نمایشی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە سینەماکانی ئەڵمانیا دەستی پێکرد
نمایشی گشتیی ئەم فیلمە لە سینەماکانی ئەڵمانیا لە لایەن کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی ئەڵمانی بە بەرپرسیارییەتی سینەماکانی کورد "مەمەد ئەکتاش" لە بەڕڵین دەستی پێکرد و ھاوکات لەگەڵ ئەم شارە، لە شارەکانی مۆنیخ، کۆڵن، ھامبۆرگ و فڕانکفۆڕت و چەندین شاری دیکەی ئەم وڵاتە بۆ خەڵکی نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ساڵی پار بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە لە سینەماکسی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان و لە درێژەدا لە ھۆڵی سینەمایی "ئیمپایەر" لە فامیلی مۆڵی شاری ھەولێر و ھەروەھا لە ھۆڵی "سیتی سینەما" لە شاری سلێمانی چووە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیلمە ساڵی ٢٠١٤ لە سینەماکانی شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی سویسڕا، لەوانە: زووریخ، بێرن، بادن، باسل، ھور، سورسێ، تۆسیس و چەندین شاری دیکە بە شێوەی گشتیی نمایشکرا و لە لایەن خەڵکییەوە پێشوازیی لێکرا.
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری فیلمەکە و ھەروەھا "شیما مەلایی" ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی نێونەتەوەیی پەنجاو دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئانتالیا" لە شاری ئانتالیای تورکیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەوە خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی باشترین فیلمی پێبەخشرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی نەتەوەیی"، بەشی "نمایشی کورتە فیلمی چیرۆکییەکان"، بەشی "نمایشی فیلمی دیکۆمێنتاریی" و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: ڕێزلێنان لە تەمەنێک چالاکی ھونەری سینەما لە ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی "کاترین دۆنۆڤ" و پێشانگایەک بۆ پازدەھەمین ساڵی کۆچی دوایی ئەکتەری ناوداری تورکیا "کەماڵ سۆنال" یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سینەمای ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو.