نمایشی تایبەتی فیلمی "ژیان لەسەر سنوور" بۆ "ئانگێلا مێرکێل"
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان پشتیوانی لێدەکرێت، بە ھەوڵی "یۆنیسێف" UNICEF سندووقی منداڵانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەمە ١٠ی مەی ٢٠١٦ لە نمایشێکی تایبەتدا بۆ "ئانگێلا مێرکێل" Angela Merkel سەرۆک وەزیرانی باڵای وڵاتی ئەڵمانیا نمایش دەکرێت.
لەم نمایشە تایبەتەدا، کە لە نووسینگەی تایبەتی کارەکانی خاتوو بۆ "ئانگێلا مێرکێل" سەرۆک وەزیرانی باڵای ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت؛ "بەھمەن قوبادی" بەرھەمھێنەریی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور"یش ئامادە دەبێت و بەگشتیی سەبارەت بە باروودۆخی کوردەکان و گرفتی پەنابەران و ھەروەھا بەتایبەت لەسەر ژیانی منداڵانی ئاوارە لە کەمپەکان و باروودۆخی ئەوان و چەندین بابەتی دیکە قسە دەکات.
فیلمی دیکۆمێنتاریی ٨ ئێپیزۆدیی "ژیان لەسەر سنوور" کە لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە؛ خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" ÉCU لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسای بەدەستھێناوە و لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" Tiburon نمایشکرا و توانی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی ئەم فیستیڤاڵە سەربەخۆ سینەماییە بەدەستبێنێت و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی ئەمەریکییەوە ITFF بە دروشمی "تێگەیشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم"ەوە، خەڵاتی "زنجیرەی زێڕین"ی Golden Reel سینەما بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شنگال پێشکەشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە، بە نمایشی ٦٥ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان و چەندین بەشی لاوەکی لەوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ سینەماکارانی بانگھێشتکراو، کردنەوەی پانێلی ئاخاوتن و ھەروەھا وتووێژ سەبارەت بە ھونەریی سینەما لە ڕۆژانی ٨ تا ١٤ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە شاری کەنارئاویی تیبۆڕن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.