دەوەن نەوزاد: لە کاری داهاتوومدا خۆم و کوڕەکەم و هاوسەرەکەم بەشدارین

دەوەن نەوزاد: لە کاری داهاتوومدا خۆم و کوڕەکەم و هاوسەرەکەم بەشدارین
زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە بوونی ئافرەت لە بواری هونەری بەتایبەتی نواندن تا ساڵانێكی درەنگ زۆر كەم بوو ئەگەر دەگمەن نەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەمە لە گۆڕەپانی هونەری كوردیدا چەند ئافرەتێك هەبوون كە لە سەردەمێكی زوودا دەستیان بە كاری هونەری كرد و بە پشتیوانی خانەوادەكانیان گوێیان بە دابونەریتە باوەكانی نێو كۆمەڵگای كوردی نەدا و هەوڵیاندا بوونی خۆیان بسەلمێنن، دەوەن نەوزاد یەكێكە لەو ئافرەتانە كە هەر لە سەردەمی منداڵییەوە هاتۆتە نێو بوارەكە و بەردەوامیش بووە، ئێستاش جگە لە نواندن سەرقاڵی كاری دەرهێنانیشە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
• رات چییە بەرامبەر بەو هەنگاوانەی لێرەو لەوێ دەدرێن بۆ رێزگرتن لە كارە هونەرییەكانی ئەو ئافرەتانەی لە بواری نواندندا كار دەكەن؟
- جێگای دڵخۆشییە بۆ ئێمەی ئافرەت كە بە هەر شێوەیەك بێت رێز لە كاری ئافرەتە هونەرمەندەكان بگیرێت، لە هەمان كاتدا هەنگاوێكی باشە بۆ ئەوەی كاری باشتر ئەنجام بدرێت و ئەو ئافرەتە بە توانا و بەهرەدارانەی كە هەن خەڵك بیانناسێت و بزانێت كە هەن و دەتوانن كاری باش پێشكەش بكەن و بسەلمێنێت كە ئافرەتیش دەتوانێت هاوشانی پیاو بوەستێت و لە هەمان كاتدا یارمەتیشی بدات بەتایبەتی لە بواری هونەریدا.
• ئایا ئافرەتی كورد وەكو پێویست خۆی لەو فەزایەدا دۆزیوەتەوە ؟
- ئەمە بۆ خودی ئافرەتەكە دەگەڕێتەوە واتە گشتگیر نییە دەتوانم بڵێم هێشتا ماومانە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەر یەكەمان لە شوێنی بەپێی توانای خۆی هەنگاوی زۆرم ناوە، من كە هەر لە منداڵییەوە واتە چەند ساڵێكە كاری نواندنم كردووە ، ئێستا لە بواری دەرهێنان هەنگاوێكی ترم ناوە بۆ ئەوەی بتوانم لەو بوارەشدا شان بە شانی پیاو بوەستم، لە كاری یەكەممدا سەركەوتوو بووم بە هاوكاری باوكم و هاوسەرەكەم كاری دووەمیشم ئەنجامدا بە ناوی (دەرگا داخراوەكان) كە باس لە گرفتەكانی ئەم سەردەمەی ئێستای ئافرەتان دەكات و هەوڵمداوە وەك ئافرەتێك كارێك پێشكەش بكەم كە خزمەت بە كێشەكانی ئافرەتان بكات، پێشتر وەك یاریدەدەری دەرهێنەر كارمكرد ئەمەش هۆكاربوو بۆ ئەوەی زووتر هەوڵبدەم بۆ چوونە ناو ئەو بوارە، پێشموایە تاقیكردنەوەیەك بوو سەلماندم كە دەتوانم سەركەوتووبم.
• لە دەرهێناندا هیچ ئاستەنگت بۆ درووست نەبووە؟
- تائێستا وەها ئاستەنگێكم بۆ دروست نەبووە هونەر و هونەرمەندبوون بەتایبەتی لەبواری سینەمادا سەركەوتنی نواندن و دەرهێنەر و وزە و توانای كەسی بڕیاردەدات كە ئەو كەسە چەندە لەبارە بۆ بوارەكە، پێویستە هەموو هەوڵەكانی هونەرمەند بۆ ئەوەبێت كە كارێكی جوان پیشانی بینەرەكانی بدات. هەرچەندە ئافرەت لەدرامای كوردیدا وەك دەرهێنەر وەكو پێویست نییە و ئەوەی هەیە تەنها لەشانۆ و سینەمادایە، ئەویش بەڕێژەیەكی زۆركەم كە لەپەنجەكانی دەست تێپەڕناكەن، بەڵام ئافرەتان ناوەستن و لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن ودەڵێم دڵنیاشم لەساڵانی داهاتوو ئەو رەوشە دەگۆڕێت و چەندین ئافرەتی كارا و بەتوانا دێنە مەیدان و كاری دەرهێنەری بۆ زنجیرە دراما و سینەما و شانۆ دەكەن كە دەكرێت بڵێین دەبنە هێزێك بۆ پێشبردنی درامای كوردی.
هاندەرەكان و رێگرییەكانی بەردەمت چی بوون بۆ بەردەوام بوون لە سینەمادا؟
-بوونی هاندەر دەمێنێتەوە سەر كەسەكە و باكگراوەندە هونەرییەكەی و خۆشەویستی جەماوەر، من زۆر دڵخۆشم كە دەبینم جەماوەر منیان زۆر خۆشدەوێ و هاندەری سەرەكین بۆ من، چونكە هەر كاتێك من بەشداریم تێدا كردبێت دەستخۆشی زۆریان لێكردووم و هەستم كردووە بینەری تایبەتی هەبووە، ئەمەش بۆ ئەو پەڕی سەركەوتن و بە دەستهێنانی خەڵاتە، رێگری سەرەكی لەبەردەم هونەرمەندان بەتایبەتی ئافرەتان ئەوەیە كە ئایا كەس بەو ماندووبوونەی تۆ دەزانی و وەكو پێویست رێز لە خۆت و كارەكەت دەگرێت، دیارە لە هەموو شوێنێك كەسانی باش و خراپ هەن و مەرج نییە هەموویان خراپ یان دواكەوتوو بن، بۆیە پێویستە خۆمان ئەم دیوارانە بشكێنین و بیسەلمێنین كە دەتوانین كار بكەین و هاوشانی وڵاتانیش بوەستین بەو هونەرەی پێشكەشی دەكەین.
* زۆر وڵات هەن لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لەدوای كوردستانەوە دێن، بەڵام لەرووی هونەری زۆر لە ئێمە پێشكەوتووترن، بە رای تۆ هۆكاری ئەمە چییە؟
- هۆكارگەلێكی زۆر هەن كە پێویستە ئاماژەیان پێبكەین، لەوانە تەكنیك، بوونی ئایدیای هونەری، تەرخان كردنی پارەی پێویست كە زۆر گرنگە بۆ سەركەوتنی هەر كارێكی هونەری بەتایبەتی لە سینەمادا كە جۆرێكە لە بزنس، ئەمانە هەموویان گرنگ و پێویستن بۆ پێشكەوتنی ئاستی هونەر و هەر كاتێك ئەمانە هەموویان فەراهەم بوون بێگومان هونەر بەتایبەتی سینەما پێش دەكەوێت لە هەر شوێنێك بێت.
* لەو بارودۆخەی ئێستای كوردستان ئافرەتان بە رۆڵی خۆیان هەستاون وەكو پێویست؟
- بارودۆخە وایكردووە گشت كارە هونەرییەكان ئەگەر نەشوەستابن سست بوون ، هەرچەندە لێرە و لەوێ كاری هونەری ئەنجام دەدەرێت، سەبارەت بە خۆم ماوەی ساڵێكە هیچ كارێكم ئەنجام نەداوە بەهۆی بوونم بە دایك، بەڵام هەوڵ دەدەم لەمڕۆ بەدواوە دەست بە كارەكانم بكەمەوە و یەكێك لە كارەكانی داهاتوومدا كە كورتە فیلمە خۆم و هۆزی كوڕم و هاوسەرەكەشم تێیدا بەشدار دەبین و من وەكو ئەكتەر رۆڵی سەرەكیم دەبێت، هەروەها بە بەردەوام من پشت كامیراوە كاری مەیك ئەپ ئەنجام دەدەم ئەمەش كارێكەوە وەكو سەربازی ون وایە جەماوەر پێی نازانێت.
Top