ئالین داوای یەكێتی كوردان دەكات
لە ئێستاشدا ئالین سەرقاڵی تۆمار كردنی سروودێكی نوێیە بە ناوی (یەكێتی كوردان) و لە رێگای ئەم سروودەوە داوی یەكریزی نێوان رۆڵەكانی كوردستان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، لەم بارەیەوە ئالین بە گوڵانی راگەیاند: ئەم سروودە نوێیە لە تێكستی من و مامۆستا ئەدیب چەلكییە و ئاوازی چەند موزیسیانێكی كورد و ئەڵمانییە و لە چەند رۆژی داهاتوو بە نیازم لە كوردستان وەك كلیپ تۆماری بكە، ئەم سروودە بە تەكنیكێكی بەرزەوە تۆمار كراوە و پێشكەشی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان و جەماوەری خۆمی دەكەم.
دەربارەی پەیامی خۆی لەم سروودەدا ئالین گوتی: یەكێك لە ئاواتەكانی هەموو كورد بریتییە لە یەكریزی كورد لە هەموو پارچەكان، چونكە دوژمنان لە هەموو لایەكەوە دەوریان داوین و هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی نێوانمان دەدەن، بۆیە من وەك كوردێك داوای ئاشتی و برایەتی و یەكێتی نێوان رۆڵەكانی كوردستان، چونكە بە تەبایی و یەكریزی دەگەین بە ئامانجەكانمان، هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی حكومەت و راوێژكاری ئەڵمانیا بكەم بۆ ئەو یارمەتی و هاوكارییە سەربازیانەی كە پێشكەشی پێشمەرگەیان كرد لە شەڕی داعش و بووە هۆی گۆڕینی باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی پێشمەرگە و تۆمار كردنی سەركەوتنی گرنگ لە بەرەكانی جەنگ هەر بۆیەش بەشێكی سروودەكەم بە زمانی ئەڵمانییە.
شایەنی باسە بەر لە نزیكەی دوو ساڵ خانمە هونەرمەند ئالین نامەیەكی ئاراستە ئەنجیلا مێركلی راوێژكاری ئەڵمانیا كرد و داوای یارمەتیدانی پێشمەرگە و لەناوبردنی داعشی كردبوو، و مێركلیش لە نامەیەكدا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ كارەكان ئالین دەربڕی و لە نامەیەكدا بۆ ئالین نووسیبووی: وای دەبینم كەخەباتی هونەری و هونەرمەندان لەسەر ئەم بابەتە مایەی شانازییەو گرنگییەكی تایبەتی و شەخسی هەیە لەلای من ، چونكە هونەرمەندان لەپەیامەكەیاندا داوا لەگەنجە موسڵمانەكان دەكەن كە دوور بكەونەوە لە تیرۆریستان و لە تیرۆر رزگاریان دەكەن.