زوهرە عیشقی: سەرەڕای دەوڵەمەندی و رەسەنی جۆرێك لە بێ سەروبەری لە هونەری كوردیدا بە دی دەكرێت

زوهرە عیشقی: سەرەڕای دەوڵەمەندی و رەسەنی جۆرێك لە بێ سەروبەری لە هونەری كوردیدا بە دی دەكرێت
بۆ ئەوەی بۆ یەكەم جار بەرهەمێكی هونەری بە زمانی كوردی پێشكەش بكات، خانمە هونەرمەندی فارسی زوهرە عیشقی ماوەی چەند رۆژێك لە كوردستان بووە و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی چەند هونەرمەندێكی كرد و ئێستا لە قۆناغی خۆ ئامادە كردنه، سەبارەت بەم بەرهەمە و كارە هونەرییەكانی بە گشتی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ساز كرد و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
• بە حوكمی ئەوەی چەندین ساڵە لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا كا دەكات هەست دەكات چ نزیك بوونێك لە نێوان هونەری گۆرانی و مۆسیقای كوردی و فارسیدا هەیە؟
- مۆسیقا خاوەنێكی دیاریكراوی نییە كە بڵێین ئەمە مۆسیقای ئەم نەتەوە یان ئەویانە، مۆسیقای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی لەوانەش مۆسیقای ئێرانی و كوردی زیاتر پەیوەندییان بە سروشتەوە هەیە، واتە سروشت بە هەموو شێوەكانییەوە كاریگەریی بەسەریانەوە هەیە و لە گۆرانییەكانیاندا بە تەواوی ئەمە رەنگی داوەتەوە، هەر یەكە لە مۆسیقای ئێرانی و كوردی تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە كە پێی ناسراون، مۆسیقای كوردی جوڵە و ریتمەكانی زۆرە، لەمەشدا زمان كاریگەرییەكی زۆری هەیە بەسەر بوونی ریتم وجوڵەی زۆرەوە، بەڵام لە زمانی فارسیدا رەنگە ئەمە نەبێت، وەك گوتم مۆسیقا خاوەنێكی دیاریكراوی نییە، دەتوانین بڵێین مۆسیقای كوردی و فارسی زۆر شتی سەرنجڕاكێشیان هەیە، بۆ سوود وەرگرتن لێیان ئاساییە و ئەگەر هەوڵ بدرێت بۆ تێكەڵ كردنیان ئەوا كارێكی هونەری ناوازە دەبێت و من خۆیشم ئێستا بە نیازی ئەنجامدانی كارێكی هونەری لەو جۆرەم كە پێموایە هەر هونەرمەندێك كارێكی لەم جۆرە ئەنجام بدات لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كارێكی سەرنجڕاكێش دەبێت.
• ئەی دەربارەی هونەر و هونەرمەندانی كورد چ زانیارییەكت هەیە؟
- بەڵێ زانیاریم دەربارەی هونەرمەندانی كوردستانی ئێران هەیە بەهۆی كاركردنم لەگەڵ لە ئاهەنگەكان، یەكێك لەوانە هونەرمەند حەمید رەزا نەعیمییە، ئەمە یەكێك بوو لەو كەسانەی كە لە بواری هونەری زۆر بەتوانا بوو و بۆ ماوەیەكی زۆر كارمان كرد، هەروەها كەسێكی وەكو هونەرمەند غەریب پور بۆ خەڵكی ئێران و كوردانیش مایەی شانازییە، چونكە توانیی بەشێوەی ئۆپیرالی مۆسیقای رەسەنی ئێرانی پێشكەش بكات وەك ئۆپێرای مەولانا و ئۆپیرای حافیز و چەندین ئۆپێرای دیكە كە لەسەر ئاستی جیهان ناسراون، كە پێویستە كورد و ئێرانییەكان شانازیی پێوە بكەن، هەروەها زانیاریم دەربارەی هونەرمەندی ناسراو عەباسی كەمەندی و گروپی كامكاران و عەندەلیبەكانیش هەیە كە لە گروپە هونەرییە سەركەوتوو و ناسراوەكانن، ئەمانە ئەو هونەرمەندە كوردانەن كە من لە نزیكەوە دەیانناسم و بینیومن، لە هونەرمەندە كۆنەكانیش من وەك كەسێكی فارسی زمان سەرسامم بە هونەرمەندی گەورە حەسەن زیرەك لە زۆر رووەوە و كاریگەریشی بەسەر منەوە هەبووە.
• هونەرمەندانی كورد چۆن دەتوانن سوود لە مۆسیقای ئێرانی وەربگرن بەتایبەتی مۆسیقای سوننەتی؟
- من پێموایە ئەدەبیاتی هەموو نەتەوەكانی ئێرانی وەك كورد و بەلوج زۆر دەوڵەمەندە و لە یەكترییەوە نزیكەوە، بەڵام بە هۆی جیاوازی زمانەوە مۆسیقایان تا راددەیەك جیاوازە و هەر نەتەوەیەك بە ژانرێكی تایبەت كار دەكات، وەك باسم كرد ریتمەكانی مۆسیقای كوردی زیاتر خێران بۆیە دەتوانرێ لەم رووەوە سوود لە مۆسیقای فارسی وەربگیرێت و بە ریتمێكی هێمن كە مۆسیقای فارسی پێی ناسراوە گۆرانی كوردی و مۆسیقای فارسی تێكەڵ بكرێت و بە پێچەوانەوە دەتوانرێ ریتمی گۆرانی كوردی لە فارسیشدا سوودی لێ ببینرێت، بەڵام رەنگە لە هونەر و مۆسیقای ئینگلیزیدا تۆ نەتوانی ئەم كارە ئەنجام بدەی.
• ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مۆسیقای كۆن و مۆسیقای مۆدێرن هەیە وەك پۆپ و رۆك، هونەرمەندە كۆنەكان چۆن دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم شێوازە مۆسیقییە نوێیانە بگونجێنن بەجۆرێك كە رەسەنەكە بپارێزن و ئارەزووەكانی خەڵكیش پشتگوێ نەخەن؟
- پۆپ یان رۆك و هەر جۆرە ستایلێكی مۆسیقا و گۆرانی وتن نابێ رەت بكرێتەوە و دەبێ رێز لە ویستی لاوەكانیش بگیرێت، بەڵام نابێ بگاتە ئەو ئاستەی كە پۆپ یان جاز لەسەرووی مۆسیقای رەسەن و سوننەتی دابنرێت، ئەگەر سەیری مێژووی هونەری كورد و فارس بكەین دەبینین كە چەند هونەرمەندێك هەن جۆرێك ستایلی نوێیان هێناوەتە نێو گۆرانی و مۆسیقا كە دەتوانین بە پۆپی سوننەتی وەسفیان بكەین بۆ نموونە هایدە، حومەیرا، داریۆش و چەندین هونەرمەندی تر كە رەنگە ئێستا ناوەكانیانم لە یاد نەبێت، زۆر لە هونەرمەندەكان هەوڵیانداوە بتوانن هاوسەنگییەك لە نێوان ئەم دوو جۆرە ستایلە درووست بكەن، ئێستا لە كوردستانیش دەبینین كە زۆر لە هونەرمەندان روویان لە ستایلە نوێیەكانی كوردی كردووە، ئەمەش نەك بۆ ئەوەی لاوەكان رازی بكەن یان بۆ ئەوەی كە مۆسیقای رەسەنی خۆیان لە یاد بكەن و پشتگوێی بخەن، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە ئێستا ئەم ستایلە هونەریانەش پێویستن بۆ گۆرانی وتن و هەوڵ سوود لەم ستایلانەش وەربگرن كە ئێستا بە پێویست دەزانرێت، بە شێوەیەكی گشتی ئێستا مۆسیقای رۆژئاوایی بەرامبەر بە مۆسیقای سوننەتی و رۆژهەڵاتی لە پێشكەوتندایە سەرەڕای ئەوەی كە مۆسیقای ئێمە دەوڵەمەندە، بەڵام پێویستی بە كار كردنی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی زیاتر پێش بكەوێت لەسەر ئاستی جیهان، ئێستا دەبینین مۆسیقای چینی و ژاپۆنی روو لە بڵاوبوونەوەیە لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی، چونكە كەسانێك هەن لەو بوارەدا هەوڵی زۆر دەدەن هیوادارم ئێمەش بتوانین كارێكی لەو جۆرە ئەنجام بدەین.
• وەك كچە هونەرمەندێكی فارس ئایا بە نیاز نییە گۆرانییەك یان بەرهەمێكی بە زمانی كوردی پێشكەش بكات؟
- بێگومان بەرنامەیەكی لەم جۆرە هەیە و هاتنیشم بۆ كوردستان هەر بۆ هەمان مەبەست بووە لە رێگای چەند هاوڕێیەكی دڵسۆزەوە هونەرمەند وریا ئەحمەدم ناسی كە چەند ساڵێك لە ئەوروپا ژیاوە و تا راددەیەكی زۆر شارەزایی هەیە لە بواری مۆسیقای فارسی، من بیر لەوە ناكەمەوە كە ئایا ئەم گۆرانییە كوردییە چ ئیزافەیەك دەخاتە سەر كاروانی هونەری خۆم یان جەماوەرم لە نێو كورددا زیاتر دەبێت، من بیر لەوە دەكەمەوە كە كارێكی جوان پێشكەش بكەم كە من پێی رازی بم و تێیدا سەركەوتوو بم و هیوادارم ئەم كارە ببێتە سەرەتایەكی باش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كاری دیكەش ئەنجام بدەم، چونكە من یەكێك لەو كەسانەی كە زۆر حەز دەكەم جگە لە زمانی فارسی بە زمانی گەلانی دراوسێی ئێرانیش گۆرانی بڵێم.
• لەو چەند رۆژەی كە لە كوردستان بووە چ شتێك سەرنجی راكێشاوە دەربارەی هونەری كوردی بە گشتی؟
- لەو چەند رۆژەی لێرە بووم سیدی فرۆشەكانی ئێرەم بینی بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری فەرهەنگی هونەری بم ئەوەی تێبینیم كرد جۆرێك لە بێ سەروبەری هەیە لەم رووەوە هیوادارم بتوانرێت ئەو كەموكوڕیانەی كە هەن نەهێڵرێن.
Top