دیکاپریۆ هەمووانی بێدەنگکرد و خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە

دیکاپریۆ هەمووانی بێدەنگکرد و خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە
دوای چەندین ساڵ و هەشت پاڵاوتنی پێشتر بۆ خەڵاتی ئۆسکار بێ سەرکەوتن ئیتر کەس ناتوانێت گاڵتە بە لیۆناردۆ دیکاپریۆی ئەکتەری هۆڵیود بکات کە خاوەنی ئۆسکار نییە، چونکە لە کۆتاییدا دیکاپریۆ ئەکتەری سەرەکی فیلمی (The Revenant) بووە براوەی هەشتاو هەشتەمین خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر.

دیکاپریۆی ٤١ ساڵان پێشتر خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بافتای لەسەر هەمان ڕۆڵ لە فیلمەکەدا وەرگرت و بۆیە چاوەڕێی بردنەوەی دەکرا، فیلمەکە لە دەرهێنانی (ئالیخاندرۆ گۆنزالێز ئیناریتو)ەو باس لە چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەکات کە تیایدا (هیو گلاس) کە دیکاپریۆ دەوری دەبینێت دەچێت بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاوکردن، بەڵام لەوێ بەجێدەمێنێ و ئەوانەی لەگەڵین وا دەزانن مردووە و بە تەنها دەبێت بەسەر مردندا زاڵبێت.



لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا لیۆناردۆ وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەدا باسی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوای کرد لەسەر گۆی زەوی و رایگەیاند کە گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر رەگەزی مرۆڤایەتی.

فیلمی (The Revenant) لەمیانەی هەشتاو هەشتەمین خەڵاتی ئۆسکاردا توانی جگە لە خەڵاتی باشترین ئەکتەر خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی و باشترین دەرهێنانیش بەدەستبهێنێت.

لیۆناردۆ دیکاپریۆ پێشتر بۆ هەر یەکێک لە فیلمەکانی (What‌s Eating Gilbert Grape) و (The Aviator) و (Blood Diamond) و (The Wolf of Wall Street) پاڵێورابوو بۆ خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر، بەڵام هیچ ساڵێک خەڵاتەکەی بەدەست نەدەهێنا و خەریکبوو دەبووە گاڵتەجاڕی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.

گرنگیدانی زۆری دیکاپریۆ بە ڕۆڵەکەی سەرنجی زۆرێک کەسی ڕاکێشابوو، دەوترێت لە میانەی ڕۆڵەکەیدا دیکاپریۆ پێویستبووە چەندین کاری قێزەون ئەنجامبدات وەک خواردنی جگەری کاڵی گامێش و نووستن لە کەوڵی ئاژەڵدا.

هەر لە میانەی مەراسیمەکەدا، خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەریش بەخشرایە بریی لارسۆن ی‌ تەمەن 26 ساڵ بۆ فلیمی (Room) .



هەروەها ئەلیخاندرۆ گۆنزالێزی مەکسیکی خەڵاتی باشترین دەرهێنەری پێبەخشرا بۆ فلیمی (The Revenant). ئەمە دووەمین ساڵە لەسەر یەک کە ئەلیخاندرۆ گۆنزالێز خەڵاتی ئۆسکار دەباتەوە.



خەڵاتی باشترین فلیمی ساڵیش بەخشرایە فلیمی (Spotlight).

خەڵاتی باشترین فلیمی ئەنیمەیشن بەخشرایە فیلمی (Inside Out)

فلیمی (Son of Sul) خەڵاتی باشترین فلیمی نێودەوڵەتی پێبەخشرا.

خەڵاتی باشترین میوزیکی گۆرانی بەخشرا بە هونەرمەند سام سمیت بۆ گۆرانی (The Writings on the wall) لە فلیمی سپێکتەر.

















خەندان
Top