روونکردنەوەیەك لەراگەیاندنی فیلمی "خۆشەویستی لە کوردستان"

روونکردنەوەیەك لەراگەیاندنی فیلمی
بەهۆی دەرکەوتنی هەندێك کەموکورتی لە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی "پەرواز رەزامەندی دەربڕی"، هەندێك ماڵپەڕ و سایت و دەزگاکانی راگەیاندن لە گواستنەوەی ناوەڕۆکی هەواڵەکەدا بەهۆی "دەستکاریکردنەوە" کەموکورتیەکەیان گەورەتر کردووە و بەمەش لێکدانەوەی ناجۆر بۆ هەواڵەکە کراوە.
لەبەر گرنگی و راستخستنەڕووی هەواڵەکە، بە پێویستی دەزانین لە چەند خاڵێکدا ئەو "ناتێگەیشتنە" روونکەینەوە. سەرەتا سوپاسی تەواوی ئەو رۆژنامەنووسانە دەکەین کە لە رێگای ماڵپەڕ و سایت و دەزگاکانی راگەیاندنەوە بەدواداچوون بۆ بەرەوپێشەوەچوون و هەنگاوەکانی فیلمی هاوبەشی سینەمایی کوردیی–میسری دەکەن و بەپەرۆشەوە هەواڵ و زانیاری نوێ لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە، پێزانینمان هەیە بۆ ئەو گرنگیدانە و دەبینین لە هەندێك ماڵپەردا ژمارەی ئەوانەی هەواڵی فیلمی "خۆشەویستی لە کوردستان"یان خوێندۆتەوە گەیشتۆتە نزیک (١٠٠) هەزار کەس. بەڵام راستییەک هەیە وەك لەسەرەوەدا ئاماژەمان پێدا دەبێ ئەو "ناتێگەیشتنەی" لە ئەنجامی گواستنەوەی هەواڵەکەدا رویداوە زیاتر روونبکەینەوە، بەمشێوەیەی خوارەوە:
١-لەو جێگایەی کە دەوترێت "پەرواز خەونی بووە لەگەڵ تامر حوسنی رۆڵ ببینێ" مەبەستەکە بەمشێوەیە کە هونەرمەند پەرواز حوسێن خەونی نواندنی هەیە لە سینەمادا و دەیەوێت لەو بوارەدا پەرە بە بەهرە و تواناکانی بدات، روونتر مەبەست ئەوەبووە کە سینەما ئامانجی پەروازە جا لە بەرامبەر هەر ئەکتەرێك بێت، هەڵبەتە دوای رەزامەندی.
٢-لە بەشێکی تری لێدوانەکەی هونەرمەند (پەرواز حوسێن)دا هاتووە" کە داوا دەکات کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە سپۆنسەر بەشداری سەرخستنی ئەو فیلمە بکەن، چونکە سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەروازەیەکی گرنگە بۆ بواری وەبەرهێنان لە سینەمادا". مەبەست لەو رستەیەی هونەرمەند پەرواز روونتر بەمشێوەیە بووە: "پەرواز لە رێگای خۆیەوە داوا دەکات کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی رۆڵی خۆیان لەو بوارە گرنگەی سینەمادا ببینن بۆ سەرخستنی فیلم و سینەمای کوردیی".
لە کۆتاییدا جارێکی تر سوپاسی هەموو ئەو رۆژنامەنووس و ماڵپەڕ و سایت و دامەزراوەی میدیایی و تەنانەت ئەو هاوڕێ و دۆستانەش دەکەین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیەکاندا هەواڵەکانی فیلمی "خۆشەویستی لە کوردستان" جارێکی دیکە بڵآودەکەنەوە و بە گرنگییەوە هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بڵاوکردنەوە و گەیاندنی زانیاریی.
راگەیاندنی فیلمی" خۆشەویستی لە کوردستان" لەماوەی داهاتوودا، پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك دەکاتەوە و بەمەش دەبێتە هاوکار بۆ زانیاری و وردەکاری زیاتر لەسەر پێشەوەچوونی هەنگاوەکانی ئەو پڕۆژەیە. بەو ئومێدەی "رۆژنامەوانیی سینەمایی" لە کوردستاندا نەش و نما بکات و لەسەر رێچکەیەکی زانستیی وابەستە بە ئیتیکی رۆژنامەوانییەوە رۆڵی خۆی بگێڕێت کە هونەرمەندان و ئەوانەی لە پشت سەرخستنی پڕۆژەی هونەرین هانبدات پەرە بە بوارەکەیان بدەن.
هەر سەرکەوتووبێت رەوتی سینەما لە کوردستان

راگەیاندنی فیلمی"خۆشەویستی لە کوردستان".
Top