ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە (ئەو بینەرانەی لە یاد ناچن) ... ئەحمەد سالار
لەم دەفتەری یادەوەرییەدا، بە رەوام بینی و هەقی خۆیەتی، چەند نموونەیەك لەو كەسانە بهێنمەوە یاد، كە نەك بە تەنیا ئاشنای شانۆكەمان بوون، بەڵكو بەشێكی هەرە گرینگ و زیندووی نواندنەكان بوون.
یەكێ لەو یارانە (كاكە حەمەی جەواد ئاغا) بوو، ئەو پیاوە بەڕێزە هەر لە سەرەتاوە بینەرێكی بەردەواممان بوو، كاكە حەمە لەخور (بەلەدییە) كۆنەكەوە قەسابی گا بوو، عەسران خۆی پۆشتە و پەرداخ ئەكرد و رووی ئەكردە شانۆكەمان، ئەگەر دوو هەفتە، یان زیاتر نواندنەكە بڕی بكردایە، ئەوا ئەو ئامادەی گشت ئەو رۆژانەنی نواندنە ئەبوو، هەر چەندە هەوڵمان لەگەڵی ئەدا، پارەی تكت نەدا، بەڵام نەك هەر قاییل نەئەبوو، بگرە تووڕەش ئەبوو. هەتا دوایین رۆژەكانی ژیانی بینەرێكی بەردەوام بوو، ئەوەی پەكی خست و كەنەفتەكاری كرد، ئەو كوڕە بەهرەمەندە بوو كە لەگەڵ ئەو ژمارە بەهرەمەندەدا كە تیپی مۆسیقای منداڵانیان هەبوو، بە سەرپەرشتی هونەرمەند مامۆستا (دلێر ئیبراهیم) و لە رێگای هەولێر گیانیان لە دەست دا و بوونە كۆستی شارەكە و هەتا ئیمڕۆش ئەو زامە لە دڵی هەموواندا هەر بەژانە و ئەكولێنەوە.
یەكێ لە بینەرە ئازیزانەكانمان، پیاوێكی ئازای سەربەرز و راستگۆ لە ژیانیدا، مامۆستای زانا و دانا (ئیسماعیل حەقی شاوەیس) شێخی نەمر لە دەستەبەسەرییەوە لە شاری بەغدا ساڵی 1933 وێنەیەكی بۆ مامۆستا شاوەیس ی مێژوونووس و خەباتكار ئەنێرێ و لە پشتی وێنەكە ئەم دێڕە شیعرەی بۆ ئەنووسێ: «بە یادگار ئەینێرم بۆ شاوەیسی رەفیقم لە دیدارما بیبینێ بۆ میللەت شەفیقم»
بە لایەنی منەوە مامێكی گەورە بوو، جگە لەوەی هاوسەرەكەشی كچی (خاڵە حەمە و بەگی مونحانم) بوو كە خاڵی دایكمە، دراوسێش بووین، رۆژانە هامشوی یەكتریمان ئەكرد، بە هاتنی بۆ بینینی شانۆییەكانمان شەرەفێكی گەورەی پێئەبەخشین، ئێمە بنە سەرۆكی شانازی خۆمان دانابوو، كاتێ شانۆی پاڵتۆی (گۆگۆڵ)ی بینیبوو، كە من رۆڵی پاڵەوانەكەیم ئەنواند، ئەو شەوە پیرۆزباییەكی گەرمی لێكردم، كە هەرگیز لە گۆیشدا ئەو وشە پیرۆزانەیەم بیرناچێتەوە، كاتێ فەرمووی: «كاكە سالار كە ئەم جارە شانۆیەكت پیشكەشكرد، شەرەفی پەردەكردنەوەیەكەم پێ رەوا بفەموون.» ئەو ئەو بینەرەمان بوو كە دەبێ شانۆی كورد شانازی پێوەبكات.
زۆر جار شانازی بە مەلای گەورە (مەلا محەمەدی جەلیزادە)ـەوە ئەكەم، كە لە ساڵانی 1930 و 1931 كاتی شانۆی لە شاری (كۆیە) نوێنراوە، ئامادەی نواندنەكە بووە و بەر لە پێشاندانەكە وتاری بۆ خەڵكەكە فەرمووە، كە هانی داون بۆ ئەو هونەرە و ستایشی رۆڵی شانۆی كردووە. ئێمەش لە شاری سلێمانی، سەرۆكی زانایان و پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی گەورە، خوالێخۆشبوو (شێخ محەمەدی شێخ عومەری قەرەداخی) زۆر جار تەلەفۆنی بۆ ئەكردم ئەیفەرموو: «كاكە ئەحمەد سالار، ئەوا بڕیارم داوە خۆم و دە مامۆستای ئایینی ئەمڕۆ دێین بۆ شانۆكەتان، میوانی هونەرەكەتان ئەبین.» منیش خۆشحاڵی خۆم دەرئەبڕی و پێشوازی گەرمم لێئەكردن. پاش تەواوبوونی شانۆییەكە بە جوانی و روون و رەوانی بەو گشت جوانبێژییەی رای خۆی بۆ دەرئەبڕین، زۆر جاریش شەوانە تەلەفۆنی بۆ ئەكردم و باری سەرنجی زۆر بە زانستییانە و شارەزایانە بۆ دەرئەبڕیم، منیش بۆ رۆژی دوایی ئەو فەرموودانەم بۆ ئەندامانی تیپەكەم ئەگێڕایەوە.
یەكێ لە بینەران بەردەوام كیژۆڵەیەكی ژیكاڵەی منداڵ بوو. ناوی (دادە سروە) بوو، توند دەستی (كاكە سەربەست)ی برای ئەگرت و بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە لە شانۆییەكەی ئەڕوانی، ئەو ساڵانە هێشتا وەكو قوتابی قۆناخی سەرەتایی بوو، ئیدی بەردەوام ئامادە ئەبوو، هەندێ جار لەگەڵ كاكی، یان خوشكەكەیدا سەردانی ماڵیان ئەكردین، ماڵەكانمان لە یەكەوە نزیكبوون و دایكم زۆری خۆشی ئەویست، ئەیبینی كە لەو تەمەنەدا كچۆڵەیەكی ژیر و مەنگ و زرنگە، زۆر جار گوێم بۆ شل ئەكرد باری سەرنجی دەرئەبڕی، رۆژێ لە رۆژان پاش پێشكەشكردنی شانۆییەكە، كە رۆڵی سەرەكیم تیادا ئەنواند، ئەگەر زەینم لێم ئاڵۆز نەكات، شانۆی (ئابلۆقە) بوو، كە بەرهەمی هاوبەش بوو، رۆڵی (داود پاشا)م ئەبینی، بە دەنگێكی نزم و كەمێك شەرمەوە وتی: مامۆستا سالار، لەخوام داوایە تەمەنی من بخاتە سەر تەمەنی تۆ. گەلەكەمان پێویستی بە كەسانی وەكو ئێوە هەیە.
لە ئازایەتی و زیرەكیی ئەم دادخانەدا، نەمئەزانی چی بڵێم، مێخەكبەندێكم بە دەستەوهات و كردمە گەردەنی، پێموت: دادە سروە گیان خوا پشتیوانت بێ و هەر بژیت، كورد و شانۆش كیژی ژیر و ئازای وەك تۆی ئەوێ بۆ ئایندەیەكی جوان. رۆژ و مانگ و ساڵان رابورد و بە هۆی ئەو دابڕینە درێژخایەنی نێوان پایتەخت و سلێمانیدا، رەنگە گەلێك شت دابڕینی بە خۆوە دیبێ، بۆیە منیش ساڵەها بوو ئاگاداری ئەو دادیە نەبووم، وردتر بڵێم ئەوەی كە بیستووم چووبووە زانكۆ (موسڵ) بۆ خوێندنی زانستی (كیمیا) و بە هۆی ئەوەی خێزانێكی كوردپەروەر بوون و كاكە ساماڵی برای پێشمەرگە بوو، دایك و باوك و خوشك و برای لەو خوارە لە حەپسخانە بوون و ئەشكەنجەدران- ئەو رۆژە لەسەر شانۆی (كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد) لە سلێمانی، لە دوتۆی فیستیڤاڵی یەكەمی شانۆی سالار، لە مۆنۆ درامای (پاسەوان) نووسینی (دڵشاد مستەفا) و دەرهێنانی (ئەرسەلان دەروێش)، دوای تەواوبوونی شانۆییەكە خانمێك و هاوسەرەكەی و دوو كیژۆڵەی ژیكاڵە هاتنە سەر شانۆ و گوڵیان پێشكەش كردم، ئەو خانمە دادە سروەكەی جاران بوو، هەمان ئەو مێخەكبەندەی ئەو دەمەی قوتابی سەرەتایی بوو، پاراستبووی. پاش ئەو هەموو ساڵە، كە ئەو رۆژەی لە سەر شانۆكە لەگەڵ كاكە (تاریق)ی هاوسەر و لانۆخان و لۆناخان پێیان شادبوومەوە، بەڕێوەبەری دواناوەندی بێخاڵی نموونەیی سلێمانییە و ئەتوانم بڵێم سەركەوتووترین بەڕێوەبەرە و لەخۆی خوێندنگا وخوێندكارەكانی خۆش ئەوێ، پاشان بەهەمان گیانەوە بەخۆی هاوسەر و كیژەكانی و خوێندكارەكانیەوە ئەو پەڕی دڵسۆزی بۆ بەرهەماكانمان پێشاندا و لە ئەندامە هەرە چالاكەكانمان بوون، بینەرێكی ئازیزی دیكەمان، كە لە دەفتەری یادگاری شانۆكەمدا، لە پرشنگدارترین شوێن ناوی هەیە، گەنجێكە بیر (ماركسیزمی لێنینیزم) بوو، شەهید (ئەكرەم محەمەد ئەمین) كە لە ناو هاوەڵ و دۆستانیدا بە (كاكە ئەكرەمی دایكە حەپسەخان) ناسرابوو، گەنجێكی رۆشنبیری هۆشیار، كاتێ باری سەرنجی لەسەر بەرهەمەكانمان دەرئەبڕی، رەخنەكانی لە ئاستی شرۆڤەكردن و لێكدانەوە و بینینەوەدا بوو، ئەم ئازیزە زۆر جار لەگەڵ دوو برادەری زۆر دڵسۆز ئەهات كە لە برادەرە هەرە خۆشەویستەكانی من بوون لە سەردەمی هەرزەكارییەوە، (كاكە ئەحمەدی حەمكۆڵ قەساب) و (كاكە حەمەی نێرگزی هونەرمەند). ماوەیەك بوو نەمئەبینی و كاتی لەو برایەم سۆراغیم كرد، زانیم بە چ مەرەیەكی خراپیان بردووە و لە قەسابخانە دڕندەییەكەی بەعس لە موسڵ سزای لە سێدارەدانیان داوە، هێندەی نەبرد ئەو دوو برادەرەم بینی وتیان: ئەچینە موسڵ بۆ دوایین چاوپێكەوتنی كاكە ئەكرەم، چونكە لەسێدارەدانەكەی ئەنجامئەدەن.
بە راستی هەرچەندەم لە خۆم كرد، نەمتوانی بچم سەردانی ئەو گەنجە پڕ هیوا و ئازایە بكەم كە ئیدی نایبینمەوە، گەلێك كارێكی سەخت و دژواربوو، كوردێك گەردەنی لەكێوی (پیرەمەگرون) بڵندتر و ورەی باڵاتر و زۆر سەختتر، بۆ بەیانی گەردەن شكێن و سارد و سڕ و خامۆشی بكەن...!!
هەرچەندە لەگەڵ ئەو دوو هاوڕێ ئازیزەم جارانی دیكە بۆ چاوپێكەوتنی یاران سەردانی حەپسەخانەی (ئەبوغرێب)مان كردبوو.
پاش شەهیدكردنی (كاكە ئەكرەم) گەینرایەوە، وتیان ئەوەی خەم و ترس بێ لەو دلێرەدا نەبوو، هەرگیز بەو نەشئە و خرۆشییە نەبینرابوو، تەنیا داوای ئەوە بوو لەسەر لێدەرەكانی ئەو دوایین چاوپێكەوتنە ئەوە بوو، سەنگەری جگەرگۆشەی بە هەردوو دەستی بەرزكردبوووە و وتبووی: تەنیا داوام لە ئێوە ئەوەیە، ئەگەر منتان ئەوێ سەنگەرم بە شیوعیەت بۆ پەروەردە بكەن.
بینیمانەوە، ئەو دەمەی رووبەڕووی ئەو چارەنووسە ببووەوە، مەرگ و سێدارە و جەلادەكان لەرزیان لێهاتبوو، زەندەقیان لە ئازایەتی (شەهید ئەكرەم) چووبوو، پاش ئەو كۆستە بە ماوەیەك، تیپەكەمان شانۆی (چارەنووسی ئادەمیزاد)ی (شۆلۆخۆف)ی پێشكەش ئەكرد، روانیمان خانمێكی رەشپۆشی سەنگین و بەڕێز بەرەو دەرگای هۆڵەكە هات، كە لە ئامادەیی (سەلاحەدین) بوو، ئەندامەكان ناسییان، ئەو هاوسەرەكەی (شەهید ئەكرەم)ـە، واتە دایكی سەنگەر، پێشوازی گەرمیان لێكردبوو، ئەوسا منیشیان ئاگادار كرد، چوومە خزمەتی و پێشوازییەكی گەرمی كوردانەم لێكرد و بەر لە دەستپیكرن لەبەر دەمی بینەراندا وەستام و بەتایبەتی بەخێرهاتنم كرد، لەو سات و شوێنەدا هەسم ئەكرد، من شكسپیرم و سەردەمی (ئەلیزابێسی)یە و لە پێشوازی پاشادام، بە دڵ بڕوام بەوە بوو خێزانی شەهیدەكەمان لەو پاشایانە شكۆدارترە.
لە كاتێكا لەو رۆژی نواندنەماندا سێ ئەكتەرمان لەلایەن دەزگاكانی (ئەمن)ـەوە گیرابوون، بەڵام نواندنی ئەو رۆژە زۆر تایبەتی بوو، ئەو كارە لە دەرهێنانی كاكە (مەریوان عومەر شەربەتچی) هونەرمەند بوو، بۆ رۆژی دوایی دوو ئەكتەری دیكەیان گرتین، ئیدی نەمانتوانی بەردەوام بین، هۆڵەكەش پڕبوو لە بینەران، داوامان لێكردن، بمانبەخشن ناتوانین شانۆییەكە بنوێنین، تكایە تكتەكان بگەڕێننەوە و پارەكانتان وەربگرنەوە، بەڵام نەئەڕۆیشتن، ئێمەش لەبەر ئەوەی ئەمانزانی (ئەمن) لە هۆڵەكەدایە، نەمانئەوێرا راستییەكە بدركێنین، بەڵام بینەران هەر ئیتەرمیان لەسەر زانینی راستییەكە ئەكرد.