ئەمانی : زۆربەی گۆرانییەکانی ئێستا كاتین
سەبارەت بە گۆرانییەكانی و چۆنیەتی هەڵبژاردنی تێكست وئاواز ئەمانی دەڵێ:
من هەمیشە ئەو گۆرانیانە هەڵدەبژێرم و خۆشمدەوێن كە هۆنراوەكانیان ئاسان بێت بەلای جەماوەرەوە بۆ ئەوەی هەر زوو جەماوەر خۆشی بوێن بە جۆرێك زۆرترین كەس خۆی لەو گۆرانیانەدا ببینێتەوە و زۆر لە واقع نزیك بن، هەروەها بەر لە تۆمار كردنی و رازی بوون بەو گۆرانییە لەگەڵ چەند كەسێك راوێژ دەكەم كە پسپۆڕ و شارەزان لە گۆرانی وتن بۆ ئەوەی گۆرانییەكانم بە زیندوویی بمینێتەوە نەك دوای چەند مانگێك كەس لە بیری نەمینێ و ون بێت، چونكە بەداخەوە زۆربەی ئەو گۆرانیانەی دەیانبینین و دەیانبیستین گۆرانی كاتین و ناتوانن لەنێو جەماوەردا بمێننەوە.
زۆر جار هونەرمەند هەیە دەیەوێ لە رێگای گۆرانییەكی خۆیەوە پەیامێكی تایبەت ئاراستەی كەسێكی دیاریكراو بكات كە بۆ ئەو زۆر گرنگە، ئەمانیش گۆرانییەكی بەو شێوەیە وتوە و لەم بارەیەوە دەڵێ: لە یەكێك لە گۆرانییەكانم هەوڵمدا پەیامێكی تایبەتی خۆم ئاراستەی كەسێكی دیاریكراو بكەم كە زۆرم خۆشدەویست سەرەتا نەمزانی ئامانجی خۆم پێكا یان نا، بەڵام دواتر دەركەوت كە گۆرانییەكە كاریگەری بەسەر كەسەكەوە هەبووە و پەیامەكەی منیش وەك چۆن خۆم دەمویست بەو شێوەیە گەیشت.