شانۆگەرییەكەی شوان عەتوف ریكۆردی شكاند "15 رۆژە نمایش بەردەوامە"
دوێنێ (شەممە) 30ی نیسانی 2016 نمایشكردنی شانۆگەریی (تەپڵ و بەرد) لەنواندنو دەرهێنانی هونەرمەندی بەناوبانگی كورد شوان عەتوف پێدەنێتە 15هەمین رۆژ و دەرهێنەری شانۆگەرییەكەش رایدەگەیەنێت هەتا بینەر هەبێت بەردەوام دەبن لەنمایشكردن.
شوان عەتوف لەبارەی شانۆگەرییەكەوە رایگەیاند "(تەپڵو بەرد) یادەوەری بەندبێژێكی كورد دەگێڕێتەوە كە لەرۆژگاری شەڕی ناوخۆ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچدەكاتو دواتر دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان وەك مرۆڤێكی بێ شوناس".
وتیشی "پەیامی من بۆ بینەران ئەوەیە كە زۆرترین كەس لەكوردستان ئەم شانۆگەرییە ببینێت، چونكە شانۆگەرییەكە پەیامی بەخشینەوەی ئیرادەیەو هیوا دەبەخشێتەوە بەتایبەت بە گەنجانی كوردستان".
عەتوف راشیگەیاند "شانۆگەرییەكە كارێكی سیاسی كۆمەڵایەتیەو بەخشینەوەی ئیرادەیە بە مرۆڤی كورد".
بڕیارە شانۆگەرییەكە لەشارەكانی هەولێرو دهۆكو كەركوكیش نمایش بكرێت.
شانۆگەریی (تەپڵ و بەرد) رۆژانە لەسەعات (5)ی پاشنیوەڕۆ لەهۆڵی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد، تەنیشـت نەخۆشخانەی ئیمرجنسی لەشاری سلێمانی پێشكەشدەكرێتو بلیتی شانۆگەرییەكە لەبەردەم هۆڵی شانۆگەرییەكە دەستدەكەوێتو بلیتی بینینی شانۆگەرییەكە بۆ ( پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان) بێ بەرامبەرە.