جانی: جگە لە گۆرانی وتن لە منداڵییەوە بە ئاواتەوە بووم بۆ نواندن خانووی خۆم فرۆشت بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكەم
- فیلمەكەم لەسەر جینۆسایدی شنگال بوو بە ناوی (74ـەمین جینۆسایدی شنگال) بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی كە تیرۆریستانی داعش لە شنگال دەرهەق بە خەڵكی خۆڕاگری ئەم شارە خۆشەویستە ئەنجامیان دا و بە یەكێك لەو تاوانانە دادەنرێت كە پێشتریش بە درێژایی مێژوو دەرهەق بە كوردانی ئەم شارە ئەنجام دراوە، من سیناریۆی فیلمەكەم نووسی و دوای راوێژكردن لەگەڵ چەندین نووسەر و رۆژنامەنووسی رۆژئاوای كوردستان دوای سێ مانگ لە مەشق و راهێنان توانیمان ژمارەیەك ئەكتەر بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە فیلمەكەدا بكەن، دواتر رووم لە ئەڵمانیا كرد بۆ ئەوەی كارەكانی فیلمەكەم تەواو بكەم، بەڵام ئەم فیلمە پێویستی بە بڕە پارەیەكی زۆر بوو، بۆیە ناچار بووم كە خانووەكەی خۆم لە ئەڵمانیا بفرۆشم، بەوەش زیاتر لە 80%ی خەرجییەكانی فیلمەكە لە ئەستۆی خۆم بووە و ئەویتریش بەشی زۆری كچەكەم دابینی كردووە.
* ئەی بەشداریكردنت لە خولی (69)ـەمینی فیستیڤاڵی سینەمایی كان كە بە یەكێك لە فیستیڤاڵە جیهانییە گەورەكان دادەنرێت، چۆن بوو؟
- كاتێك فیلمەكەم تەواو كرد، ویستمان لە فیستیڤاڵێكی جیهانی گەورەدا بەشداری پێ بكەین، ئەو كاتە وەرگرتنی فیلم لە فیستیڤاڵی كان كۆتایی پێهاتبوو، بەڵام شانسێكیان بە ئێمەدا كە بریتی بوو لە وەرگرتنی فیلمەكە لە ئاستی نمایشی تایبەت كە لە هۆڵە تایبەتەكانی كان ئەنجام دەدرێت.
* لە فیلمەكەدا رۆڵی خۆت نواندن بوو، یاخود تەنیا گۆرانیت وتووە؟
- جگە لە نووسینی سیناریۆ و بەرهەمهێنانی فیلمەكە، من رۆڵیشم تێیدا هەیە وەكو نواندن، موزیكەكەشی لە ئەستەنبول تۆمار كراوە و ژمارەیەك گۆرانییەكانی منیش لە فیلمەكەدا هەیە، هەروەها ئەركی بڵاوكردنەوەی فیلمەكەش من لە ئەستۆم گرتبوو، لە رێگای كەسێكی كورد لە پاریس كە كاری بڵاوكردنەوەی فیلم و ناردنیان بۆ فیستیڤاڵە جیهانییەكان ئەنجام دەدات، تا ئێستا بۆ زیاتر لە 8 فیستیڤاڵ نێردراوە، یەكەم بەشداریكردنی فیلمەكە لە فیستیڤاڵی كان بوو، بەشی نمایشی تایبەت و لە ركابەرێتیدابوو لەگەڵ فیلمی چەندین وڵات، ئێستاش بڕیارە لە فیستیڤاڵی مۆناكۆ بەشداری بكەین.
* گرینگی فیلمەكە بۆ خۆت لەچیدایە، بەتایبەتی كە دەربارەی كارەستانی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدییە لە دەڤەری شنگال؟
- بۆ من هەر چوار پارچەی كوردستان وەك یەكن و هیچ جیاوازیان نییە، من دەمەوێ خەمەكانی مەهاباد و قامیشلۆ و دیاربەكر و هەڵەبجە و ئەنفال و كیمیاباران و خەباتی كوردانی هەموو جیهان و ئەو زوڵم و زۆردارییەی چەشتوویانە لە رێگای ئەم فیلمەوە كە بەشێكی كەمە بە 6 ملیار كەسی جیهانی بگەیەنم بۆ ئەوەی جیهان لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی كوردان ببێ و بێتەدەنگ لە هەمبەر ئەو نەهامەتییانەی كە بەسەر ئێمەدا هاتوون.
• لە بواری گۆرانیوتن بە هونەرمەندێكی سەركەوتوو ناسراوی، چۆن بوو بیرۆكەی فیلم بە خەیاڵتدا هات؟
- بێگومان پێشتریش ئەو بیرۆكەیە لە مێشكمدا هەبوو، لە یەكەم سەردانم بۆ باشووری كوردستان كە لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بوو، لەوێ پرسیاریان لێكردم دەربارەی خەونەكانم وەكو هونەرمەندێكی كورد، بە ئاشكرا پێموتن خەونی هەرە گەورەم ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان لە فیلمێكی كوردیدا رۆڵم هەبێت و بەشدار بم، من زۆر حەزم لە فیلم بوو، ئەوەش بە لای منەوە شتێكی گرینگ بوو، پێشتر زۆرم دەربارەی سینەما و ئەكتەری سینەمایی و چۆنیەتی نواندن خوێندبوو، ئەم فیلمەش بووە دەرفەتێك بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی پراكتیكی خەونەكەم بەدی بێنم، پێموایە ئەوەی پێشكەشم كردووە، زۆر سەركەوتوو بووە، هیوادارم لە دواڕۆژیشدا بتوانم زیاتر پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم، من گەشبینم بەوەی كە دەتوانین ئێمەش لە نێو وڵاتانی جیهان دیار بین و لە رێگای فیلمەكانەوە دەنگی خۆمان بە جیهان بگەیەنین.
• دوور لە سینەما ئێستا لە بواری گۆرانی و موزیك چی نوێت هەیە؟
- سەرەڕای بارودۆخی ناهەمواری ئێستا، من لە ماوەی پێنج مانگدا توانیم دوو ئەلبووم بڵاوبكەمەوە، یەكەمیان چەند گۆرانییەكی فۆلكلۆری رادیۆی یەریڤان بوو، بۆیە بە (رەنگی یەریڤانێ ب دەنگێ جانێ) بڵاوكرایەوە كە هەر هەموویان گۆرانی كلاسیك بوون، ئەوەی دووەمیشیان بە ناوی (گوڵی چیا)یە كە سێ هونراوەی فۆلكلۆرن و یەكیان تێكستی سەركان حەكیم-ـە، ئەوانی دیكە هەموویان تێكست و ئاوازی خۆمە. بەشێوەیەكی گشتی هەست دەكەم هەر دوو ئەلبوومەكەم سەركەوتوو بوون، من خۆم بەشێكی زۆری سیدییەكانم لە رۆژانی فیستیڤاڵی كان بە سەر نووسەر و ئەكتەر و سیناریستانی جیهانیدا دابەش كرد، كەڤەری سیدییەكە بە زمانەكانی كوردی، توركی، ئەڵمانی، فەرەنسی نووسراوەتە، هەروەها هەوڵمداوە لە رێگای وێنەكانی سیدییەكەوە جلوبەرگی زۆربەی ناوچەكانی كوردستان نیشان بدەم.
• لە كارەكانتدا تا چەند گرنگیت بە گۆرانی فۆلكلۆری داوە؟
- بێگومان گۆرانی فۆلكلۆر ناسنامەی گۆرانی و فەرهەنگ و كەلتووری كوردییە، بەرهەمهێنانی گۆرانی نوێ و مۆدێرن شتێكی جیاوازە، ئەوەی فەرهەنگ و زمان و كەلتووری میللەتی ئێمەی پاراستووە تەنیا گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانە.
* پێتوایە هونەرمەندانی كورد وەكو پێویست گرینگییان بە گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان داوە؟
- لە ساڵانی رابردوودا هونەرمەندانی كورد هەموو جۆرە هونەرێكی مۆدێڕنیان پێشكەش كرد، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، ئەوەیە كە خەڵك لەم 3-4 ساڵەی دواییدا حەزدەكات گوێ لەو كەسانە بگرێت كە هونەرمەند بن لە هەموو روویەكەوە و دەنگیان هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە. بێگومان ئەوانەش لە ئێستادا ژمارەیان كەمە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بە بەراورد لەگەڵ 12 ساڵی رابردوو، ئەوەی هونەرمەندان پێشكەشی دەكەن، كارێكی باشە و خزمەت بە هونەری كوردی دەكات.