(گوڵچین و خەیاڵەكانی ڕۆستەم) رووداوەكانی ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو زیندوو دەكاتەوە

(گوڵچین و خەیاڵەكانی ڕۆستەم) رووداوەكانی ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو زیندوو دەكاتەوە
هونەرمەند و دەرهێنەر لوقمان غەریب، خاوەنی چەندین كاری فیلم و زنجیرە درامای جوان و ناوازەیە كە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامی داوە، لە ئێستادا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێكی درێژە بە ناوی (گوڵچین و خەیاڵەكانی ڕۆستەم) كە لە رێگای ناوەندی بەرهەمهێنانی كاری تەلەفزیۆنی و سینەمایی كوردی (GAV KURD ART) دەستی بە قۆناغی بەرهەمهێنانی كراوە، لە دیمانەیەكدا سەبارەت بەم كارە نوێیە و بەرهەمەكانی پێشووی بەم شێوەیە بۆ گوڵان هاتەئاخافتن.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو بابەتە مێژووییانەی كە لە ئێستادا بۆ فیلم و دراماكانی دیاری دەكات، لوقمان غەریب-ی دەرهێنەر و هونەرمەندە دەڵێت: ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژەی بەرهەمهێنانی ٤ فیلمی درێژدا كە ناوەندی ناوبراو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥وە دەستی بە ئەنجامدانی كردووە. من لە ماوەی 20 ساڵی رابردووی كاركردنم لە بواری هونەری فیلمسازی و دەرهێنانی درامای كوردیدا هەوڵمداوە ئەو بابەتانە هەڵبژێرم كە گوزارشت لە ئەندێشە و ئێش و ئازارەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی دەكات، هەروەها بۆ سەرخستنی پرۆژە هونەرییەكانیش هەمیشە پێكهاتەی باش لە تێكست و تەكنیك و كاستی هونەریی خاوەن ئەزموون و سەركەوتووم بەكارهێناوە تا بتوانم لە ئاستێكی باشدا بەرهەمەكانم بگەیەنمە بینەر و لەم رووەوە زیاتر لە (40) فیلمی دیكیۆمنتاریم لە بابەت و شێوازی جۆراوجۆر بەرهەمهێناوە.
دراما یەكێكە لەو بوارانەی كە زۆرترین بینەر دەیبنن، چونكە لە رێگای تەلەفزیۆنەوە دەچێتە هەموو ماڵێك، لەم بوارەوە لوقمان غەریب دەڵێ: من لە ساڵی 2007 لە سلێمانی ناوەندی (GAV KURD ART)م بۆ بەرهەمهێنانی هونەری دامەزراند كە تا ئەمڕۆش دەنگدانەوەیەكی زۆر باشی هەیە و بەردەوام شوێنی كاركردنی هونەرمەندە بەناوبانگەكانە، لە بواری درامای تەلەفزیۆنیدا دەتوانم بڵێم زورترین بەرهەمم پێشكەش چەندین كەناڵ كردووە، واتە بەرهەمەكانی من تەنیا لە یەك كەناڵدا پەخش ناكرێن، وەك هەندێك دەرهێنەری تر، درامام هەبووە لە چوار تا پێنج كەناڵ پەخش كراوە، بۆ نموونە لە ساڵی 2007 درامای (لە گوڵێك كاڵتر)م پێشكەش كرد و لە 5 كەناڵی تەلەفزیۆنی پەخش كرا، لەوانە (نەورۆز، زاگرۆس، كۆرەك، كوردستان تیڤی، گەلی كوردستان). هەروەها لە ساڵی 2009 زنجیرە درامای (نامەكانی ئەشرەف) و لە ساڵانی 2010-2011 دیسان زنجیرە درامای (رەیحانە)م بۆ كوردستان تیڤی بەرهەمهێنا كە لە مێژووی هونەری كوردیدا یەكەم جارە زنجیرە درامایەكی (40) ئەڵقەیی بەرهەم بهێنرێت، (نامەكانی ئەشرەف و رەیحانە) دوو دراما بوون تەواو جیاواز بوون لە رووی ناوەڕۆك و ستایل و تەنانەت بەشدارییشەوە، دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرەزۆری هونەرمەندە بەئەزموون و ناسراوەكان بەشدارییان تێیاندا كرد، لە ساڵی 2012 زنجیرە درامای (دوا بڕیاری یاقوب)م بەرهەمهێنا و زیاتر لە (65) ئەكتەر رۆڵیان تێیدا گێڕا، لەو بەرهەمەدا (14) ئەكتەری نوێ بەشدارییان كرد و سەرەڕای ئەوەی یەكەم جاریان بوو بێنە بەردەم كامیرا، بەڵام زۆر سەركەوتووانە رۆڵیان گێڕا، (دوا بڕیاری یاقوب) كە پێكدێت لە (40) ئەڵقە و ماوەی هەر یەكیان (40) خولەكە لەلایەن كۆمپانیای بابیلۆن-ـەوە مافی بڵاوكردنەوەی كڕایەوە و لە كەناڵەكانی (كۆرەك تیڤی و كەناڵ 4) پەخش كرا، ئەمەش بازدانێكی نەوعی بوو لە بەرهەمهێنانی درامای كوردی.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی فیلم لە ناوەندی گاڤ لوقمان غەریب دەڵێ: ماوەی دوو ساڵ لە بەرهەمهێنان وەستام و زیاتر سەرقاڵی نووسینی چەند دەقێك بووم لەوانە زنجیرە درامای (ئەوین لەژێر باڵی تاریكیدا) كە 30 ئەڵقەیە، هەروەها سیناریۆی فیلمەكانی (دانیشتووانی عەلیاوا، بازاڕی كۆنە فرۆشان، سەگەكانی رەزا بەگ، لەبەر بەرژوەندی گشتی و گوڵچین و خەیاڵەكانی رۆستەم) كە ئەمەی دوایینیان سەرقاڵی بەرهەمهێنانین و هەردوو فیلمی (دانیشتووانی عەلیاوا و بازاڕی كۆنە فرۆشان) تەواوبوون و ئێستا ئامادەن بۆ پەخشكردن.
ئەم فیلمانە زۆربەیان باس لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان و بابەتی جۆراوجۆر دەكەن و توانیمان لە رووی تەكنیك و بەرهەمهێنانەوە نوێكاری بەرچاویان تێدا بكەین و زۆرترین ئەكتەری ناسراو و خاوەن ئەزموون بەشدارییان تیا كردووە و پێموایە قۆناغێكی تازەیە لە درووستكردن و بەرهەمهێنانی فیلمی درێژی دراماییدا كە بەداخەوە ئێمە لەم بوارەدا زۆر هەژارین، دیارە نەبوونی پشتیوانیی دارایی و هاوكاری و هەماهەنگی لایەنە پێوەندیدارەكان ئاستەنگی زۆی بۆ ئێمە درووستكردووە، سەرەڕای ئەمەش كۆڵمان نەداوە و بە هاوكاری خوشك و برا هونەرمەندەكانمان بەردەوام دەبین.
سەبارەت بە (گوڵچین و باخەكانی رۆستەم)یش لوقمان غەریب دەڵێ: لە ڕێككەوتی 25/5/2016 یەكەمین گرتەی فیلمەكە لە ئاوایی ناوچەی بازیان تۆمار كرا، لەم فیلمەدا ژمارەیەك هونەرمەندی ناسراو و خاوەن ئەزموونی كورد بەشداریی دەكەن لەوانە:عەلی كەریم، حەمەڕەشید هەرەس، شاناز محەمەد، عەبدولی حەمە جوان، کەمال چالاک) و لە سیناریۆ و دەرهێنانی خۆم بەرهەم دەهێنرێت و بە كامێرای ژینۆ عومەر وێنە دەگیرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی چوار فیلمی درێژدایە كە (گاڤ) لە سەرەتای ساڵی 2015وە دەستی بە ئەنجامدانی كردووە، فیلمەكە ماوەی (120) خولەكە، مێژووی ڕووداوەكانی بۆ ساڵانی شەستەكان دەگەڕێتەوە، وا بڕیارە لە ماوەی مانگێكدا كۆتایی بە كاری بەرهەمهێنانی بهێنرێت.
گوڵچین و خەیاڵەكانی رۆستەم باس لە تەماع و عینادی و تاوانكاری دوو برا دەكات بەرامبەر بە خێزانێكی رەسەنی ناوچەكە تا دەگاتە رادەی تیاچوونی خۆیان لەو ململانێیە، ئێمە لە یەك كاتدا مەبەستمانە رووی رەخنە لە كۆمەڵگە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بكەین و بتوانین لە كۆتاییدا خزمەتێك ئەگەر كەمیش بێت بە رەوتی هونەری فیلمسازی كوردی بكەین ئیتر هەڵسەنگاندن و ئاستی بەرهەمهێنانی دەمینێتەوە بۆ بڕیاری بینەر و كایە هونەرییەكانی كوردستان.
Top