ئەحلام حەجی: حەز دەكەم سەردانی كوردستان بكەم

ئەحلام حەجی: حەز دەكەم سەردانی كوردستان بكەم
ئەحلام حەجی بە رەچەڵەك عێراقییە و لە مەغریب لە دایكبووە، بەڵام لە پاریسی پایتەختی جوان نیشتەجێیە، هەر لەوێش زیاتر دەركەوتن و ناسرا، خوێندنی لە بواری ئابووری تەواو كردووە، بەڵام كارەكەی هیچ پێوەندییەكی بە ئابوورییەوە نییە، چونكە ئێستا یەكێكە لە مۆدێلە جوانەكان وهەڵگری نازناوی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و خاوەن ماركەیەكی بۆنی تایبەتە بە ناوی خۆیەوە، لە هەمان كاتدا باڵیۆزی نیازپاكییە ئەویش لە رێگای رێكخراوی (خەونەكانی منداڵان) كە تایبەتە بە بواری منداڵان، ئەمە جگە لەوەی گۆرانیبێژە و تا ئێستا چەندین ئۆفەری پێشكەشكراوە لە بواری سینەما، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

• چۆن بوو خۆت لە بواری جلوبەرگ و مۆدەدا دۆزییەوە؟
- خۆشەویستی من و مۆدە بۆ سەردەمی منداڵیم دەگەڕێتەوە، بە پێچەوانەی خوشك و براكانم لە منداڵییەوە دایكم بە دەست منەوە دەیناڵاند بە هۆی خۆشەویستیم بۆ جلوبەرگ، ئەم خۆشەویستییە پەرەی سەند و گەورە بوو تا وای لێهات پشتیوان بە خوا بووم بە یەكێك مۆدێلی چەندین ماركەی جیهانی جیاجیا، لە هەمان كاتدا شارەزاییەكی مەیدانی زۆرم لە بوارەكەدا پەیدا كرد ئەمەش دەرگاكانی لەبەردەمم كردەوە.، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هاتنی من بۆ نێو ئەم بوارە بە مەبەستی ئەوە بووە كە دەربڕی خودی خۆم و بەهرەكانم بم و پێوەندی بە مەسەلەی بازرگانییەوە نییە، بەڵكو كارەكە مەعنەوییە و ئامانجی من تێیدا ئەوەیە كە گوزارشت لە خودی خۆم بكەم بەشێوەیەك كە شایەنی من بێت.
• ئێستا تۆ یەكێكی لە كەسایەتییە ناسراوەكان، ئایا ئەمە زیانی پێنەگەیاندووی؟
- نەخێر، چونكە خۆشەویستی خەڵك و متمانەی میدیاكانم بە دەستهێناوە ئەمەش سەروەتێكی باشە، راستە زۆر جار رەنگە تووشی سەرئێشە و گرفتیش ببمەوە، بەڵام بۆ من جێگای شانازییە كە توانیومە ناوی خانەوادەكەم و ئاڵای وڵاتەكەم لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بەرز بكەمەوە.
• كەسانێك بەوە تاوانبارت دەكەن كە زیاد لە پێویست جورئەت بەخۆت دەدەی بەتایبەتی لە كاتی وێنەگرتندا ئەمە تا چەند راستە؟
- من كەسێكی بە جورئەتم لە هەنگاو نان بەرەو دواڕۆژ، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نیم بۆ جورئەتێك كە لەگەڵ بۆچوون و قەناعەت و ژینگەكەم نەگونجێت و ئەگەر ناوبانگ و بە جیهانی بوون لەسەر حیساب كەرامەتی من بێت ئەوا نامەوێ، بۆیە ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ من دوورن لە راستی و بێ بەڵگەن.
• لەو بوارەی تۆ تێیدا كار دەكەی جوانی تاكە رێگایە بۆ ئەوەی ئافرەت ناوبانگ پەیدا بكات؟
- بێگومان ئەمە راستە، بەڵام جوانی تاكە هۆكار نییە، بەڵكو لە پاڵ جوانی پێویستی بە رۆشنبیریش هەیە، لە كاری تەلەفزیۆنیدا ناتوانی بڵێی (جوان بە و ئیتر بێدەنگ بە).
• پێتوایە كارێكی باشت هەڵبژاردووە و تا چەند خۆت تێیدا بە سەركەوتوو دەزانی؟
- من خاوەن بەهرەی زۆرم و دەزانم چۆن و لە كوێدا بەكاریان بهێنم، سەبارەت بە سەركەوتنیشم لەم بوارە من تا ئێستا لە سەرەتای رێگام و گشت تواناكانی خۆم تێیدا خستۆتە گەڕ بۆیە هەست ناكەم سەركەوتنم بە دەست نەهێنابێت، پێشبینیش دەكەم سەركەوتوو بم، چونكە ئەوەی خۆی ماندوو بكات و ئەرك بكێشێت بێگومان سەركەوتن بەدەست دەهێنێت.
• بیستوومانە بە نیازی لە رێگای ئەو رێكخراوەی كە بەڕێوەی دەبەی و تایبەتە بە منداڵان سەردانی كوردستان بكەی ئەمە تا چەند راستە؟
- ژمارەیەكی زۆر پەنابەری سوری ئێستا لە كوردستانی عێراق نیشتەجێ كراون، بێگومان كاتێك مرۆڤ ئاوارە دەبێت و شوێنی خۆی جێدەهێڵیت پێویستی بە هاوكاری هەیە بەتایبەتی منداڵ و ئافرەت، هیوادارم بتوانم سەردانی كوردستان بكەم و لە نزیكەوە یارمەتی ئەو منداڵانە بدەم. هەروەها بەر لە (15) رۆژ من بانگهێشت كرابووم بۆ ئەوەی لە هەولێر ببمە سەرۆكی لیژنەیەكی هەڵبژاردنی شاجوان، بەڵام نەمتوانی بێم.
• كەواتە سەردانە چاوەڕوان كراوەكەت بۆ یارمەتیدانی منداڵە پەنابەرەكان دەبێت؟
- رێكخراوەكەی من تایبەتە بە منداڵان و سەرەتا تەنیا لە چوارچێوەی مەغریب كارم دەكرد، بەڵام ئێستا كارەكانم بەرفراوان بوون یەكێك لە هۆكارەكان ئەمە دەبێت، بەڵام تاكە هۆكار نییە، چونكە من لە بارەی ئەو وڵاتە زانیاریم هەیە هەروەها هاوڕێی كوردیشم هەیە و لە میانەی باس كردنیان سەبارەت بە كوردستان، دڵسۆزی میللەتی كورد و یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە دووچاری رووداو و كارەسات دەبنەوە كە مایەی رێز و تەقدیرن، هەروەها سروشتی جوانی ئەو وڵاتە و كەلتوور و مێژووەكەی سەرنجیان راكێشاوم بۆیە حەز دكەم لە نزیكەوە بیبینم.
• كاری تۆ پێوەندی بە جلوبەرگەوە هەیە چ زانیارییەكت سەبارەت بە جلوبەرگی كوردی هەیە؟
- لە دڵەوە حەز دەكەم جلوبەرگی ئافرەتانی كورد بپۆشم، چونكە زۆر جوانن بەتایبەتی ئەو جلوبەرگە نوێیانەی كە ئێستا ئافرەتانی كورد دەیپۆشن، تەنانەت من داوام لە هاوڕێیەكم كردووە كە جلوبەرگی كوردیم بۆ ئامادە بكات، بۆ ئەوەی چەند وێنەیەكی پێ بگرم و بڵاویان بكەمەوە.
Top