تەحسین تەها ، ئەو هونەرمەندەی شانۆی خوێند، بەڵام بووە ئەستێرەی گۆرانیی كوردی
مامۆستا جەمال محەمەد سەبارەت بە تەحسین تەها ەڵێ: تەحسین بەر لەوەی هونەرمەند بێت پێشمەرگەیەكی بە وەفا بوو بۆ وڵاتەكەی و هەستی نەتەوەیی تەحسین لە سەرەتای ژیانی لەگەڵی چەكەرەی كردووە و بەردەوام بووە تا دوایین ساتی تەمەنی بۆیە دەبینین هەمیشە لەژێر چاودێری دەزگا ئەمنییەكان بووە، لە ساڵی 1960 رووی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان كرد، بەڵام لە ساڵی 1961 وازی لە خوێندن هێنا و پەیوەندی بە شۆڕشی رزگاریخوازی كوردەوە كرد لەگەڵ خاڵێكی بە ناوی عومەر، لە ساڵی 1963 دەستگیر كرا لە زیندانی (خلف السدە) لە بەغدا دواتر بڕیارێكی لێخۆشبوونی گشتی دەرچوو كە ئەویشی گرتەوە، لە بواری هونەریش لە بنەماڵەیەكی هونەردۆست پەروەردە بووە و دەتوانم بڵێم زۆربەی گۆرانییەكانی لە هۆنراوەی باوكی و ئاوازی خۆی بووە، بۆ خۆیشی گرنگییەكی زۆری بە سەركەوتنی كارەكانی دەدا، سەرەتا هەوڵیدەدا چۆن تێكست هەڵبژێرێت كە ئاسان بێت و خەڵك بە ئاسانی تێی بگات و تێیدا سەركەوتوو دەبێت و كاریگەری لە دەروون و ناخی خۆی بكات بۆ ئەوەی بتوانێت ئاوازێكی گونجاوی بۆ دابنێت بۆیە دەبینین ئێستاش چەندین هونەرمەند هەن لە هەموو پارچەكانی كوردستان سوودیان لە كارەكانی بینیوە، رەنگە زۆر کەس باوەڕ نەکات کە نەمر تەحسین تەها لە ساڵی 1964 بەشی شانۆ لە پەیمانگا تەواو كرد، و دەکرێت بە مامۆستای پەروەردەی هونەر لە قوتابخانەی مەخمووری سەرەتایی لە پارێزگای هەولێر گەلێک چالاکی هونەریی لەبواری مۆسیقا و سروودی نیشتمانی لە و شارۆچکەیەدا دەنوێنێ و بزوتنەوەی شانۆش لە شارۆچکەکە پێش دەخات و ماڵەکەشی دەکاتە مەڵبەندێکی هونەریی و یانەی مۆسیقازان و گۆرانیبێژانی کورد.بەڵام بە هۆی حەز و ئارەزووی بۆ موزیك و پەیوەندیی لەگەڵ هونەرمەندان هانیاندا بۆ ئەوەی رووی لە بەشی موزیک بكات .
سەبارەت بە كارە هاوبەشەكانیان مامۆستا جەمال دەڵێ: رەنگە زۆر كەس ئاشنای ئەوە نەبن كە من و نەمر تەحسین تەها كارێكی زۆر گەورەمان بە یەكەوە ئەنجامداوە، دوایین بەرهەمەكانی من و بەدرخان برای كارم بۆی كردووە لە ساڵی 1988، ئەو كات بە نهێنی دەهاتە دهۆك بۆ ئەنجامدانی ئەم كارانە، ئێمە نەماندەزانی بۆچی وا بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارانە، بەڵام دواتر بۆمان دەركەوت كە بۆ ئەنفال و ئەو زوڵمە بوون كە بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە لەو سەردەمە گۆرانییەكانیش بریتی بوون لە (د گەریا مندا هیشك بوون، هەی بارانێ هەی بارانێ، من خەم دەریایەكا كویرە، وەی دنیاێی) دواتریش لە ساڵی 1991 ئەم گۆرانیانەمان وەك بەرهەمێكی سەربەخۆ بڵاو كردەوە، لە دوای راپەرینی پیرۆزیش یەكەم كۆنسێرت كە لە شاری دهۆك ئەنجامماندا بە بەشدار تەحسن تەها بوو لەو كۆنسێرتەدا داوای لە سەركردایەتی كورد كە هەستن بە پێوە و بڵێن (دێ سویند خوین ب كوردستانێ دێ ب راستی چینە ژیانێ).
لەنێوان ساڵانی (1976-1979)دا هونەرمەند تەحسن تەها، لە سێ ئۆپەرێت وەك ئەكتەری سەرەكی لەگەڵ هونەرمەندانی دیكەی وەك: سەلام مەحموود عەدۆ، سوبحی كۆیی،تەحسین سابیر، جودەت مەحموود، كوردۆ گەڵاڵی، ئەسعەد عومەر، ئامانج یونس(ئەو دەمە منداڵ بوو).
ئۆپەرێتەكان بریتی بوون لەمانە:
• ئۆپەرێتی داستانی شۆڕش نووسینی شاعیر مەدحەت بێخەو، ئاوازدانەران: وریا ئەحمەد، جان تۆماس، تەلعەت عارف، رەنجبەر حەسەن، سەید ئەحمەد بەرزنجی، دەرهێنانی تەحسین تەها، و یاریدەری دەهێنەر سوبحی كۆیی بوو، ئەم ئۆپەرێتەش لەساڵی 1977دا، لە فیستیڤاڵی چالاكی قوتابخانەكانی كوردستان و عێراق لەشاری هەولێر و بەغدا دا، خەڵاتی یەكەمی بردەوە.
• ئۆپەرێتی ڕووباری ژیان هەر لە نووسینی مامۆستا بێخەو و دەرهێنانی تەحسین تەها،و یاریدەری دەرهێنەر سوبحی كۆیی بوو، ئاوازداران هەمان هونەرمەندانی پێشوو بوون كە ئاماژەم بەناویان داوە و ئەم ئۆپەرێتەش لەساڵی 1978دا، لەشاری موسل و هەولێر نمایشكرا و خەڵاتی یەكەمی لەسەر كوردستان و عێراقدا بەدەستهێنا.
• ئۆپەرێتی دەرگاكانی ژیان لەنووسینی شاعیر نازم دڵبەند لەدەستپێكی ساڵی 1979دا.
تەحسین تەهای هونەرمەند لە مناڵییەوە حەزی لە ستران گوتن دەكرد و یەكەمین سترانیشی بەناوی (ئەشكەرا ناكەم یا لبەر ڤی دلی) لە پەیڤ و ئاوازی خۆی و لە ساڵی 1958دا، دایناوە و لە ڕۆژی 13- 4 - 1971 دا، لە ڕادیۆی كوردی بەغدا تۆماری كردوە و هەر بەم سترانەش بوو، ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد و دوا بە دوای ئەوە لەستران گوتن بەردەوام بوو.
تەحسین تەهای هونەرمەند لەو سەردەمەی باری کوردستان سەخت بوو، چووە وڵاتی هۆڵەندا و چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا بە ئاوارەیی ژیا، تاکو لە 8- 5 - 1995 دا لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بەنەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە 4- 6 - 1995 گەیشتەوە کوردستان و لە ئامێدی شاری باب و باپیرانی بەخاک سپێردرا.