دونیا: هونەری كوردی لە پێشكەوتندایە

دونیا: هونەری كوردی لە پێشكەوتندایە
یەكێكە لە دەف ژەنە سەركەوتووەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە چەندین گرووپی موزیكی رۆژهەڵاتدا بەشداریی كردووە و شوێن پەنجەی دیار بووە، پێوەندیی ئەو و دەف تا راددەیەكی زۆر تایبەت و دەگاتە رادەی عەشق، بۆیە لە كاتی ژەنینیدا بە جۆرێك ئاوێتەی دەبێت كە هەوڵ دەدات هەرچی سیحر و هونەر لەو ئامێرەدا هەیە بە پەنجەكانی خۆی بیدات بە گوێچكەی جەماوەر، دونیا شەهیدی نیشتەجێی شاری كرماشان بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی زیاتر شارەزای ئەم ئامێرە بێت و لەو رێگایەوە خزمەتێك بە هونەری كوردی بكات.
سەبارەت بە گرنگیدان بە مۆسیقای سوننەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دونیا دەڵێ: مۆسیقای سوننەتی و دواتر كاریگەری لەسەر هەموو شوێنەكانی ئێران هەبووە بە كوردستانیشەوە مۆسیقای رۆژهەلاتی كوردستان دەوڵەمەندە و خەڵكیش پێوەی پەیوەستن، هەرچەندە ئێستا شێوەی ژیان گۆڕاوە كەلتووری نەتەوە ژێردەستەكان كاریگەری داگیركەرەكانیان بەسەرەوە دیارە نەك كەلەپوری رەسەنی خۆیان، هەر كەسێك بیەوێت فێری مۆسیقای رەسەنی كوردی بێت پێویستە سەرەتا شارەزایی لە مۆسیقای سوننەتی و ئامێرەكانی هەبێت ئینجا شارەزا بوون و فێربوونی مۆسیقای رەسەنی كوردیی بۆ ئاسان دەبێت، هەر لەبەر ئەوەشە دەبینین كە بەشێكی زۆری هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستان تا راددەیەكی زۆر شارەزان لە مۆسیقای سوننەتی، هەروەها لە بەشێكی زۆری گۆرانییە رەسەنەكانیش مۆسیقای سوننەتی رۆڵی لە سەركەوتنیاندا هەبووە.
دنیا پێیوایە كە بە هۆی نزیك بوونیان و ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هەردوو گەلی كورد و فارس هەیە مۆسیقای هەردوو گەل كاریگەرییان بەسەر یەكەوە هەیە و هەردووكیان دەوڵەمەندن، لەم بارەیەوە دەڵێ:
هەردووكیان بەشێوەیەكی جیاواز كاریگەرییان بەسەر یەكەوە هەبێت. مۆسیقای كوردی لە بواری ریتم و میلۆدی زۆر دەوڵەمەندە بۆیە توانیویەتی شوێنی خۆی لە نێو مۆسیقای نوێی ئێرانی بكاتەوە، زۆربەی موزیسیانە گەورە و ناودارەكانی ئێستای ئێران كوردن، بەشێك لە ئامێرە مۆسیقییەكانیش كە بە هی كورد ناسراون گەلانی دیكەش سوودی لێوەردەگرن لەوانەش هونەرمەندانی ئێرانی و گرنگییەكی زۆریشی پێدەدەن.هەروەها نموونەیەكی دیكەی مۆسیقای كوردی كە لەم چەند ساڵەی رابردوودا لە مۆسیقای ئێرانی زۆر بەكاردەهێنرێ بریتییە لە (تەموورە) كە زیاتر بە ئامێرێكی مۆسیقی كوردی لە ئێران ناسراوە، بەڵام غەیرە كوردەكانیش ئێستا زۆر حەز لە بەكارهێنانی دەكەن، هەندێك گرووپی مۆسیقی كوردی كاری سووننەتی زۆر جوانیان ئەنجامداوە، تا گەیشتە ئەو راددەیەی كارەكانین بەجۆرێك بێت كە هەردوو موزیكی كوردی و فارسی تێكەڵ بكرێت و جیاوازییەكی ئەوتۆ لەنێوانیاندا هەستی پێ نەكرێت، بەشێوەیەكی گشتی مۆسیقای فارسی لە زۆربەی بەشەكانی ئێراندا بڵاوبۆتەوە و یەكێكە لەو مۆسیقایانەی كە تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە زۆر بواری تایبەت بە مۆسیقادا، ئاوازەكانی تایبەتن و زۆربەی گۆرانیبێژەكانی رۆژهەڵات سەرەتا لەوێوە فێر دەبن هەرچەندە كە ئەوانەی بەكاری دەهێنن پێویستە شارەزاییەكی زۆریان لێی هەبی
دەربارەی ئەو ئامێرە مۆسیقییانەی كە گرنگی زۆری پێدەدرێت بەتایبەتی دەف و سێتار و چەند ئامێرێكی دیكەی موسیقی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و نهێنیی ئەو خۆشەویستییە بۆ ئەم ئامێرانە دونیا دەڵێ: نهێنییەك هەیە لەوانە یەكەم: بڵاوبوونەوەی زۆرتری ئەم ئامێرانە و دەستكەوتنیان، دووەم: درووستكردنی ئەم ئامێرانە بەشێوەیەكی درووست لە ئێران، چونكە لە ساڵانی رابردوو ژمارەیەكی زۆر مامۆستای بەناوبانگی درووستكردنی ئامێرە مۆسیقییەكان لە ئێران كاریان لەسەر كردووە بۆیە بەشێوەیەكی زانستی تەواو درووست دەكرێن، هەروەها فێربوونی ئەم ئامێرانە لە ئێران ئاسانە بەهۆی بوونی كتێبی زۆر و مامۆستای شارەزای ئەم ئامێرانە زۆرن، جگە لەمانەش دەنگی خۆشی ئەم ئامێرانە زیاتر لە گوێچكەی كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر جێگیر بووە.
سەبارەت بە گرنگیدان و پێشخستنی مۆسیقای نوێ كە زیاتر گۆرانییەكانی خێران یان مۆسیقای سووننەتی و گرنگییان بۆ جەماوەر، دنیا دەڵێ: من پێموایە هەردووكیان پێویستن و هەردووكیان جەماوەری خۆیان هەیە بۆیە ناكرێ یەكیان پێش بخەین و ئەویتریش پشتگوێ بخەین پێویستە هەردووكیان لە مۆسیقادا هەبن و هەر كەس بە سەلیقەی خۆی هەڵیانبژێرێت، مۆسیقای نوێ و پێویستە دانەبڕێین بۆ ئەوەی لە رەوتی هونەری جیهانی و هاوشانی جیهان پێشكەوین، لە هەمان كاتدا پێویستە مۆسیقای رەسەن و سوننەتیش پشتگوێ نەخەین بۆ ئەوەی كەلتوور و مێژوو مۆسیقای خۆمان بە زیندوویی بهێڵینەوە و لە نێو گەلاندا شانازیی بە كەلتووری خۆمانەوە بكەین، بەشێوەیەكی گشتی مۆسیقا پێكهاتووە لە چەند كاراكتەر كە دەبێ هەر یەكێك لەمانە بە باشی مافی خۆیان پێ بدرێت، بەڵام پێویستە گەنجان بە بەرهەمی ئەم هونەرمەندانە ئاشنا بكەین و مەقامە كۆنەكان زیندوو بكەینەوە بەشێوەیەك زانستی و درووستی، بەمەش دەتوانین مۆسیقای كوردی پێش بخەین، هەروەها مۆسیقای كوردی كۆ بكەینەوە و زیندوو بێتەوە لە زهنی تاكی كورد و ئەو رەسەنایەتییەی كە هەیەتی بۆ بگەڕێنینەوە.
ئافرەتان رۆڵێكی گرنگیان لەو گرووپە هونەریانەدا هەیە كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی كوردستان كاری هونەری لە ئاستێكی بەرزدا پێشكەش دەكەن لەم بارەشەوە شەهیدی دەڵێ: كوردستان بە گشتی پێشینەیەكی مێژوویی زۆر كۆنی هەیە و خاوەنی پێشینەی دەستییە كە هەڵگیراو وپارێزراون، فەرهەنگی مۆسیقا لە كوردستان بە شێوازی جیاجیا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە
ئافرەتانیش كە بە هێزەوە روویان لە بواری هونەری كردووە بە هەوڵ و كۆششی بەردەوامیان توانیویان وەكو هونەرمەندێكی پێشكەوتوو و بە توانا دەركەون، مرۆڤ بەبێ جیاوازی ئافرەت یان پیاو لە هەر بوارێكی ژیاندا بەتایبەتی لە بواری هونەری دا بە دڵسۆزییەوە هەر كارێك ئەنجام بدان و هەوڵ و كۆششی بۆ بدات مەبەستی خزمەتكردن بێت، بێگومان دەتوانێت سەركەوێت و ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت، دیارە ئافرەتانی كورد لە ساڵانی دواییدا لە بواری هونەردا هەنگاوی باشیان هاویشتووە و هەر یەكیان بەپێی سروشتی ژیانی ئەو پارچەیەی تێیدا دەژین. لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئافرەتان رۆڵێكی باشیان هەبووە بەتایبەتی لە بواری مۆسیقا و كاری زۆر باشیان ئەنجامداوە و توانیویانە شوێنی خۆیان بكەنەوە هەرچەندە چەندین ئافرەتی زۆر دەنگخۆش و بە توانامان هەیە، لە پارچەكانی دیكەی كوردستان ئافرەتان زیاتر روویان لە گۆرانی وتن كردووە، ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە بۆ هەموو كوردێك.
Top