سامان شەكەوت:بەشێك لەو سروودانەی پێشكەش كراون لە ئاستێكی بەرزدان، بەڵام بەشێكی دیكەیان نەبوونیان باشترە

سامان شەكەوت:بەشێك لەو سروودانەی پێشكەش كراون لە ئاستێكی بەرزدان، بەڵام بەشێكی دیكەیان نەبوونیان باشترە
هونەرمەندی گۆرانیبێژ(سامان شەوکەوت) کوڕی هونەرمەند(شەوکەوت تۆفیق)ـە و لە دایکبووی ساڵی 1976ـی شاری هەولێرە، لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەت نەیتوانی خوێندنی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان تەواو بکات،، ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و بەو پێیەی باوكی هونەرمەند بوو، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئاشنای دنیای هونەر بووە و لەساڵانی هەشتاكان ئەوكات منداڵ بووە لەگەڵ باوكی لە كۆنسێرتەكان بەشداری کردووە لە تی ڤی و رادیۆیەكان دەركەوتووە، بەڵام بە فەرمی یەكەم كاری پڕۆفیشناڵی لە ساڵی 2003ـدا بوو بە ناوی (شانەی پەنچە) ئاوازی ئەو بەرهەمە، هی خۆیەتی و هۆنراوەكەی كۆشان نووری بووە و لە ستۆدیۆی هونەرمەند بژار دیلان كاری میوزیك و دەنگی بۆ كراوە. بۆ زیاتر ناسینی هونەرمەند سامان شەوکەت ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ساز کرد.




• رات چییە بەرامبەر بەو سروودانەی کە ئێستا هونەرمەندان بۆ پێشمەرگە بڵاوی دەکەنەوە؟
- جگە لەوەی كارێكی پیرۆزە من بە باش و پێویستی دەزانم، چونكە برا پێشمەرگەكان پێویستییان بە پشتگیری هەموو لایەك و لە هەموو روویەكەوە هەیە، بەتایبەتی پشتگیری میدیا و موزیسیان كە بە شێكی گرنگە لەو پشتگرییە، چونكە پێویستە هونەرمەندان هەوڵ بدەن نەتەوەكەیان سەر بخەن و نموونەیەكی بەرزی هونەری جوان نیشان بدەن و ببنە رێگایەك بۆ ناساندنی زیاتری گەلەكەمان بە جیهان بەتایبەتی لە ئێستادا كە پێشمەرگە رووبەڕووی دڕندەترین دوژمن بۆتەوە، بەشێوەیەكی گشتی لەو سروودانەی كە تا ئێستا پێشكەش كراون كە سەركەوتوو بوون و كاریگەریشیان هەبووە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبی ئەوەیش بڵێین كە هەندێك لەو سروودانە تەنیا تامی ریكلام و پروپاگەندەی لێدەهات و شتێكی نوێی تێدا نەبوو، بۆیە راشكاوانە دەڵێم ئەگەر نەبوونایە باشتر بوو.

• ئایا هونەرمەندە لاوەکان دەتوانن شوێنی هونەرمەندە نەمرەکان پڕ بکەنەوە و هونەری رەسەنی کورد بپارێزن؟
-پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پێویستە ئەوە بزانین كە موزیك چەند جۆر و چەند ستایلی جۆراوجۆری هەیە، بەشێك لە هونەرمەندە گەنجەكان لەسەر ستایل و رێچكەی فۆلكلۆر گۆرانی دەڵێن و تێیدا سەركەوتوو بوون، بەڵام وەكو پێویست لە راگەیاندندا باس ناكرێن و دەرناكەون و هەر یەكیان ستایلی تایبەتی خۆی لە گۆرانی وتندا، دەبێ ئەوەش بزانین كە هیچ هونەرمەندێك شوێنی هونەرمەندی دیكە ناگرێتەوە، چونكە هەر هونەرمەندێك هەستێكی تایبەتی هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بەشێك لە هونەرمەندە گەنجەكان سەركەوتوو بوون لە پاراستنی رەسەنایەتی هونەری كوردی و لەو رێگایەوە هونەری خۆیان پێشكەش كردووە و خزمەتیان بە هونەری كوردی كردووە.

•كەواتە ئێمە پێویستمان زیاتر بە رەسەنایەتی، یان نوێخوازی هەیە؟
-ناتوانین بڵێین پێویستمان زیاتر بە یەكیان هەیە، بەڵكو پێویستە هەردووكیان هەبێت، چونكە هەر هونەرمەندێك بە شێوازی تایبەتی خۆی گۆرانی دەڵێ و پێی ناسراوە، هەروەها جەماوەری گۆرانی رەسەن و گۆرانی نوێخوازیش هەیە. هونەرمەندان کارەکانیان لە نێو جیهانێکی فراوانی خەیاڵدا بەرهەم دەهێنن، ئەمەیش لە وتەکانیدا رەنگدەداتەوە و لە دایک دەبێت، هەروەها ئەو هونەرمەندە پێیوایە کە خەیاڵ پانتاییەکی فراوانی داگیر کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە بەتەواوی خەونەکانی، بە هیوای ئەوەیە لە داهاتوودا بە خەونەکانی شاد بێت و بە شێوەیەکی کردەیەکی بە ئەنجامییان بگەیەنێت.

• هونەرمەندە بە ئەزموونەکان وەک پێویست توانیویانە خزمەتی گەنجەکان بکەن؟
-ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونكە ناكرێ ئەمە بەشێوەیەكی گشتگیر باس بكرێت.

• ئافرەتە هونەرمەندەکان هۆکارێک بوون بۆ پێشخستنی هونەری کوردی، یان بە پێچەوانەوە؟
-بێگومان هەندێك لە ئافرەتە هونەرمەندەكان زۆر سەركەوتوو بوون و لە رێگای ئەو سەركەوتنەیانەوە توانیویانە خزمەتێكی زۆر بە هونەری كوردی بكەن و جێ پەنجەیان دیارە.

• هەندێک کەس دەڵێن بەشێک لە ئافرەتە هونەرمەندەکان تەنیا بۆ خۆ نمایش کردن گۆرانی دەڵێن، تۆ لەم بوارەوە چی دەڵێی؟
-بەڵێ ئەمە زۆر راستە من بە بەشێك لەوانە ناڵێم هونەرمەند، ئەوانە تەنیا هاتوونەتە سەر شاشەكان بۆ خۆ نمایش كردن و كۆكردنەوەی پارە، بێگومان ئەوانەی ئەو كارەش دەكەن لای خەڵك ناسراون، چونكە جەماوەر دەتوانێت كەسانی هونەرمەند و ناهونەرمەند جیابكاتەوە.

• كەوایە هەندێك لە هونەرمەندان تەنیا خۆیان نمایش بكەن، ئایا ڤیدیۆ كلیپەكان لە چ ئاستێكدا دەبینی؟
-بە بۆچوونی خۆم ڤیدیۆ كلیپە كوردییەكان تا ساڵی 2010 لە ئاستێكی زۆر باشدا بوون، بەڵام پاش ئەوە هیچ شتێكی سەردەمییانە نەبوو كە لە ئاستێكی بەرزدا بێت.

• کاری هونەری لە ئەوروپا ئاسانترە، یان لە کوردستان و بۆچی؟
-بێگومان هەر كارێكی هونەری لە ئەوروپا زۆر زەحمەتە و هونەرمەندانی دووچاری ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبنەوە، بەپێچەوانەوە لە كوردستان كاری هونەری ئاسانترە.

•رەنگە ئەو پرسیارە تا راددەیەك بەهۆی بارودۆخی ئێستای كوردستان تا راددەیەك سەخت بێت، بەڵام حەز دەكەین باس لە دوایین كاری هونەریت بكەی؟
-دیارە شەڕی داعش و بارودۆخی كوردستان كاریگەری لەسەر هەموو جومگەكانی ژیان هەبووە، لەوانەش بواری هونەری، من بەر لە دوو ساڵ ئەلبوومێكم بەرهەمهێناوە بە ناوی (كوردستان) كە لە هەشت تراك پێكهاتووە، بەڵام لەبەر رەوشی ئێستای كوردستان بڵاوم نەكردۆتەوە، وەك رێزگرتنێك لە پێشمەرگە و گیانی پیرۆزی شەهیدانی كوردستان، جگە لەوە كاری تازەم زۆرە پەنا بە خوا لە كاتێكی گونجاودا بڵاویان دەكەمەوە و پێشكەشی جەماوەری خۆمی دەكەم، لە كۆتاییشدا زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ ئەو دیمانە و بەسەركردنەوەیە و هیوای سەركەوتن بۆ ستافەكەی دەخوازم.




Top