ئالا رەیانی كچە ئەكتەرو گۆرانیبێیژی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ماوەی رابردوو سەرقاڵی چەند كارێكی هونەری جیاجیا بووە، لەم بارەیەوە لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان وتی: وەك ئاشكرایە من بەردەوام لە بواری شانۆ و گۆرانیدا كار دەكەم و بۆ هەر یەكێك لەو دوو بوارە بەپێی پێویستی و بوونی كارەكە كاتی خۆمیان بۆ تەرخان دەكەم، سەبارەت بە بواری شانۆییەوە چەند رۆژێك بەر هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە رووم لە باكووری وڵاتی سوید كرد بۆ بەشداریكردن لە شانۆگەرییەكی تایبەت بە منداڵان شان بە شانی چەند هونەرمەندێكی دیكەی وڵاتی سوید، سوپاس بۆ خوا كارەكەمان سەركەوتوو بوو و تا دوای نەورۆزیش بەردەوام بوو، و دوای ئەوەی لە باكووری سوید شانۆگەرییەكەمان پێشكەش كرد، بە نیازین لە چەند شوێنێكی دیكەش هەمان شانۆگەری پێشكەش بكەین.
لە درێژەی لێدوانەكەیدا رەیانی وتی: لە بارەی گۆرانی وەك پێشتریش رامگەیاند بوو ئێستا سەرقاڵی گۆرانییەكی نوێم كە بە زمانی سویدییە و بڕیار وابوو لە ماوەی رابردوودا بڵاوبكرێتەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت دواخرا، پەنا بە خوا دوای ئەوەی هەموو كارەكانی تۆمار كردنی دەنگ و كلیپی گۆرانییەكە تەواو دەبێت پێشكەشی جەماوەری دەكەم، و سەرەڕای ئەوەی لە چەند كەناڵێك بڵاودەكرێتەوە، بەڵام رەنگە بڵاوكردنەوەی لە كەناڵەكان لە سوید و لە كوردستانیش ماوەیەكی زۆر بخایەنێت.