییەوە بە كاڵاكردنی بەرهەمی هونەری زۆر گرنگە، چونكە لە لایەك لە ڕووی داراییەوە گرنگی و بایەخێكی زیاتر دەبەخشێتە كار و بەرهەمی هونەری، لە هەمان كاتدا هونەرمەندان مافی خۆیانە بە بەرهەم و كاری هونەریی خۆیان بتوانن ژیانی خۆیان بنیاد بنێن، گوزەران و داهاتوویەكی باشتر مسۆگەر بكەن، هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا.
*نرخی تابلۆ و بەرهەمی هونەری چۆن دیاری دەكەن؟
-دیارە ناوی شێوەكارەكە، تەمەنی تابلۆكە، بابەت و ستایلی شێوەكارەكە، ئەمانە هەموویان رۆڵیان هەیە لە چۆنێتیی دیاریكردنی نرخی تابلۆكان.
*چ تەرزە شێواز و ستایلێكی هونەر نمایش دەكەن؟
-ئەو تابلۆیانەی نمایش كراون، هەموو قوتابخانە و ستایلێكیان لەخۆ گرتووە، چونكە دواجار ئەو كەسانەی بۆ كڕینی تابلۆ دێن، كەسانێكن خاوەن ئارەزووی جیاجیا، هەروەها تێڕوانینیان بۆ تابلۆ و كاری هونەری جۆراوجۆرە، هەر بۆیە دەبێت تابلۆكان لە ڕووی ستایل و قوتابخانەی هونەرییەوە، هەمەجۆر بن.
*پێتانوا نییە، كە زیاتر تابلۆی ریالیزم و ستایل كلاسیك لەگەڵ زەوقی كۆمەڵ و كڕیاراندا دەگونجێ؟
-ئەوە راستە، رۆزرترین داواكاری لەسەر ئەو تابلۆیانەیە كە كلاسیك و ڕیالیزمن، چونكە ئەو كەسانە بەو شێوەیە دەڕواننە كارە هونەرییەكە، وەكوو بیرەوەری و ئاوێنەیەكی تەمەن و ژیانی خۆیان، ئاسانتر لە ڕووی بابەتەوە تێی دەگەن.
*كێ لە پشت بیرۆكەی دامەزراندنی (7 رەنگە)وەیە؟
-لە راستیدا ئەم بیرۆكەیەم بۆ ماوەی ساڵێك دەبێت كاری لە سەر دەكەم، بەڵام بە هۆی نەبوونی هەلی گونجاو تا ئەو كاتەی هاوڕێیەكم هەلی بەخشینی شوێنێكی بێ بەرامبەر پێ دام، كە هاتنەدیی خەونەكەی بۆ نزیكتر كردمەوە، بۆ خۆشم خاوەنی چەندین تابلۆی شێوەكارانم، لە هەمان كاتدا داوای تابلۆشم لە شێوەكاران كردووە، تاكوو پێكەوە دنیایەكی نوێی كاری هونەری لە ناو ژیانماندا بخولقێنین.
*شێوازی رێككەوتن لەگەڵ كڕیاردا چۆن دەبێ؟ ئایا بەرهەمی هونەری قابیل سەودایە، یان نرخ لە (7 رەنگە)دا جێگیر و نەگۆڕە؟
-شێوەكار لە دیاریكردنی نرخ لە سەر تابلۆكانی ئازادە، لەگەڵ كڕیاریشدا بواری گفتوگۆ لە بارەی نرخی كاری هونەرییەوە هەیە، 7 رەنگە لەو نێوەندەدا تەنیا داهاتێكی كەمی پێ دەبڕێت، لە ئەنجامی فرۆشتنی كارە هونەرییەكان.
*پێتوایە بەرهەمی هونەریی نێو (7 رەنگە) كڕیاری دەبێت؟
-هەرچەندە ئێستا كڕیار زۆر ئەستەمە، بە هۆی ئەو بارە ئابوورییە خراپەی كە رووی لە هەرێم كردووە، بەڵام چونكە ئێمە پرۆژەكەمان هێندەی كەلتوورییە، هێندە بازرگانی نییە، لەبەر ئەوە هێندەی بتوانین هەلی فرۆشتنی تابلۆ دەڕەخسێنین، چونكە لە ناو شاری سلێمانیدا ژمارەیەك كەسایەتی هەن، كە كڕیاری بەردەوامی تابلۆن و ئێمەش پشتیان پێ دەبەستین.
*ئایا هیچ پلانێكتان هەیە بۆ ریكلام و پەیداكردنی هەڕمێن؟
-بیرۆكەی تایبەتمان هەیە، لەگەڵ سەرەتای مانگی حەوت دەست پێدەكات. كارەكان دەبەینە ناو دەزگا و ناوەندی جیاجیاوە، هیوادارین پێكەوە كار بكەین بۆ بەدیهێنانی دنیایەك لە هونەری كوردی لە ناو بوارە جیاوازەكانی ژیانماندا.