میلا جوڤۆڤۆیتش: لە هۆڵیۆدیش هاوڕێی زۆرم نییە

میلا جوڤۆڤۆیتش: لە هۆڵیۆدیش هاوڕێی زۆرم نییە
خانمە ئەكتەری بە رەچەڵەك ئۆكرانی میلا جۆڤۆڤیتش ئاشكرای كرد هەر لە تەمەنی منداڵییەوە كاتێك لە قوتابخانەش بووە، هاوڕێی زۆری نەبووە، هەرچەندە بەشداری لە زۆربەی ئاهەنگەكانی قوتابیاندا دەكرد.
لەم بارەیەوە میلا زیاتر دەڵێ: من زوو رووم لە نواندن كرد، ئەمەش وایكرد كە شارەزاییەكی زۆرم نەبێت، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت كە بەشی هەرەزۆری پێوەندی لە نێوان ئەو كەسانەی لە كەرتی نواندن كار دەكەن راشكاوانە نییە، بۆیە پێم سەیرە خەڵك وا بیر دەكەنەوە كە پێوەندیی باش و بەهێز لە نێوان ئەستێرەكانی هۆڵیۆد دا هەیە، چونكە زۆر جار نووسەر و رۆژنامەنووسان هەوڵ دەدەن وێنایەكی وا دەربارەی ئەستێرەكانی درووست بكەن گوایە ئەوان یەكتریان خۆشدەوێت و پێكەوە دەژین وەك ئەوەی بڵێی لە بەهەشتدان، بەڵام لە راستیدا وانییە و هەریەكیان دەیەوێت تایبەتمەندی و پێوەندییەكانی خۆی بپارێزێت.
میلا دەربارەی پێوەندییەكانی خۆی دەڵێ: چۆن لە رۆڵی ئەلیس كەسێكی توندم لە ژیانی ئاسایی خۆشمدا تا راددەیەكی زۆر كەسێكی وام بەتایبەتی لە بارەی پابەندبوونم بە بەڵێنەكانم و ئەو بەڵێنانەی پێم دەدرێن، چونكە ئەمە زۆر گرنگە و پێوەندی بە كەسایەتی و ژیانی هەر مرۆڤێكەوە هەیە، بەداخەوە لە ئێستادا خەڵك زۆر گرنگی بە بەڵینەكانی خۆیان نادەن، منیش ئەمەم پێ قبووڵ ناكرێ، مردنم پێ باشترە لەوەی ناپاكی بەرامبەر بە هیچ كەسێك بكەم، بۆیە هاوڕێكانم سنووردارن.
Top