خانمە گۆرانیبێژی رۆژئاوای كوردستان ئالین كە نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە وەك ئەركێكی سەرشانی بە چەند سروودێكی نیشتمانی پشتیوانی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی و لە نامەیەكیش ئاڕاستەی ئەنجێلا مێركل-ی راوێژكاری ئەڵمانیا دەكات و تێیدا داوای پشتیوانی ئەڵمانیا دەكات بۆ كورد و داعشی بە دوژمنی مڕۆڤایەتی ناوبرد. لە ئێستاشدا ئالین سەرقاڵی تۆماركردنی سروودێكی نوێیە بە ناوی (یەكێتی كوردان) و لە رێگای ئەم سروودەوە داوی یەكڕیزی نێوان رۆڵەكانی كوردستان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، لەم بارەیەوە ئالین بە گوڵانی راگەیاند: ئەم سروودە نوێیە لە تێكستی من و مامۆستا ئەدیب چەلكییە و ئاوازی چەند موزیسیانێكی كورد و ئەڵمانییە و لە چەند رۆژی داهاتوو بە نیازم لە كوردستان وەك كلیپ تۆماری بكە، ئەم سروودە بە تەكنیكێكی بەرزەوە تۆمار كراوە و پێشكەشی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان و جەماوەری خۆمی دەكەم.
دەربارەی پەیامی خۆی لەم سروودەدا ئالین گوتی: یەكێك لە ئاواتەكانی هەموو كورد بریتییە لە یەكڕیزیی كورد لە هەموو پارچەكان، چونكە دوژمنان لە هەموو لایەكەوە دەوریان داوین و هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی نێوانمان دەدەن، بۆیە من وەك كوردێك داوای ئاشتی و برایەتی و یەكێتی نێوان رۆڵەكانی كوردستان، چونكە بە تەبایی و یەكڕیزی دەگەین بە ئامانجەكانمان، هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی حكومەت و راوێژكاری ئەڵمانیا بكەم بۆ ئەو یارمەتی و هاوكارییە سەربازیانەی كە پێشكەشی پێشمەرگەیان كرد لە شەڕی داعش و بووە هۆی گۆڕینی باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی پێشمەرگە و تۆماركردنی سەركەوتنی گرنگ لە بەرەكانی جەنگ هەر بۆیەش بەشێكی سروودەكەم بە زمانی ئەڵمانییە.